دەمکوتکردن و راوەدونانی رۆژنامەڤانان لە عێراق بەچڕی سەرهەڵدەداتەوە




رووداو دیجیتاڵ
 
جارێکی دیکە، لیستەکانی تیرۆرکردن و کردەی رفاندن، پاکتاوی جەستەیی و دەمکوتکردن، بەرۆکی رۆژنامەڤانان و چالاکڤانانی عێراقی گرتەوە. ئەمەش سەریکێشاوە بۆ دانانی عێراق لە پلەی 162ی نێو لیستی پۆلێنبەندی جیهانی بۆ ئازادیی رۆژنامەڤانی جیهان لە ساڵی 2020دا.
 
راپۆرتێکی نوێی 'کۆمەڵەی بەرگری لە ئازادیی رۆژنامەڤانی' دەڵێ، عێراق لە ساڵانی رابردوودا، پاشەکشەی بەرچاوی ئازادییەکانی بەخۆوە بینیووە، بەتایبەت دوای شۆڕشی تشرینی ساڵی 2019. ئەوکات  373 حاڵەتی دەستدرێژی بۆ سەر رۆژنامەڤانان لە وڵاتەکدا تۆمارکران، کە کردەکانی تیرۆرکردن، هەڕەشەی کوشتن، رفاندن و هێرشە چەکدارییەکانی بۆ سەر هەندێک لە دامەزراوە میدیاییەکان گرتەوە. بەتایبەت لە باشووری وڵاتەکە کە بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵی میلیشیاکاندایە.
 
ساڵی 2020، هەڵمەتەکانی پاکتاوی رۆژنامەڤانان تووندتربوو، بەتایبەت پاش کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، لە گورزێکی مووشەکیی ئەمریکادا لە بەغدا. ئەو رووداوە هەڵمەتی سەرکوتکردن و رفاندنی ژمارەیەکی گەورەی چالاکڤانانی بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام حکومەتی عێراق تائێستا دەستەوسانە لە دیاریکردنی چارەنووسی ئەوان و سنوودارکردنی ئەو پێشێلکارییانەی، هەموو ئەوانە دەگرێتەوە کە دژی هەژموونی ئێران لە وڵاتەکەدا دەوەستنەوە.
 
بەردەوامبوونی پرۆسەکانی سەرکوتکردن بەبەکارهێنانی توندوتیژی، وای لە زۆر رۆژنامەڤان کرد، شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان بگۆڕن، بەتایبەت دوای کوژرانی هیشام هاشمی، توێژەری ستراتیژیی بواری ئاسایش، کاتێک ئەو لە حوزەیرانی رابردوودا لەبەردەم ماڵەکەی خۆی لە سەنتەری بەغدا، درایە بەر دەستڕێژی گوللە.
 
سەرکوتکردن بە شێوەی جیاواز
 
سەیفەدین عەلی، چالاکڤانی میدیایی، بە 'حورە'ی راگەیاندووە، "هۆکارەکانی کوشتنی ئازادی فرەتر و جیاوازتربوون، لەگەڵیدا کەرەستە کۆنەکانیش بەردەوامن وەک رفاندن، کوشتن، گرتن و لێدان". روونیکردووەتەوە، "حیزبەکان پەنایان بردووەتەوە بەر شێوازی خیانەتبارکردن و بەکرێگرتە ناوبردن، بۆ ئەو کارە، پشت بە سوپایەکی ئەلیکترۆنی تایبەت بەخۆیان دەبەستن".
 
ئەو پێیوایە: "میلیشیاکان و حیزبەکان، دەسەڵاتی خۆیان بەسەر میدیادا دەسەپێنن، بۆ برەودان بەبیرۆکەکانیان و هێرشکردنە سەر دژەکانیان". 
 
