كورتەیەك لە مێژووی نیقاب روبەندی
نه‌به‌ز گۆران
مێژوی داپۆشینی روخسار، یان_نیقاب_ مێژووێكە دەگەڕێتەوە بۆ پێش سەرهەڵدانی ئایینە یەكتا پەرستییەكان. بەپێی سەرچاوە مێووییەكان، هیچ كام لە میللەتەكانی سەرزەمینی رۆژهەڵات و، هیچ كام لە شارستانییەتەكانی میسری كۆن، ئەكەدی، سۆمەری، كلدانی، ئاشووری و یۆنانی بەبێ‌ رووبەندی تێنەپەڕیون و هەریەك لەو مێژوانە، بەشێك لە ژنەكانییان روبەندییان بەكار هێناوە

بە پێی تەعریفی مێژوونووسان_نیقاب_روبەندی_ بریتییە لە: " پارچەیەك قوماشی تەنگ، كە روخساری ژن دادەپۆشێت، یان بەشێك لە روخساری دادەپۆشێت. فەرهەنگی موعین." ئەم رووبەندییە لەسەردەمی شارستانییەتی میسرییە كۆنەكان و یۆنانییەكان و سۆمەرییەكان تەنها ژنە خانەدان و دەسەڵاتدارەكان بەكاریاندەهێنا، ئەو بەكارهێنانەش بۆ ئەوەبوو، كۆیلەكان و خزمەتكارەكان و بەردەستەكان نەیانبینن، چونكە (خانەدانەكان بە رەوایان نەدەزانی چینی خوارەوەی خۆیان روخساریان ببینن. ویكی پیدیا) بەهەمان شێوە روبەندی لەبەشێكی شارستانییەتەكاندا پەیوەندی بە چینەكانی خوارەوە نەبووە، تەنها پەیوەندی بە چینی خانەدان و باڵا دەستەكانەوە هەبووە. ئەم خۆ جیاكردنەوەیەش جۆرێك بووە لە غروری خانمە دەسەڵاتدار و خانەدانەكان، كە ئارەزوویان نەكردوە بەهیچ جۆرێك چینەكانی دیكە، مافی تەماشاكردنی روخساریان هەبێت.

رووبەندی لەناو شارستانییەتەكاندا، كلتوورێك بووە لە چوارچێوەیەكی دیاریكراودا واتە: كلتووری خانەدانەكان بووە. پاشان ئایینە یەكتا پەرستەكان دێن و ئەم كلتوورە، لەچوارچێوەیەكی دیاریكراوەوە دەگوزانەوە بۆ كۆی گشتی.

لە یەكەم ئاینی یەكتا پەرستیدا زەردەشت بناغەیەك دادەنێت بۆ نیقاب، روبەندی ئەم بناغەیە بەسەر هەموو ئەوانەدا تەحقیقدەكرێت، بڕوا بەو ئایینە دێنن. ئایینی زەردەشت یەكەمین ئایینە، ئەم كلتوورە لە خانەدان و دەسەڵاتدارەكانەوە دەگوازێتەوە بۆ چینەكانی دیكە. لە كتێبی (ارداویراف نامە) دا هاتووە: " داپۆشینی روخساری ژنان پەسەندە، چونكە روخساری ژنان، بنەمایەكە بۆ گومڕاكردنی پیاوان." ئەم ئایەتە زەردەشتییە، دەبێتە سەرەتایەك بۆ تێگەیشتنێكی دیكە بۆ رووبەندی. پاشان دیدگایەكی ئایینی وەردەگرێت و لە دیدگا تایبەتەكەوە دەبێتە وێستگەیەك بۆ دروستكردنی كلتوورێكی نوێی ئایینیی. ئەگەر پێشوتر كلتوورەكە مانایەكی دیكەی هەبووبێت لای ژنە خانەدانەكان، لەم ئایەتە زەردەشتییەوە مانایەكی نوێ‌ وەردەگرێت. مانایەك كە ژن و جوانییەكەی، بناغەیەكن بۆ گومڕایی پیاوان، ئەم دیدگا پیاوانەیە بۆ جوانی ژن لەرووی ئایینەوە، رەگوڕیشەكەی لە ئایینی _زەردەشتی_یەوە دەستپێدەكات.

