وەزیری رۆشنبیری: رێكخستنەوەی ژمارەی سپاردن، سانسۆر نییە




ئەمرۆ لە دیدارماندا لەگەڵ وەزیری رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان حەمەی حمە سەعید، باسمان لە نیگەرانییەكانی سەنتەری میترۆو داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ و ئازادییەكان كرد دەربارەی "فەرمانی وەزاری" تایبەت بە ژمارەی سپاردن" كە لە 4ی ئەیلول دەرچووە، هەروەها داخستنی ئۆفیسی ئین ئارتی لە هەولێرو دهۆك.
سەرەتا رێكخەری سەنتەری میترۆ تیشكی خستە سەر ئامانجەكانی سەنتەر و ئەو چالاكییانەی بۆ بەرجەستەكردنی ئەو ئامانجانە رێكدەخرێن، لەوانە راپۆرتی رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی، گۆڤاری ژن، راپۆرتە وەرزییەكان، راپۆرت و لێكۆڵینەوەی تایبەت بە رۆژنامەگەری .
بەشێكی گفتوگۆكان تایبەت بوون بە نیگەرانی و نارەزایەتییەكان لەسەر فەرمانی وەزاری 4ی ئەیلولی 2020 تایبەت بە ژمارەی سپاردن و داخستنی ئۆفیسەكانی كەناڵی ئین ئارتی لە هەولێرو دهۆك
وەزیری رۆشنبیری بە وردی تیشكی خستە سەر بەندەكانی "یاسای چاپەمەنی هەرێمی كوردستانی عێراق" كە لە مادەی دووەمیدا هاتوە: چاودێری (رقابە) لە هەرێمدا ناخرێتە سەر چاپەمەنی و هەر هاوڵاتییەكی سەربەستە لە دەركردنی هەر چاپەمەنییەكدا بە پێی حوكەمەكانی ئەم یاسایە. هەروەها لە مادەی نۆیەمیدا ئاماژە بەوە كراوە بڵاوكردنەوە لەو بابەتانە قەدەغەن كە هانی كردنی تاوان و كاری تیرۆریستی یان ناوزڕاندن یان دەستدرێژین بۆ سەر حورمەتی ئاین و مەزهەبەكان.
وتی " سەرباری ئەم دەقانە كە زۆر روونن لە وەزارەتەكەی ئێمە نە سانسۆرو نە قەدەغەی چاپەمەنی هەبووە" چەختیكردەوە " ئێمە لیژنەكانی پێدانی ژمارەی سپاردنمان فراوانتركرد ئێست ابەرێوەبەرێتی كتێبخانە گشتییەكانی لە پارێزگای هەڵەبجەو ئیدارەی سەربەخۆكان دەتوانن ژمارەی سپاردن بدەن"
وەزیری رۆشنبیری باسی لەوەكرد دەمانەوێ ریزبەندی ژمارەی كتێبە چاپكراوەكان، واتە ژمارەی سپاردن لە سەر ئاستی كوردستان رێكبخرێتەوە بە شێوەیەك لەسەر ئاستی كوردستان بزانرێت ژمارەی سپاردن گەیشتووە بە چەند وتی" من 40 ساڵە بۆ ئازادی خەباتم كردووە دڵنیابن كارێك نابینن دژ بە پرەنسیپەكانی خۆم و حزبەكەم بێت"
ئەوەشی رەوونكردەوە كە رێنایی ژمارە (6) كە من ئاماژەم پێكردوە نە لە زەمانی من لە زەمانی ئەم كابینەیە دەرچووە، كە ئەویشی پشتی بە یاسای چاپەمەنی ساڵی 1993 بەستتوە، ووتی" لە بری قسەكردن لە سەر رێنمایی وەزاری هەقە قسە لەسەر گۆرینی ئەو بەندانە بكرێت كە كۆتوبەندی بۆ ئازادی بڵاوكردنەوە داناوە"
هەروەها دەربارەی داخستنی ئۆفیسەكانی كەناڵی ئین ئارتی وتی" من وەڵامی ئەوەم داوەتەوە كە وەزارەت پەیوەندی بە داخستنی ئۆفیسەكانی ئین ئارتی نییە بەڵكو ئەوە پەیوەندی بە وەزارەتی ناوخۆوە هەیە"



PM:05:28:15/10/2020




ئه‌م بابه‌ته 420 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