دەم بەستن یان پاراستنی گەل و نیشتیمان
د. شێرکۆ کرمانج
چەند ڕۆژێک پێش ئێستا وەزارەتی ڕۆشنبیری بڕیارێکی دەرکردوە (تەماشای هاوپێچ بکەن) بۆ چڕکردنەوەی سانسۆر لەسەر کتێب گوایە مەبەستیان پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتیمانو بەها پیرۆزەکانی کۆمەڵگەیە.
قسەکردن لەسەر دەقو کەسایەتییە دینییەکان لە دنیای ئێمە قەدەغەکراون. ساڵانێکیشە وا خەریکە قسەکردن لەسەر دەقو کەسایەتییە سیاسییو نەتەوەییەکانیش تەحریمدەکرێن. لێرە دەمەوێ قسە لەسەر چیەتیی پیرۆزکردنو دەرکەوتو دەرئەنجامەکانی بکەمو هەڵوەستەیەکیش لەسەر بۆیەتیی تێپەڕاندنی پیرۆزکردنی دەقو کەس بەرەو پیرۆزکردنی ژیان بکەم.
پیرۆزکردن شتێک نییە تایبەت بێت بە موسڵمانان یان کورد. پیرۆزکردنی دینییو دنیایی لەنێو زۆربەی کۆمەڵگەکانی دنیا بوونی هەبووەو هەیە. پیرۆزکردنی دینی بەزۆر شێواز دەکرێت لەوانە بەخواییکردنی دەقێک یان کەسایەتییەک. وەک ئەوەی دەگوترێت ئەم کتێبە لەلای "خوا"وە هاتوە یان ئەم کەسە نێردراوی "خوا"یە، واتە پێغەمبەرە. پیرۆزکردن بە خستنەدەرەوەی دەقەکان یان کەسایەتییەکان لە هەڵەش دەکرێت، بۆنمونە مەعسومکردنی ئیمامەکان لەلایەن شیعەکانەوە. بەهەمانشێوە، کاتێک کرستیانەکان بە ئینجیل دەڵێن کتابی پیرۆز (کتاب المقدس)، یان ئەوەی بەهاییەکان بە کتێبەکەیان دەڵێن کتێبی هەرەپیرۆز (کتاب الاقدس)، یان موسڵمانان بە کتێبەکەیان یێژن قورئانی کەریم، ئەمانە هەمووی نمونەی پیرۆزکردنن.
پیرۆزکردنی دنیاییش لە دنیای ئێمە ئامادەیی هەیە وەک پیرۆزکردنی ئۆجالان، بارزانی، مارکس، لینینو ماو سی تۆنگ. هەروەها، پیرۆزکردنی بیرۆکەگەلی وەک ناسیونالیزم، کۆمۆنیزمو ئیسلامیزم.
کێشەی سەرەکی لە پشت پیرۆزکردن ئەوەیە کە دەبێت بە هۆکارێک، پاڵنەرێک یان پاساوێک بۆ کوشتنی هەر کەسێک کە ڕەخنەیەک لە دەقێک یان کەسایەتییەکی پیرۆزکراو بگرێت، چونکە ڕەخنە لە پیرۆزکراو وەک سوکایەتیکردنو کوفری دینی یان دنیایی تەماشادەکرێت.
دەرکەوتێکی دیکەی پیرۆزکردن ئەوەیە کە پیرۆزکەر پیرۆزکراو دەکات بە پاساو بۆ ڕێگریکردنو قەدەغەکردنی ڕەخنە یان دروستکردنی دیوار لەپێش ڕەخنە، واتە کەسو دەقە پیرۆزکراوەکان دەخرێنە سەرویو یان دەرەوەی ڕەخنەوە. ئەمەش هەوڵێکە بۆ ڕێگریکردن لەبەردەم هەموارکردنی دەقەکان یان گۆڕینی کەسەکان.
لێرە دەبێت ئەوە بڵێین کە ڕێزلێنانو خۆشەویستی بۆ دەقێک یان کەسێک نابێت تێکەڵبکرێن لەگەڵ پیرۆزکردن. کەسایەتییەکانو دەقەکان دەکرێت پێگەی تایبەتییان لە کۆمەڵگەدا هەبێت. ئەم پێگەو ڕێزلێنانە نابن بە کێشە چونکە ترسەکە لە پیرۆزکردنەوە دەستپێدەکات.
پرسیاری سەرەکی ئەوەیە داخۆ دەکرێت پیرۆزکراوەکان لەپیرۆزیی بخەین. بەڵێ دەکرێت چونکە پیرۆزکراوەکان، لەپرۆسەیەکی کۆمەڵایەتی پیرۆزکراونو لە پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتیش دەکرێت لە پیرۆزیی بخرێن.
