نيتراتی ئەمۆنیۆم ، مادەیەکی کیمیایی و هێما کیمیاوییەکەی (NH4NO3)، مادەیەکی بلوری بێ ڕەنگەو لە ئاودا دەتوێتەوە.
نيتراتی ئەمۆنیۆم یەکێکە لەو مادانەی بەهۆی خراپ هەڵگرتن و خەزن کردنەوە زۆرترین قوربانی و کارەساتی خستووەتەوە لەمێژووی مرۆڤایەتیدا.
بەپێی سەرچاوە ئەمنییەکانی لوبنان تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت بەهۆی گڕگرتن و تەقینەوەی بڕێکی زۆر لە نيتراتی ئەمۆنیۆم بووە کە بەپێێ قسەکانی سەرۆک وەزیرانی لوبنان ٢٧٠٠ تۆن بووە.
نيتراتی ئەمۆنیۆم لە دروستکردنی پەینی کیمیاوییدا بەکاردەهێنرێت و جوتیارەکان بە ئاسانی دەستیان دەکەوێت، هەروەها بەکارهێنانەکانی تری بۆ دروستکردنی بۆمب و تەقەمەنییە بە تایبەتی لە تەقاندنەوەی کانە بەردی و خەڵوزییەکاندا.
نيتراتی ئەمۆنیۆم بەئاسانی گڕدەگرێت و دەبێتە هۆی ئاگرکەوتنەوەو دواتر تەقینەوەی، بەهۆی بونی ئۆکسجین لە پێکهاتەکەیدا، بۆیە دەبێت بە وریایی و ڕێنمایی پێویستەوە هەڵبگیرێت و بپارێزرێت.
لە مێژوودا دەیان ڕووداوی تەقینەوەی گەورەو کارەسات ڕویداوە بەهۆی خراپ هەڵگرتنی نيتراتی ئەمۆنیۆم کە سەدان قوربانی لێکەوتووەتەوە.
لە زۆرینەی وڵاتان مامەڵەکردن و کڕین و فرۆشتنی نيتراتی ئەمۆنیۆم ئاسان نییە و مامەڵەکانی بەئاگاداری لایەنە ئەمنییەکان دەبێت و ناو و ناونیشانی و زانیاری ئەو کەسانەی بازرگانی پێوە دەکەن یان بۆ بەکارهێنانی پیشەسازی و کشتوکاڵ دەیکڕن دەبێت لای هێزە ئەمنییەکان زانراو بێت لەگەڵ ئەو بڕەی دەیکڕن و مەبەستی بەکارهێنانەکەی.
بەهۆی ئاسان دەستکەوتنی هەندێک جار، لە زۆرێک لەو وڵاتانەی ناکۆکی و شەڕ و تەقینەوەی تیادایە، نيتراتی ئەمۆنیۆم بۆ دروستکردنی بۆمب بەکاردەهێنن.