سەنتەری میترۆ: داوادەکەین رۆژنامەڤان شێروان شێروانی دەستبەجێ ئازادبکرێت




رووداو دیجیتاڵ

رێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی رۆژنامەنووسان رایگەیاند "رۆژنامەڤان شێروان شێروانی لە شاری هەولێر دەستگیرکراوە" و داوادەکەن "دەستبەجێ ئازادبکرێت".
 
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 7-10-2020 رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی رۆژنامەڤانان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژنامەڤان شێروان شێروانی لە کۆمەڵگەی سێبیرانی سەر بە پارێزگای هەولێر لەلایەن "هێزێکی پۆلیسەوە" دەستگیرکرا.
 
رەحمان غەریب بە رووداوی گوت، هۆکاری دەستگیرکردنەکەی نازانرێت بەڵام دەکرێت بە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن یان بە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ی 1969ی هەموارکراو دەستگیرکرابێت.
 
رێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی رۆژنامەڤانان گوتیشی، لەگەڵ ئەوەدا نین کەس لەسەر نووسین و رەخنە دەستگیربکرێت و داواکارین رۆژنامەڤان شێروان شێروانی "بە کەفالەت و دەستبەجێ ئازادبکرێت".
 
رەحمان غەریب باسی لەوەش کرد، شێروان شێروانی پێشتر چەند سکاڵایەکی لەسەربووە، چاودێرییان کردووە و چەند کەیسێکی هەبوون و دەشڵێت، وا دەردەکەوێت "بەدوای بیانوویەکدا گەڕابن" بۆئەوەی جارێکی دیکە دەستگیری بکەن.
 
هەروەها ئەوەشی خستەڕوو "دادگاکان و حکومەت لە رابردوودا پەنایان بۆ یاساکانی دەرەوەی رۆژنامەگەری بردووە و گەڕاون بەدوای بڕگەیەکی یاسایی کە سزاکەی تووندبێت و نووسەر و رۆژنامەڤانانی پێ دەستگیربکەن".
 
لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا چەند رێکخراوێکی نێودەوڵەتی راپۆرت و راگەیێندراویان لە بواری ئازادیی بیروڕا و رۆژنامەگەری هەبووە. رێکخەری سەنتەری میترۆ گوتی "بۆئەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان وێنەی هەرێمی کوردستان خراپ نیشان نەدەن، دەبێت بیر لەوە بکرێتەوە کە مەودای ئازادیی رۆژنامەگەری و بیروڕای ئازاد بەرفراوانتر بکرێت".



PM:11:44:07/10/2020




ئه‌م بابه‌ته 836 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