لەپیرۆزیی خستن مانای سوکایەتیپێکردنو بێڕێزیی نییە بە هیچ دەقێک یان کەسێک بەڵکو ڕوخاندنی ئەو دیوارانەیە کە لە دەوریان هەڵنجراوە. بەگشتی، بەس نەک بە ڕەهایی، لەپیرۆزیی خستنی دەقو ئایدیۆلۆجیاو کەسایەتییە غەیرە دینییەکان ئاسانترو ساناترە لە لەپیرۆزیی خستنی دەقو کەسایەتییە دینییەکان.
لە پەیوەند بەو گفتوگۆیانەی لەناو کۆمەڵگەی ئێمەشدا دەگوزەرێن دەکرێت بڵیین ئەو گوتارەی کە دەڵێت پیرۆزکردن زامنێكە بۆ پاراستنی ئازادی بیروڕاو بیروباوهڕو پاراستنی پیرۆزییه دینییهكان، ئەوە لە چەواشەکردنی ڕاستییەکانو ئەستورترکردنی دیوارەکانی بەردەم ڕەخنە هیچی دیکە نییە. هاوکات، هەندێک ڕەخنەکردن وەک بێڕێزیکردن به پیرۆزییه دینییەکان دادەنێنو ڕەخنەکان وەک هەڕەشە لەسەر ئاسایشی وڵاتو سەرچاوەیەکی توندوتیژیی دەناسێنن. ڕاست بە پێچەوانە، پیرۆزکردنو ڕێگریکردن لە ڕەخنە هەڕەشە لە ئاسایشی نیشتیمانییو کۆمەڵایەتیی دەکەنو بەرهەمهێنی سەرەکی توندوتیژییو تیرۆرن.
کێشەکە لەپیرۆزکردنە نەک ڕەخنەگرتن لە پیرۆزکراوەکان. گرفتەکە لە نەبوونی یاسایەکە کە ئازادی بیروباوەڕ بپارێزێت نەک لە نەبوونی یاسایەک بۆ پارێزگاریکردن لە پیرۆزییەکان. دەبێت دەقەکانو کەسەکان وەک بیرۆکە یان سەرچاوەی بیرۆکە تەماشابکرێن. واچاکە بیرۆکەکانو ئەو "راستیی"ـانەی لەخۆیاندەگرن وەک هەر ڕاستییەکی دیکەی نێو کۆمەڵگە ڕێژەییانە ببینرێن.
پرسیاری گرنگ ئەوەیە، ئەگەر دەقو کەسەکان پیرۆزنەکرێن داخۆ هیچ شتێک هەیە لە دنیای ئێمەدا کە پیرۆزبکرێت بۆ ئەوەی ببێتە بنەما بۆ ڕێزلێگرتنو پێکەوژیانی ئینسانەکان؟ من پێموایە ئەوەی دەبێت پیرۆزبکرێت ئەوە "ژیان"ـە. پیرۆزکردنی هەر شتێک بێجگە لە ژیان ئەگەری ئەوە دروستدەکات کە لەپێناو پیرۆزکراو پیرۆزکەر ڕەخنەگر بکوژێت.
گرنگی پیرۆزکردنی ژیان لەوەدایە کە ژیان ڕاستییەکی کۆمەڵایەتییە نەک وەک زۆربەی "ڕاستییەکانی" نێو دەقەکان کە دروستکراوی کۆمەڵایەتین (socially constructed). کاتێک کە ژیان پیرۆز دەکرێت ئەوە ژیانی ئەو کەسانەش پیرۆزدەکرێت کە پیرۆزکراون بەڵام نەک بیرۆکەو دەقو بەرهەمەکانیان بەڵکو ژیانو گیانیان. ژیان یەکێکە لە بەها هاوبەشە هەرە سەرەکییەکانی نێوان ئینسانەکان، ئەوە ئەگەر نەڵێین ژیان ڕاستییەکی ڕەهای بێڕاکەبەرە.
لە کۆتاییدا دەڵێم بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتیمان نەتەوە پێویستیمان بە لیژنەی سانسۆری کتێب نیە بەڵکو بە لیژنەی سانسۆری گەندەڵیو گەندەڵکاران هەیە. هاوکات ئەوەی شیرازەی کۆمەڵایەتی تێک دەکات کۆمەڵێک بەهای کۆنەپارێزی کۆمەڵاتیو دینین کە دەبێت ڕەخنە بکرێن نەک پیرۆز بکرێن. بۆیە ئەم بڕیارەی وەزارەتی ڕۆشنبیری نەک مەبەستەکەی ناپێکێ بەڵکو دەمی هەموو ئەوانە دەبەستێت کە قسە لەسەر ئەو کەسو لایەنانە دەکەن کە بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتیمانیان پشتگوێ خستوەو کردویانەتە قوربانی بەرژەوەندییە کەسیو حیزبییەکان.
-speemedia