پەیامنێری رووداو لەبەغدا و کامێرامانەکەی ئازادکران




رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی لەکاتی رووماڵی هێرشکردنەسەر لقی 5ـی پارتی لە بەغدا، هەڵکەوت عەزیز و کامێرامانەکەی لەکاژێر 11:00 رفێندران، دوای نزیکەی سێ کاژێر ئازادکران.
 
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو دوای ئازادکردنی لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ رووداو گوتی، لەلایەن پۆلیسی فیدراڵی و هەواڵگرییەوە دەستگیرکراین و سووکایەتییەکی زۆرمان پێکرا، بەو مەرجەش ئازادکراین کە بڵێین مامەڵەی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵمان باش بووە و پەنجەمۆریشیان پێکردین.
 
هەڵکەوت عەزیز هەروەها گوتی، تەنیا ئێمە وەک تیمی رۆژنامەڤانیی لەشوێنی رووداوەکە دەستگیرکراین کە چەندین کەناڵی دیکەی سەر بە گرووپەکانی حەشی شەعبی لەوێ بوون و هیچیان پێ نەگوترا. 
 
کاژێر 10:00 بەیانی تۆڕی میدیایی رووداو دەستی بە رووماڵی هێرشی لایەنگرانی حەشدی شەعبی بۆ سەر بارەگای لقی 5ـی پارتی لە بەغدا کرد و هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو و کامێرامانەکەی رووداوەکانیان دەگواستەوە.
 
لەکاژێر 11:00 تۆڕی میدیایی رووداو پەیوەندیی لەگەڵ پەیامنێر و کامێرامانەکەی پچڕا. دوابەدوای ئەوە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند،  ‎کاژێر 11:00ی ئەمڕۆ 17ی ئوکتۆبەری 2020 ، هێزێکی چەکدار کە خۆیان بە (قوات حفڤ النڤام) ناساندووە ، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو (هەڵکەوت عەزیز) و کامێرامانی رووداو (خەتاب عەجمی)یان لە بەغدا رفاند لەکاتی رووماڵکردنی سووتاندنی بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان. 
 
‎هەروەها تۆڕیی میدیایی رووداو داوای لە حکومەتی فیدرالیی عێراق کردبوو "یەکسەر هەوڵی دۆزینەوە و ئازادکردنی هەردوو  هاوکارەکەمان بدەن، چونکە پاراستنی گیان و ئازادی کارکردنیان بەرپرسیارێتی حکومەتە".


PM:02:20:17/10/2020




ئه‌م بابه‌ته 456 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