سەمیر ئەمینیش مرد
مه‌ریوان وریا قانع

بەداخەوە یەکێک لە نووسەرە مارکسییە گەورەکانی نیوەی دوھەمی سەدەی بیستەم، سەمیر ئەمین، لە تەمەنی ٨٦ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. سەمیر ئەمین بە یەکێک لە بیریارە سەرەکییەکانی ”تیورەی سیستمی جیھانیی" دەناسرێت. ئەم پیاوە کاپیتالیزمی وەک سیستمێکی جیھانی دەبینی کە تیایدا سیستمەکە ”ناوک" یان ”سێنتەر"ێکی ھەیە کە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکایە، لەبەرامبەر ”کەنار"ێکدا کە وڵاتانی جیھانی سێیە. لە نێوان ئەم دوانەشدا وڵاتانی ”نیمچە کەنار" ھەن کە بریتین لە بەشێکی زۆری ئەوروپای ڕۆژھەڵات و بڕێک لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین..لەنێوان ئەم بەشانەشدا پەیوەندییەکی کۆڵۆنیاڵی یان نیمچە کۆڵۆنیالی ھەیە. کەڵەکەبوون و کۆچی سەرمایە لە کەنارەکانەوەیە بەرە و سێنتەر و بەمەش کاپیتالیزم جیھانی سێ ڕووتدەکاتەوە لە توانا مادیی و مرۆییەکانی. 

ئیمانۆێل ڤالەشتاین و گونتەر فرانک، دوو کەسی دیکەبوون کە سەر بەم قوتابخانە فیکریی وتیورییە بوون. تێزێکی گرنگ و سەرەکیی ئەم شێوازە لە وێناکردنی کاپیتالیزم و دونیا بە ”تیورەی وابەستەیی" ناودەبرێت، وابەستەیی کەنارەکانی سیستمی کاپیتالیزم بە سێنەرەکە، جەوھەری ئەم وابەستەییەش چەوساندنەوەیەکی ھەمەلایەنی سێنەرە بۆ کەنارەکان.

من دوو جار سەمیر ئەمینم لە شاری ئەمستردام بینیوە و دواندوە. ھەردووجارەکە بانگێش کرابوو بۆ کۆنفرانس و کۆڕی فیکریی. پیاوێکی تا بڵێی نەرم و لەسەرخۆ و ھێمن بوو. ئەو سەردەمەی لە ساڵانی نەوەدا گۆڤاری ڕەھەندمان دەردەکرد ویستم چاوپێکەوتنێکی لەگەڵدا ئەنجامبدەم بۆ گۆڤارەکە، بەڵام لەبەر ئەوەی کاتی کەم بوو جگە لە چەند پرسیار و وەڵامێکی سەرپێیی شتێکی دیکەمان بۆ ئەنجامنەدرا. ئەوەش کەڵکی بڵاوکردنەوەی نەبوو. سەمیر ئەمین تا مرد لەسەر بیری مارکسیی مایەوە و درێژەی بە تێز و بۆچوونەکانی دا.


ئاوێنه‌ 

AM:02:12:15/08/2018