پاش ئەم ئایینە، ئایینی یەهود_ی بە هەمان دیدگاوە جارێكی دیكە تەحقیقێكی رووبەندییەكە دەكاتەوە. بە پێی تەورات لە فەسڵی پیدایش :" سارەو قتورەی هاوسەری ئیبراهیم، ربەكای ژنی ئیسحاق، راحیلە و لیەی هاوسەری یەعقوب، سبورای هاوسەری موسا، ئاسترەی هاوسەری خشایارشا، بە رووخساری داپۆشراوەوە لەناو خەڵكدا دەركەوتوون." بەڵام لە تەورات دا هیچ كات باس لەوە ناكرێت ئەم رووبەندییە، هەموو عیمرانییەكانی گرتبێتەوە، بەڵكو تەنها بۆ خانەوادەی پێغمبەرەكان بووە. چونكە بەشێكی زۆری چیرۆكەكانی ناو_تەورات هیچ كات قسە لەسەر روداپۆشینی گشتی ناكەن و، تەنها ئاماژەیەكە بۆ خێزانە پیرۆزەكان. بە ریوایەتی دەقی_یەهودی_ بێت، هەمان كلتووری میسری_یە كۆنەكان دووبارەكراوەتەوە، چونكە رووداپۆشینەكە بۆ خانەوادەی تایبەت بووە و بۆ گشت نەبووە، هەرچۆن لە یۆنانییە كۆنەكان و میسرییە كۆنەكان و سۆمەرییەكان... هتد، ئەم كلتوورە تایبەت بووە بە كۆمەڵێك خێزانی خانەدان، لەناو ئایینی _یەهودی_یشدا تایبەت بووە بە خێزانە پیرۆزەكان و، پێچەوانەی ئایینی _زەردەشت بوە. ئایینی زەردەشت هیچ جیاكارییەكی نەكردوە و، كلتوورەكەی گشتاندووە.
بەهەمان شێوەی خانەدانە كۆنەكان، لە ئایینی مەسیح_دا فۆڕمە كۆنەكە وەردەگرێتەوە. ئەو هاوەڵانەی -مەسیح- لەناویاندا مەریەمی مەجدەلی یان مەریەمی پیرۆز هەردووكیان لەو ژنانەبوون، روبەندیان بەكار نەهێناوە، هیچ كام لە چوار ئینجیلەكە، قسە لەسەر گشتاندنی ئەم رووبەندییە ناکات. بە پێچەوانەوە، كاتێك ئایینەكە دەبێتە ئایینی دەسەڵات، پاشاكان و ئەمیرەكان، بەهەمان دیدگا كۆنەكەوە، شازادەكان و شاژنەكان، رووبەندی بەكار دەهێنن. بەتایبەت كاتێك لە كۆشكەكان دەچنە دەرەوە. ئەم رووبەندییەشیان پەیوەندی بە دیدی مەسیحییەتەوە نییە، هێندەی ئەوەی پەیوەندی بەو تێگەیشتنە چینایەتییەوە هەیە، شازادەكان و شاژنەكان پێیان خۆش نەبووە، چینەكانی دیكە روخساریان ببینن.

پرسیارێكی دیكە ئەوەیە، بۆچی دەڵێن: ئەمە كلتووری بیابانە؟ ئەم پرسیارە كەمێك نادروستە، چونكە تەنها كلتووری بیابان نییە و پەیوەندی بە بیابانەوە نییە. ئەمما لە بیاباندا روبەندی مانایەكی تایبەت بەخۆی هەیە. بیابان گەرمە، خۆڵ و تۆزی زۆرە، ژنان بەتایبەتی و پیاوانی كۆچەری، یان بازرگان، یان گەریدەكان، یان شوانەكان و جوتیارەكان، هەمیشە روبەندییان بەكارهێناوە، بۆئەوەی خۆیان لەو گەرما و خۆڵە بپارێزن. ئەوەی لە بیاباندا گوزەراوە پەیوەندی بەخۆ پارێزییەوە هەبووە، بەتایبەت بۆ ژنان كە روخساریان ناسكە، روبەندیان بەكارهێناوە تاخۆیان لەو خۆڵ و تۆز و گەرمایە بپارێزن کە لە بیاباندا هەیە.

بە پێی بۆچونی دەق ناسان و تەفسیركەرانی دەق، لەناو ئاینی ئیسلامدا، لە دەقی قورئان_دا هیچ ئایەتێكی روون نییە، بۆ بەكارهێنانی نیقاب، روبەندی. بەڵام لەناو ئەهلی سوننەتدا كۆمەڵێك بۆچوونی جیاواز هەیە. لەناو مەزهەبی _مالیكی روبەندی بۆ ژنان بەپێویست نازانرێت‌. لەناو مەزهەبی حەنەفی دوو بۆچوون هەیە، بۆچونێك بەپێویستی دەزانێت، بۆچونێكیش بە پێویستی نازانێت. لەناو مەزهەبی شافیعی دوو بۆچوون هەیە: یەكیان دەڵێت: بۆ هەموومان پێویستە و ئەویدیكەیان دەڵێت: تەنها كاتێك پێویستە کە  هەست بە غەریزە بكرێت. لەناو مەزهەبی حەنبەلی بە پێویست دەزانرێت. بە پێی ریوایەتی: (ابن جزیر، عەبدوڵای كوڕی مەسعود، ئەبو عوبەیدەی السمانی، محەمەد بن سیرین) هەریەك لە (فاتیمە زەهرا، عائیشە، ئەسما بن غەمیس، حەفزە و ام خالید) روبەندییان بەكار هێناوە.

