لە یەک رۆژدا بەهای پشکەکانی مێتا بەڕێژەی 19٪ دابەزی




سەرەڕای بەرزبوونەوەی قازانجی فەیسبووک لە چارەگی یەکەمی ئەم ساڵدا، بەهای پشکەکانی کۆمپانیای مێتا لەدوای لێدوانێکی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە بەڕێژەی 19٪ دابەزی.
 
مێتا کۆمپانیای دایکی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک و ئیستاگرامە، لە دوای لێدوانی مارک زوکەربێرگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکار و دامەزرێنەری ئەو کۆمپانیایە، بەهای پشکەکانی بەڕێژەی 19٪ دابەزی.
 
کۆمپانیای مێتا لە چارەگی یەکەمی ئەمساڵدا 12.4 ملیار دۆلار قازانجی پوختەی هەبووە، کە بەڕێژەی 27٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
 
بەرزبوونەوەی قازانجی کۆمپانیای مێتا بەزۆری لەڕێگەی ریکلام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانییەوە بووە.
 
سەرەڕای ئەو بەرزبوونەوە بەرچاوە، لێدوانەکانی مارک زوکەربێرگ کە رایگەیاندبوو؛ وەبەرهێنانی زۆریان لەسەر هەندێ ئامێری وەک کڵاوەی مێتاڤێرس و ئامێرە تەکنەلۆجییەکانی دیکە کردووە و، هێشتا نەبوونەتە پارە و داهات بۆ کۆمپانیاکە، بەهای پشکەکانی بەڕێژەی 19٪ دابەزاند.
 
قسەکانی دوێنێی زووکەربێرگ بوونە هۆی دابەزینی بەهای پشکەکانی کۆمپانیاکە بەو رێژەیە و زیانی 200 ملیار دۆلاری لە کۆمپانیاکە دا.
 
هەر پشکێکی مێتا ئێستا بە 493 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت و بەهای ئەو کۆمپانیایە 1 تریلیۆن و 250 ملیار دۆلارە.

-Rudaw



AM:11:22:25/04/2024




ئه‌م بابه‌ته 192 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