ئەو هەڵوەستەی لە دوایین پێشێلکارییەکانی بەرامبەر ئازادیی رادەربڕین و گوزارشتکردووە، بیریهێناوەتەوە "دەستدرێژی مانگرتووان لە نزیک دەرگای ناوچەی سەوز لە 18ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، هەروەها دەستگیرکردنی ئەندازیارە مانگرتووەکان لە پارێزگای میسان لەهەمان رۆژدا، ئەمە جیا لە دەستدرێژی لە کەربەلا، بۆ سەر رێڕۆیشتووانی شەهیدانی شۆڕشی تشرین، بەرلەویش رفاندنی سەجاد عێراقی، چالاکڤان".
 
کۆچی رۆژنامەڤانان و هەڕەشەی میلیشیاکان
 
بەهۆی ئەو رووداوانەوە، هەندێک لە رۆژنامەڤانان و چالاکڤانان، روویان لە تاراوگە کرد، ئەوێیان کردە سەکۆیەک بۆ تۆمارکردنی پێشێلکارییەکان دوور لە هەژموونی میلیشیاکان و پرۆسەکانی سەرکوتکردن، کاریانکرد بۆ ئاشکراکردنی دۆسێیەکانی گەندەڵی و بابەتە ئاڵۆزەکانی دیکەی عێراق، دیارترینیان دۆسێی ئاوارەکان و چەکی لەدەستدەرچوو.
 
زیاد سنجەری، گوتەبێژی رووانگەی 'ئەفاد' کە پێگەیەکی میدیاییە و لە دەرەوە پەخشدەکات، دەڵێت، "باڵادەستبوونی حیزبەکان و میلیشیا چەکدارییەکان، پشتی بەدەمکوتکردن و تۆقاندنی دەنگەکانی دیکە و بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکانی رادەربڕین بەستووە و چەندین ساڵە ئەوە روودەدات".
 
ئەو زیاتر دەڵێت: "دەبێ بەبیری بهێنینەوە، لە نووسینگەی کەناڵە ئاسمانییەکان و ئاژانسە هەواڵییە بیانییەکان و رۆژنامەکاندا چی روویداوە، هەندێکیان رووبەڕووی سووتاندن و وێرانکردن لەسەردەستی میلیشیاکان بوونەوە، هەندێکی دیکەیان هەڕەشەیان لێکرا، پاڵیان پێوەنرا بۆ ئەوەی لە بەغداوە کۆچ بکەن بەرەو هەولێر، هەندێکی دیکەشیان گواستیانەوە بۆ ئوردن و لوبنان، لەپێناو بەردەوامیدان بەرووماڵی رووداوەکانی عێراق و دۆزینەوەی هەواڵەکانی ناو عێراق لەوێوە".
 
سنجەری ئاشکرای کرد لە ساڵی 2020دا زیاتر لە 23 رۆژنامەڤان و بلۆگەر "کوژراون و رفێنراون". سەرنجی بۆ ئەوە راکێشاوە، "رۆژنامەڤانان و چالاکڤانانی دژە میلیشیاکانی سەر بە ئێران و ئەوانەی دۆسێیەکانی گەندەڵی و پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ دەوروژێنن، ئامانجی سەرەکی ئەو لایەنە چەکدارییانەن، کە هەڕەشە لە دەوڵەت دەکەن و هاوکات مانگانەش مووچەی لێوەردەگرن".
 
ئەو رۆژنامەڤانە پێیوایە حکومەتی کازمی بێدەسەڵاتە لە پێشکێشکردنی هەر دەستبەرییەکی راستەقینە، کە ببێتە هۆکاری ئازادیی را و رادەربڕین: "لەبەرئەوەی حکومەت خۆی بە دەسەڵاتی گرووپە میلیشیاییەکان، پەلبەستکراوە". روونیدەکاتەوە: "هەمووان لە عێراقدا دەزانن کێ مووشەکبارانکردنی فڕۆکەخانەکان و بنکە سەربازییەکان دەکات و نێردە دبلۆماسییەکان بەئامانج دەکات، ئەوانەی ئەوە دەکەن، میلیشیاکانی سەر بەئێرانن".
 