بەپێی -مەزهەبی شیعە-ش، بۆچوونی جیاواز هەیە. بەڵام لە (شانامەی فیردەوسی_دا ئەم ناوە بە_ پوشیدە رخ، پوشیدە روی_ هاتووە). بەپێی شانامە ناس(پورخالقی) بێت، لەسەردەمی كیانیان، ئەشكانیان و  ساسانیان روبەندی لە هەندێك خانەوادەدا بەكار هاتووە ، بەڵام مۆدێلێك نەبووە تا هەموو ژنانی دیكە بەكاریبهێنن، وەك چۆن لە شارستانییەتەكان و مێژووەكانی دیكەدا، تایبەت بووە بە هەندێك خێزان، بۆ ئەمانیش بەهەمان شێوەبووە. لێ‌ لە مەزهەبی_شیعە_دا شوێنكەوتوان جیاوازی زۆریان لەسەرە. بەتایبەتی لە ئیمامە نوێیەكاندا. لای (حسێن سیستانی و عەلی خامنەئی و خومەینی) روبەندی بە پێویست دەزانرێت، بەڵام ئایەتوڵا(مونتەزیری) بە شتێكی زیادی دەزانێت و، پێی وایە: " روخساری ژن بنەمایەك نییە بۆ جوڵەی  غەریزەی پیاو، داپۆشینیشی نابێتە دەلاقەیەك بۆ كەمكردنەوەی غەریزەی پیاو"

ئەو بەشەی کە پەیوەندی بە مێژووی كوردەوە هەیە، چ لە كتێبی (شەرەفخانی بەدلیسی) یان لە كتێبی گەریدەكاندا، گەشتەكەی (ریچ) یان سیاحەت نامەی (ئەولیا چەلەبی) یان(مینۆرسكی) و..هتد مێژووی میرنشینەكانی ئەردەڵان و بابان، مێژووی میرەكانی (ئامێدی) تا مێژووی ئەم سەردەمە. لەبارەی روبەندییەوە كەمترین قسەی لەسەرە و، روبەندی لە دوو كاتی جیاوازدا بەكار هاتووە، ژنێك لەكاتی ئیشكردندا، بەتایبەت لە مەڕوماڵات، یان كاری جوتیاری، پاشان لەكاتی بوكێنیدا، هەردوو حاڵەتەكەش پەیوەندیان نە بەو دیدگا ئایینیەوە هەیە بۆ روبەندی، نە بەو كلتووری خانەدان و شاهانەیەوە هەیەکە پێشوتر خانەدانەكان بەكاریان هێناوە. ئەگەر چی بەهۆی دەسەڵاتی _عوسمانی_یەكانەوە، بەشێك لەم روبەندییە لە ناوچەكانی كوردستانی باكور بەدیكراوە و، ئەم بەدیكردنەش پەیوەندی بە كلتوری عوسمانییەكانەوە هەبووە نەك كلتووری كورد لە رابردوودا.

بەڵام لە فۆڕمی ئاینی سیاسیدا، نیقاب، واتایەكی جیاوازتر لەگەڵ خۆی دەهێنێت. كاتێك دەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان_ پەرەدەستێنێت، روبەندی دەبێتە بڕگەیەكی گرنگی یاسایی و ئایینی. ئەم بڕگەیە لەو دەسەڵاتەوە بۆ هێزە فەندەمیتالەكانی تر دەگوازرێتەوە و، دەبێتە بنەمایەك بۆ دەرخستنی سیمایەكی دیكەی ئایینی و، گروپە سەلەفی و فەندەمیتالەكان بەشێوەیەكی چڕ كاری لەسەر دەكەن، لەكاتێكدا مێژووی ئەم روبەندییە لەناو ئایین و شارستانییەتەكانی رۆژهەڵاتدا، بۆچوونی جیاوازی لەسەرە و، هیچ دەقێكی قورئانی نییە تاكو ئەم بۆچونانە پشتڕاست بكاتەوە، بۆ بەكارهێنانی یان بەكارنەهێنانی، تەفسیرەكان جیاوازی زۆری دروستكردوە. بەڵكو وەك دەق و بەبێ‌ جیاوازی و ناكۆكی تەنها قسە لەسەر_حیجاب_ە، كە ئەم چەمكە زۆر جیاوازە لە نیقاب، روبەندی.


خه‌ندان 

AM:02:16:29/06/2019