بەیادی "بە قوربان"ە کانت... یادت دەکەم..!
كامه‌ران سوبحان
تەنها لە رێگەی کتێب و نووسین و هەندێجاریش لەسەر زمانیی هاوڕێکانتەوە، ناوم بیستبوویت. دوو ساڵ لەمەوبەر، بەڕێکەوت لە بەرلین لەگەڵ د.سەروەر عەبدوڵڵا میواندارییەکی شایستەت کردین. بە کەمێ لەترس و شەرمەوە ڕازیبووم لەگەڵ د.سەروەر بێینە ئەو کافتریایەی جەنابتی لێبوو.. چونکە بیستبووم، چەند راشکاو و چەند هەستیاریی لە بۆچوون و بیرکردنەوەکانتا. منیش هەمیشە ئەو نووسەرو هونەرمەندانەی بەم جۆرە بیردەکەنەوەو هەستیارن،. زۆر خۆمیان لێدەپارێزم. حەزدەکەم تەنها لە ڕێگەی بەرهەمەکانییانەوە بیانناسم، نەک لە نزیکەوە بەریانکەوم.!

د. سەروەر بە زمانە هێمنەکەی خۆی: "نا..نا ... سوبحان، وا مەبە، تۆ دەبێ ئەم مرۆڤە پاکە بناسیت و کارت پێیان دەبێ.!" ئەو ئێوارەیە ڕۆشتین، تا گەیشتینە جێی ژوان.. د.سەروەر ئامۆژگاریی کردم. چۆن قسە بکەم، چۆ گوێ بگرم، چ جۆرە پرسیارێ بکەم...هتد. لەوێ تەنها نەبوو، یەک دوو نووسەری تری پارچەکانی تری کوردستان لەگەڵی دانیشتبوون. کە سڵاومانکرد، بە پێکەنینەوە باوەشێکی پایکردم و سوپاسی کردم. وتی :(ماوەیەک لەمەوبەر عەزیەتت کێشا، کاک سەڵاح کتێبەکەی تۆی بۆ هێنام.! بیرم نەبوو، پێش ئەم یەکتر بینینە، کتێبێکی خۆمم بە دیاری بۆ ناردبوو.! لەو دانیشتنەدا زیاتر لە سێ سەعات گفتوگۆمانکرد. دواتر کە هاتینە دەرەوە، ئاسمانی بەرلین تاریک و نمە نمەی باران ڕیتمێکی جوانیی درووست کردبوو.! لەو دانیشتنەدا، چەند شتێ سەرنجی ڕاکێشام، دیارترینیان ئەو کەسانەی دانیشتبوون، لەگەڵ د.جەمال نەبەز هەمویان، بە یەک رتمی ناسیۆنالیزمیی توند قسەیان دەکرد، من بە پێجەوانەیانەوە، دژ بەو بیرکردنەوانەبووم و دەموت: (مرۆڤ لە نەتەوەش گەورەترە، دەبێ مرۆڤ سەنتەری بیرکردنەوە بێت، نەک نەتەوە و نیشتمان و خاک.!) دەمزانی زۆریان پێناخۆشە من وا بیردەکەمەوە.!

د.جەمال نەبەز، لە قسەکردنەکاندا، زوو زوو دەیوت: "نا نا بەقوربان" وانییە و تۆ هەڵە تێگەیشتوویت.د.سەروەریش لە تەنیشتمەوە، جار جارە، سیخورمەیەکی لێدەدام. بەڵام لەراستیدا نەمدەتوانی بۆچوونی خۆم بشارمەوە.! ئەویش ڕێزێکی زۆری لێگرتم، چ لە خۆم چ لە بۆچوونەکانم...

پاش چەند مانگێکی تر، جارێکی تر، لەگەڵ د. یوسف و کاک دلێر ماوەتی، لە بەرلین بینیمانەوە. ئەم دووەم بینینەوە، یەکتر بینێکی فەرمیی بوو. ماوەیەکی زۆر دانیشتین پێکەوە، بە وردی باسی بیرەوەرییەکانی خۆی بۆ کردین. کە ئەو کات هێشتا چاپ نەکرابوو.! لە تیشکی گێڕانەوەکانی خۆیەوە، من هەندێ ڕەخنەم لێگرت! بەڵام وەک هەمیشە و زمانەکەی خۆی دەیوت "نا..نا بەقوربان" وانییە و من لە تۆ زیاتر دنیام بینیووە.! هەستێکی سەیریی کورد بوون، لە ناخ و یادەوەریدا هەبوو. لەگەڵ ئەوەی نزیکەی ٦٠ ساڵ کوردستانی جێهێشتبوو، بۆ یەکجاریش نەگەڕابوویەوە.! ئەمە پرسیارێکی بەردەوامی خەڵک و خوێنەرەکانییەتیی. من ئەو پرسیارەم لێکرد! هەرچەندە لە ماڵەکەی خۆیدا بوو، هاوڕێکەی و د.سەروەر و کەنار خانی هاوژین و د.یوسفیش دانیشتبوون، پێشتر ئەم پرسیارە هەر کەس بیکردایە، جەمال نەبەز نیگەران دەبوو، بەڵام ئەو لەبری وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەی من کە بۆ نەگەڕاوەتەوە بۆ کوردستان بۆ یەکجاریش؟ دیدی خۆی سەبارەت بە هاتنی بۆ ئەوروپا و کاژیک و سەرکردەکانی کوردی بۆ باسدەکردم، بەتایبەتیش (مستەفا باررزانی، مام جەلال، مەسعود بارزانی، نەوشیروان مستەفا) چ ڕەخنەیەکی لێیان هەبووەو لە کوێدا سەرکەوتوبون و لەکام هەنگاوەدا، ئەم ڕەخنەی لێگرتوون.!

پاشتریش جارێکی تر، لە "پێشانگەی کتێبی نێودەوڵەتی فرانکفۆرت" یەکترمانبینییەوەو زۆر قسەمان لەسەر کتێب و زمان و وشەی کوردییی کرد. زۆر جار و لە زۆر کاتیشدا، لە فەیسبوک نامەمان بۆ یەکتر دەنارد.!

ئەم چێشتەنگاوەی ئەمڕۆ، کە هەواڵەکەم بیست، چەند خولەکێکی کەم بوو، ڕۆحت لە غەریبیی نیشتماندا دەرچوو بوو.! چەند ڕۆژنامەنووسێ تەلەفونیان بۆ کردم، نەمدەزانی چی بڵێم و چۆن وەڵام بدەمەوە. زەنگێکم بۆ د. سەروەر لێدا، بە دەنگێکی زۆر هێواش و غەمگینەوە وتی "ڕاستە.. ئێستا گیانی سپارد.!" بەڕاستی مەرگێکی ڕاچڵەکێن و غەمگین بوو... "بە قوربان" یادت دەکەم د. جەمال نەبەز... ڕۆحت شاد و گۆڕت پڕ لە نوور و ئارامیی بێت.


AM:05:39:09/12/2018