سنجەری وایدەبینێت حکومەت تێوەگلاوەکان لە کوشتنی چالاکڤانان و رفاندنیان دەناسێت، پێویست بەدروستکردنی لیژنەی لێکۆڵینەوە ناکات، بەڵام حکومەتی کازمی بێدەسەڵاتە لە ناوهێنانیان، یان تەنانەت لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا، چونکە ئەوان دەسەڵاتی چەکێکی رۆچووی ناو کۆمەڵگەن، دەکرێ بەنەخۆشییەکی گەورەی دەوڵەتی عێراق ناویببەین، کە هیچ کەمتر نییە لە مەترسییەکانی نەخۆشییەکەی پێشووی دەوڵەت (رێکخراوی داعش).
 
روانگەی ئەفاد  لە 40 رۆژنامەڤان و توێژەر پێکهاتووە، باس لە کەیسە مرۆییەکانی سەر گۆڕەپانی عێراق دەکات، لەگەڵ دەستنیشانکردنی پێشێلکاری و سەرپێچییەکان لە رێگەی کۆکردنەوەی زانیاری و دۆکۆمێنتەکان، کە باس لە دۆسییەکانی مافی مرۆڤ و گەندەڵی و چەکی لەدەستدەرچوو دەکەن، ئەمە جیا لە  پرۆسەکانی دەرکردن و ئاوارەبوون، بەپێی ژمارە و داتا مەیدانییەکان.
 
جۆکەر هەڕەشە لە هەمووان دەکات
 
لە چەند رۆژی نزیکی رابردوودا، ژمارەیەک چالاکڤانی عێراق، گرتەیەکی ڤیدیۆییان بڵاوکردەوە، کە تێیدا کەسایەتی پاڵەوانی فیلمی بەناوبانگی هۆلیوود 'جۆکەر' دووبارەکراوەتەوە و هەڕەشەی کوشتن لەو چالاکڤان و میدیاکارانە دەکات، کە وێنەکانیانی پێشانداوە.
 
میدیاکارە عێراقییەکان ترسی خۆیان لە سەرهەڵدانەوەی فراوانی پرۆسەکانی کوشتن و تیرۆرکردنی خۆیان، لە دوای ڤیدیۆکەوە پێشانداوە، بەتایبەت کە پێشتر رۆژنامەڤانەکانی ناو گۆڕەپانی تەحریر، لەکاتی خۆپێشاندانەکانی ساڵی رابردوودا، بەفراوانی رووبەڕووی هێرش و رفاندن و کوشتن بوونەوە.
 
کۆمەڵەی 'ئەمەل'، بەئاژانسی دەنگوباسی 'رۆیتەرز'ی راگەیاندووە، لە ماوەی ساڵی رابردوودا، لانیکەم 44 کردەی رفاندن و 74 هەوڵی کوشتن لە دژی چالاکڤانان روویداوە، کە زۆرینەیان لە بەغدا و باشووری وڵاتەکە بوون.
 
لە تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە، کۆمەڵەکە  39 رووداوی کوشتنی تۆمارکردووە. حەسەن وەهاب، ئەندامی کۆمەڵەی 'ئەمەل' ئاشکرایکردووە، لەگەڵ هەڵچوونی خۆپێشاندانەکاندا، تووندوتیژییەکان پەرەیانسەندووە، زۆریان هەڕەشەیان لێکراوە و بەناچاری روویان لە دەرەوەی عێراق کردووە.
 
پێدەچێ پۆلیسی عێراق توانای پاراستنی رۆژنامەڤانە هەڕەشەلێکراوەکانی نەبێت. ئاژانسی 'رۆیتەرز' ئاشکرایکردووە، پێنج رۆژنامەڤانی هەڵهاتوو لە عێراقەوە بەهۆی هەڕەشەی کوشتنەوە، دوای ئەوەی پۆلیسیان لە هەڕەشەکانی سەریان ئاگادارکردووەتەوە، پۆلیس ئامۆژگاریکردوون وڵاتەکە بەجێبهێڵن،، بێپەردە پێیگوتوون، توانای پاراستنی ئێوەمان نییە.
 
