لەچلەی ماتەمینی نووسەری دڵسۆز كاك عەباس بەدریدا
گەلاوێژ



لەمەرگی نووسەردا، قەڵەم بێ‌ ناز دەبێ‌، مەرەكەب دەڕژێ‌، سەر مێز خاڵی دەبێ‌، ڕەفەی كتێبخانە بێ‌ ناز ئەكەوێ‌، كاكە عەباس بەدری نووسەری ناودارو كوڕی بەوەفای خاكی كوردستان چل ڕۆژ لەمەوبەر ماڵئاوایی لێ‌ كردین، ئەمڕۆ ئێمە بەدەم خەفەتەوە یادی خۆی و نووسینەكانی و وتەكانی ڕادیۆو تەلەفزیۆن و ریپۆرتاژە ڕۆژنامەنووسیەكانی دەكەینەوە، یادی دڵسۆزیی بۆ كوردستان و فیداكاریی بۆ خاك و نەتەوەكەی دەكەینەوە، یادی ڕۆژانی ئاوارەیی و دوورخراوەیی ئێرانی و ژیانی سەربەرزانەی پێشمەرگایەتی ئەو دەكەینەوە، كە بەوپەڕی دڵسۆزیەوە لەگەڵ هاوڕێكانیا وتە پڕ جۆش و خرۆشەكانی ڕادیۆی دەنگی گەلی كوردستانیان بە جەماوەری گەلەكەمان دەگەیاند.

* كاكە عەباس بەدری بەشێوەی برا فەیلیەكانی تری كە لەسەرەتای شۆڕشی ئەیلولەوە لەڕیزی پێشەوەی خەباتی كوردایەتیدان ئەویش و باوكیشی بەهەمان شێوە لەخەباتی سەختی ڕزگاریخوازی كوردستان شەرەفەمەندانە بەشدار بوون.
ئەم ئەدیبەی ئەمڕۆ ئێمە ڕێز لەیادی دەگرین نەك هەر لەكوردستانا بەڵكو لەبەغداش بەتایبەت لەساڵانی شەستەكان و حەفتاكانا ئەستێرەیەكی دیار بوو لەجیهانی ئەدەب و ڕۆژنامەنووسیدا، كاركردنی لەگەڵ باوكی هێرۆ و مام جەلال و كاكە عومەر دەبابەو كاك حیلمی وكاك عەبدولڕەزاق فەیلی و هەڤاڵانی تردا لەڕۆژنامەی (النور) قۆناغێكی دیار بوو لەژیانیا، هەروەها لەدامەزراندن و گەشەپێدانی ڕۆژنامەی (الاتحاد)یشدا باڵادەست بوو، جگە لەساڵانی كاركردنی لەڕادیۆی دەنگی گەلی كوردستان چ لەشاخ و چ لەشار.

كاك  عەباس بەدری: پیاوێكی خزمەتگوزارو زمان شیرین و بەڕەوشت و بەوەفا بوو، بەڵام داخم ناچێ‌ مەرگ لەناكاو ژیانی ئەم كەسایەتیەی پێچایەوەو ئێمەی لەدیداری بێ‌ بەش كرد، چارنییە ئەمە قەدەرەو لەڕێی هەموانایە، بەڵام بەختەوەری مرۆڤ لەوەدایە كەدوای خۆی ناوونیشانێك بەجێ‌ بهێڵێ‌ جێی شانازیی بێ‌ بۆ خۆی و بۆ خێزانەكەی كە بێگومان كاك عەباس بەدری یەكێكە لەوانەو بەهۆی بەرهەمەكانیەوە هەمیشە لەبەر چاوانەو لەسەر دڵانە.

لەكۆتاییدا سڵاو لەگیانی كاكە بەدری و جارێكی تریش پرسەو سەرەخۆشیم بۆ سەرجەم بنەماڵەو خێزانەكەی و لەیەزدان دەخوازم كەئارام بەخشیان بێ‌.
 
(کوردستانی نوێ)

PM:04:00:27/02/2015