ساڵی 1951 كە لە خانەی بەرزی مامۆستایان(دار المعلمین العالیە) بووم لە بەغدا. هەموو ئێوارەیەك بە پێ ئەچووم بۆ (بابولموعەزەم) بۆ بەشی ناوخۆی كۆلێجی ئەندازیاری بۆ دیداری دوو هاوڕێم لە منداڵی یەوە كە د. جوامێر مەجید سەلیمو شەهید دارا توفیق بوونو قوتابیی كۆلێجی ئەندازیاری بوون.
هەردوكیان باسی مامۆستایەكی خۆیانیان دەكرد كە ناوی(ئیحسان شێرزاد)ەو هەموو قوتابی یە كوردیەكانی كۆلێج كۆ ئەكاتەوە، كە زۆر نەبوون چی گیروگرفتێكیان هەبێ بۆیان چار دەكات. من هەر ئەو كاتە مامۆستا ئیحسان شێرزادم ناسی. گوێم لە ئامۆژگاری یەكانی گرت، هەر ئەو كاتە لە مامۆستا رەفیق حیلمیم بیست كە مامۆستا ئیحسان شێرزاد ئەندامی حیزبی (هیوا) بووە.
كە (كۆڕی زانیاریی كورد) دامەزرا، سەرەتا لە ئێمە واتە: ئەو لاوانەی بەڵگەنامەی كوردیمان هەبوو كەسی تێدا نەبوو دیارە ئێمە حسابی پسپۆریمان دەكردو ئەوان حسابی (تەمەن) یان دەكرد، دووایی-دوكتۆر كەمال مەزهەریان بە سیفەتی ئەمینداریی گشتیو كاكە حەمەی مەلا كەریمیان بە سیفەتی كرێكار برد كە هەموو ئیشێكی كوردیی بۆ ئەكردن. مامۆستا ئیحسان شێرزاد ناردی بە دووای منو دوكتۆر مارف خەزنەدار بۆ بیرۆی ئەندازیارانی خۆی-كە ئێواران لەوێ بوو.داوای لێكردین ئێمەیش ببینە ئەندامی كۆڕ. د. مارف ووتی: بیری لێ ئەكەینەوە. كە هاتینە دەرەوە ئەو ووتی: من ناچم، تۆش ئارەزووی خۆتە. ئیتر منیش ووتم: دە منیش ناچم. كاك مارف ئەوەی زۆر پێخۆشبوو- لە زۆر شوێندا دەیووت: كاری خۆی دایە دەست من.
كە نوێنەرانی كورد هاتنە بەغدا بۆ دانوستاندنی پێش رێكەوتننامەی یانزەی ئازار. دوكتۆر مەحموود عەلی عوسمان كۆمەڵێك مامۆستای زانكۆی كۆ كردەوە بۆ پرسو ڕا. لە قسەدا ووتی: پێنج وەزیرمان دەدەنێ. من ووتم: ئەوانەی لێرەن هەریەكە بە جۆرێك لێرەوە كاری بۆ شۆڕش كردووە. با كەس دڵی لە خۆی دانەمێنێ- ئەو وەزیرانە لەوانە بن كە لە شاخ بوون. لە وەڵامدا ووتی: چواریان لەوانەی شاخ ئەبن مامۆستا ئیحسان شێرزاد نەبێ كە لە شار بووە. زۆرمان ئەوەمان لا سەیر بوو. دووایی یەكێك پێی ووتین: مامۆستا ئیحسان لە (لایەنێكی دەرەوە)وە پارەی بۆ شۆڕش پەیدا كردەوە.
ئەو ماوەیەش كە وەزیر بوو بۆ هەر كارێك چووبینە لای-یارمەتیی داوین. لە بیرمە هەر لەو ماوەیەی وەزیریی ئەودا- كۆمەڵێك كاری ناڕەوا لە كۆلێجی ئادابدا بەرامبەر بە منو دوكتۆر مارف كرابوو. چووینە لای-بڕیاری ئەوەی دا كە یارمەتیمان بداتو كۆمەڵی ئامۆژگاریی شارەزایانەی كردین.
ساڵی 1975 كە شۆڕش دەستی پێكردەوە زۆربەی خەڵك چوونەوە شاخ. وەك بیستم مامۆستا ئیحسان شێرزاد نەچۆتە شاخ، بەڵام هەڵوێستی هەر وەك خۆی وا بووە.