وێڕای بەڵێنەکانی حکومەتی کازمی و خودی سەرۆکوەزیران، بە پاراستی رۆژنامەڤان و چالاکڤانەکان و ئاشکراکردنی بکوژانیان، تائێستا هیچ پێشڤەچوونێک لەو دۆسێیانەدا روویاننەداوە، بەپێچەوانەوە لە دوای دەستبەکاربوونی کازمییەوە، زنجیرەیەک کردەی کوشتن، لە دژی رۆژنامەڤان و چالاکڤانەکان روویانداوە و هێشتا بکەرەکان دیار نین و ئاشکرا نەکراون.
 
محەمەد دەهامات، برای یەک لە چالاکڤانە تیرۆرکراوەکانی شاری عەمارەیە. ئەو بێئومێد بووە لەوەی حکومەت بکوژی براکەی بۆ بدۆزێتەوە. ئەو بۆ 'عەرەبییە' دەڵێ پێیانگوتین لە ماوەی سێ مانگدا، بکوژەکانی ئەمجەدی برام ئاشکرا دەکەن، کەچی ئەوە چوار مانگ تێپەڕیوە و هیچمان بەدەستنەگەیشتووە.
 
کەی عێراق رۆژنامەڤانەکانی دەپارێزێت؟
 
سەرهەڵدانەوەی تووندوتیژی و هەڕەشەکان لەبەرامبەر رۆژنامەڤانەکاندا، جارێکی دیکە بەدەنگهاتنی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی لێکەوتەوە، کە ترسیان لە دۆخی رۆژنامەڤانانی وڵاتەکە هەیە.
 
رێکخراوی 'هیومان رایتس وۆچ' پرسیویەتی "کەی عێراق دەستبەپاراستنی رۆژنامەڤانەکانی دەکات؟".
 
رێکخراوە رایگەیاندووە سکاڵای چەندین رۆژنامەڤانی هەڕەشەلێکراوی وڵاتەکەی بینیووە، لە نێویاندا سێ رۆژنامەڤانی کەناڵی 'دیجلە' کە لە ماوەی پێشوودا بارەگاکەی لەبەغدا لەسەردەستی میلیشیاکان، سووتێنرا.
 
ئەو سێ میدیاکارە بەرێکخراوەکەیان راگەیاندووە لە رێگەی تەلەفۆن و سۆشیال میدیاوە هەڕەشەیان لێکراوە، چەکدارەکان بەشوێنیاندا گەڕاون و ناچاربوون بەئاشکرا دەستلەکارکێشانەوە لە کارەکانیان رابگەیەنن لە رێگەی فەیسبووکەوە.
 
ئەوان بە 'هیومان رایتس وۆچ'یان راگەیاندووە، دەستلەکارکێشانەوەش لە کارەکانیان بەهانایانەوە نەهاتووە و هەڕەشەکانی سەریان بەردەوام بووە، بۆیە بەناچاری وڵاتەکەیان بەجێهێشتووە.
 
رێکخراوەکە هەڵوەستەی لەسەر ئەوە کردووە کە حکومەتی عێراق، هیچ تۆمەتبارێکی ئەنجامدەری سووتاندنی کەناڵی 'دیجلە'ی رانەگەیاندووە. لە کاتێکدا شەش کارمەندی کەناڵەکە خۆیان شاردووەتەوە و ناوێرن شوێنی خۆیان ئاشکرا بکەن.
 
پێشتر رێکخراوی 'رۆژنامەڤانانی بێسنوور' ئاشکرایکردبوو لەسەرەتای 2020ەوە، چوار رۆژنامەڤان لە عێراقدا کوژراون.




PM:12:38:21/10/2020




ئه‌م بابه‌ته 468 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