یەكێتی دڵی بە سلێمان خۆشە !
رەحمان غەریب
وتارێكی سلێمان عەبدوڵا یونس، ئەندامی مەكتەبی رێكخستنی یەكێتی لە (سپی نیوز) بەناونیشانی" میدیاكارانی سەردەمی موزایەدە بوەستن!" بڵاوكراوەتەوە ، سەلەبەری چەواشەكردنێكی بە ئەنقەستی هەوڵەكانی سەنتەری میترۆ و میدیای ئازادە لە پرسی تیرۆركردنی رۆژنامەنوس كاوە گەرمیانی.
لە نوسینەكەیدا ئاستی زمان‌و ئاكاری نوسین هێندە نزم و بازاڕی دەبێت، تا دەگاتە ئاستی ئەوەی بە سەنتەری میترۆ‌و میدیای ئەهلی بڵێت" هەر بە خاڵی خۆیان دەوێرن" سەرباری كۆمەڵێك دەستەواژەی نا یاسایی و نا پیشەی‌و دوور لە ئاكار، كە دەبێت میترۆ و میدیای ئەهلی پەنا بۆ مەكتەبی رێكخستنی حزبەكەی بەرن، تا ماناو هاوواتاكانی، بدۆزنەوە.
سلێمان لەم دەورانەدا كە خۆی تەكەتولە بەڕێزەكەی لە ناو یەكێتیدا، فەزایان بە تەواوەتی داگیر نەكردوە وتارێك بەم ناونیشانە "میدیاكارانی سەردەمی موزایەدە بوەستن" بڵاودەكاتەوە، خۆ ئەگەر هەموو فەزاكە داگیر بكەن ئەوا داوای "داخستن"یان دەكات.
هەر كەسێكی بە ویژدان، سەرنجی هەڵوێستەكانی سەنتەی میترۆ بدەن، هەر لە سەرەتای هەرەشەكردنی محمود سەنگاوی لە كاوە گەرمیانی لە تەموزی ساڵی 2012 تا دەگاتە روداوی تیرۆركردنەكەی لە 5ی كانونی یەكەمی 2013 ، كە هەموی بە بەیاننامەو دیكۆمینت لە بە شی ئەرشیفی میترۆ پارێزراون، شاهیدی ئەومان بۆ دەدەن كە سلێمان درۆو چەوشاكاری ریز كردوە، نەك ووشە و ماناو رەخنە.
ئەوەی لەسەر كەیسی كاوە گەرمیانی، تەحدای سلێمانی پێدەكەین، بە هەمان ئەندازە‌و لە كەیسی تیرۆركردنی رۆژنامەنوس (سەردەشت عوسمان)یش ئامادەین میزگردی كراوەی لەسەر بكەین و بپرسیین، ئەو كات سلێمان یونس لە كوێ بوو كە ئێمە لە شەقامەكانی سلێمانی‌و هەولێر نارەزاییمان دەردەبڕی‌و داوای ئاشكراكردنی بكوژانمان دەكرد. یونس لەكام لۆقنتەخانەی حزبی سەرقاڵی ئیمتیازات بوو، كاتێك میدیای ئەهلی‌و میترۆ كەمپین‌و خۆپیشاندنیان دەكرد؟
ئێمە پێش ئەوەی مەحمود سەنگاوی بچێتە بەردەم دادگا قسەمان لەسەر لەسەر ئەو كەسانەی كردوە كە سودیان لەم چەمكی (حصانە- پارێزبەندی) وەرگرتوە بێ ئەوەی پێیان بەخشرابێت. لەو دەورانەدا نمونەی (مەحمود سەنگاوی) و( عەدنانی حەمەی مینە)ما هێناوە. كە بە بێ ئەوەی كەسایەتی حزبی هیچ پاڵپشتێكی یاسایی هەبێت بۆ (حصانە)، هەندێ دەزگای رەسمی‌و حزبی (حصانە)یان پێدەبەخشن.
كە وتومانە ئەو بەرپرسانە حەسانەیان هەیە، مەبەستمان حەسانەی یاسایی نەبوە، حەسانەیەكە، حزب‌و دەسەڵات بەهەوانتە پێ پاڵپشتی یاسایی پێیان بەخشیون تا لە تاوان بیانپارێزن.
كاتێكیش سەنگاوی چۆتە بەردەم دادگا پێشوازیمان لێكردوە وتومانە "ئەگەر بێ تاوان بێت یان تاوانبار ئەوە بە چاكە بۆ یەكێتی و سەروەری یاسا دەشكێتەوە". ئیتر ئەم یونس سلێمانەی "شەقاوە"ی لاپەڕەكانی فیس بوك بۆ پێمان دەڵێت:" هەر بە خاڵی خۆیان دەوێرن" بۆ یەخەی بە (میترۆ) گرتوە؟ ئایا یەكێتی دڵی بەمانە خۆشە؟

PM:12:37:25/02/2014