ژن‌و كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان
په‌رێز سابیر
پێگەی ژن لە كابینەی نویەمی حكومەتی هەریمدا، هەرچەندە هێشتا دوورە لەویست‌و خواستی ئێمەی ژنان، بەڵام لەسەروبەندی پێكهێنانی ئەم كابینە نویەدا تێبینی خاڵێكی پۆزەتیڤ دەكرا ئەویش هەوڵی بەشداریپێكردنی ژنان بوو لەو حكومەتەدا لەلایەن لیستە سەرەكیە بەشدارەكانەوە.

بە پێچەوانەی زۆرێك لەكابینەكانی پێشتری حكومەتی هەریمی كوردستان لە كابینەی نویەمی ئەم حكومەتە تارادەیەك پێگەی ژن لەبەرچاوگیراوەبۆ بەشداری پێكردنی لەیەكێك لە جومەگە سەرەكیەكانی سیستەمی حكومڕانیدا، هەریەكێك لە لیستە سەرەكیەكانیش( پارتی، یەكیتی، گۆران) لایەنی كەم ژنێكیان كاندید كردووە بۆ ئەو پۆستانەوەزاریانەی بەدەستیانهێناو، بەم پێەش بەپێی هەواڵەكان سێ ژن كاندیدن بۆ دەستبەكاربوون وەك وەزیر لە حكومەتی ئایندەدا.

وەختێك دەڵین كە هێشتا ئەمە لەئاستی خواست‌و ویستی ژنان‌و رێكخراوەكانی ژناندا نییە، بە مانای ئەوەی كە ئەمە هێشتا رەنگدانەوەی ئەو پێگە كۆمەڵایەتی‌و ئابوری‌و سیاسی نییە كە ئەمرۆ ژنان لە كۆمەڵگای كوردستاندا هەیانە. چاوخشاندنێكی خێرا بە پێگەی ژنان لە ئێستادا ئەوەمان نیشاندەدات كە ژنان لەزۆرینەی زۆری بوارەكاندا نەك بونیان هەیە بەڵكو بوونێكی لێوەشاوەو سەركەوتوشیان هەیە. هەر لەبواری خوێندن‌و پێگەیاندن لەئاستەجیاوازەكان تا كاری پزیشكی‌و بەرێوبردن‌و تا ئاستی كۆمپانیای وەبەرهێنان‌و بازرگانی... لە ئەمرۆی هەریمی كوردستاندا كەمتر خێزانێك دەبینین كە ژن تیایدا یەكێك نەبێت لە پایە سەرەكیەكانی بژێویان،لە ئێستادا بەسەدان ژن بەرێوبەری فەرمانگەو خوێندنگاو كۆلیژ كۆمپانیان، زۆرینەی ژنان‌و كچانی هەریمی كوردستان ئەمرۆ لە ئاستە جیاجیاكاندا لەبازاری كاردا چالاكن‌و سەرەرای بەربەستە كۆمەلایەتی‌و كەلتوریەكان، بەڵام ئەزمون‌و توانایەكی سەركەوتوانەیان نیشانداوە كەهیچی كەمتر نییە لە رەگەزی بەرانبەر.


هەندێك لەسیاسەتوانان دەیانەوێت وا نیشان بدەن كە بەشداری پێكردنی سێ ژن وەك وەزیر لە كابینەیەكی حكومەتدا وەك دیاری یان مەكرەمەیەك بەچاوی ژناندا بدەنەوە

بەدرێژایی دوو دەیەی رابردوو رێكخراوەكانی ژنان‌و ئافرەتانی كوردستان رۆڵی كاریگەریان بینیوەنەك لە بەرەنگاربونەوەو بەگژداچونەوەی هەڵاواردن‌و نایەكسانی دژ بەژنان، بەڵكو رۆلێكی چارەنوسازو سەرەكیان هەبووە لەگشت بوارەكانی كۆمەڵگای مەدەنی‌و جێخستنی مافەكانی مرۆڤدا، بەشێوەیەك كە هیچ كەس ناتوانێت پشت گوێی بخات.

هەندێك لەسیاسەتوانان دەیانەوێت وا نیشان بدەن كە بەشداری پێكردنی سێ ژن وەك وەزیر لە كابینەیەكی حكومەتدا وەك دیاری یان مەكرەمەیەك بەچاوی ژناندا بدەنەوە، بەڵام لەراستیدا نەك دیاریەك یان مەكرەمەیەك لەم نێوەدا بوونی نییە، بگرە هەروەك پێشتر ئاماژەمان پێدا لە ئاست‌و پێگەی ژنانی هەریمی كوردستاندا نییە، ئەو هەوڵەی حزبەكانیش بۆ جێگیركردنی ژنان لەنێو كاندیدەكانیاندا رەنگدانەوەی پێگەی ژنانە، بەڵام هێشتا ئەمە لەو ئاستەدانییە كە ژنان بەگشتی‌و ژنانی داكۆكیكار لەمافەكانیان دڵ سەبوری خۆیانی پێبدەنەوەو هەربۆیە هەوڵ‌و كۆششی رێكخروەكانی داكۆكیكار لە ژنان‌و ئافرەتان درێژەی دەبێت تا گەیشتن بە بەرزترین ئاستەكانی یەكسانی جەندەری.

زۆرێك لە وڵاتانی دیموكراسی‌و بیرمەندان ئاستی گەشەو پێشكەوتنی هەر كۆمەڵگایەك دەبەستنەوە بە ئاست گەشەی كۆمەڵایەتی ژنان‌و بەشداری ژنان لەگشت كایە ئابوری‌و سیاسی‌و حكومرانیەكان ئەوكۆمەڵگایەدا، هەرێمی كوردستان گەر دەیەوێت وێنایەكی دیموكراسی لەخۆی نیشان بدات، پێویستە لەبواری بەشداری ژنان لە ئاستەباڵاكاندا هەنگاوی زیاتر‌و بەرفراوانتر بنێت، تا بتوانێت كەمێك نزیكتر بێت لە كۆمەڵگایەكی هاوچەرخی سەدەی بیست ویەكەم. 


ژیان 

AM:07:15:15/07/2019