کە بۆ یەکەم جار گەیشتینە سنوورەکانی ئێران
گه‌زیزه‌


ئەو کاتە ناوەڕاستی حەفتاکان بوو، من تازە گەیشتبوومە تەمەنی سێزدە ساڵی و هەموو شتێک بۆ من جێگەی تێڕامان و پرسیار بوو، لە زۆر لە شتەکانیش تێ نەدەگەیشتم، بەڵام بەپێی ئەو کورتە تەمەنە، پڕ لە خۆزگەی بینینی وڵاتی ئێران بووم و یەکێکیش لەو هۆکارانە ئەوە بوو کە ئێمە بۆ پشووی هاوینە و سەردان ساڵانە دەچووینە هەورامان بۆ شارۆچکەی تەوێڵە، لەبەر ئەوەی دایکم خەڵکی ئەو ناوچەیە بوو، تەوێڵەش سنووری بە ئێرانەوەیە، هەموو سەفەرێک بە ئێستاشەوە هەر دوای خورماڵ، کە دەگەیشتینە لای بەرزاییەکانی بیارەوە، ئیتر ژیان و جوانیی سروشت بەجۆرێک ئاوێزانت دەبێت، هیچ گوزارشتێک ناتوانێ دەری ببڕێت، ئەو کاتە لەنێوانیاندا هاتوچۆیەکی پتەو هەبوو بە هێنانی شمەکی ئەو وڵاتە، بە تایبەت ناوچە و گوندە کوردییەکان، ئەوەی زۆر بۆ من جێی خۆشی بوو، کە لە ماڵی خاڵم دەماینەوە، مستەفای حاجی فەرەج، ئەویش پیاوێکی بەهەیبەت و بازرگانێکی دەستڕۆیشتووی ئەو ناوچەیە بوو، خەڵکی زۆر ڕوویان تێ دەکرد، بە تایبەت لە هەمووی خۆشتر بەیانییان زوو لە دەنگی کۆڵبەرەکان خەبەرمان دەبووەوە کە دەهاتنە ماڵی خاڵم، ئەوانە کوردی گوندەکانی ئێران بوون بەناو باخەکاندا بەبێ مۆڵەت دەهاتنە ناو عێراقەوە و لە ماڵی خاڵم کۆڵەکانیان دادەگرت و هەر لەوێش نانی بەیانییان دەخوارد. ژنی بەتەمەن و پیاو و گەنج بوون، منیش زۆر جار بە چاوی خەواڵووەوە خەبەرم دەبووەوە و لیێان نزیک دەبوومەوە، گوێم لە رستەیەک بوو کە دەیانگوت: ئێرانییەکان هاتوون… کۆڵەکانیشیان جۆرەها خواردنی تازە لە سەوزە و نانی هەورامیی تازە و دۆ و کەرە و ماست و پەنیر و لە هەمەجۆر وشکە، جگە لە کوتاڵی جۆراوجۆر و جلوبەرگی ژنان و پیاوان و منداڵان.


ئێمەش حەزمان لە چی بکردایە لێمان دەکڕین. ئێرانییەکان دوای نانخواردنی بەیانییان لە ماڵی خاڵـم و سەودا و مامەڵکردن، کە تەواو دەبوون، بەرەو خوار دەڕۆشتن بۆ بازاڕەکە، پاش کەمێک هەر بە ڕێگاکەی بەردەم ماڵی خاڵم کە هەمووی باخ و درەختی گوێز و هەنار و سوورە چنار بوو، دەگەڕانەوە. ئەوکاتە ماڵی خاڵم سیمایەکی تەواو ئێرانیی بەسەرەوە بوو، دەچوویتە هەر ژوورێک دەیانگوت ئەمە هی ئێرانە.. تازە ڕۆنێک هاتبوو، تەواو ناوی جۆری ڕۆنەکەم بیر نییە، کرابووە ریکلامێکی گەورە و وێنەی منداڵەکەی شاهانشای ئێرانی لەسەر بوو، کە ڕانی مریشکی بە دەستەوە بوو دەیخوارد، بیرمە بلووسێکی شینی لەبەردا بوو، ئەو ریکلامە هەمووی کرابووە پلێتی گەورە گەورە و ماڵی خاڵم بنمیچی ژوورەکانیان بەو پلێتانە داڕشتبوو، کە بەڕاستی جێگەی سەرنجی هەموومان بوو، بەتایبەت کە پاڵ دەکەوتین و ڕوومان دەکردە بنمیچەکە، هەموی ئەو ڕەسمانە بوو، هەمیشە دەمانگوت منداڵی شا ئاوا ژیان بەڕێ دەکات. وێنەکانمان ئەوەندە لا جوان بوو، بەڵام نەماندەوێرا بیهێنینەوە بۆ سلێمانی، چونکە ئەو کاتە دەروازەی سنوورەکان نەکرابوونەوە، تا بەئاشکرا هاتوچۆ هەبێت و لە هەمان کاتیشدا خەڵک هێندە چاوکراوە نەبوو، بەڵکوو ترسێکی زۆری هەبوو.. ئیدی هەر لەو کاتەوە تاکە خولیام ئەوەبوو، چۆن بتوانم ئەو وڵاتە ببینم؟ ئەوەبوو لە هەلگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوول، ئێمە جارێکی تر بەخێزانی هاتینەوە تەوێڵە و لەوێ ماڵ و ژیانمان دەستی پێ کردەوە، کە لە زۆر لە یاداشتەکانی پێشووتردا باسی ئەمەم کردووە، بەڵام ئەوەی کە ئێستا مەبەستە، یەکەم هەنگاو و یەکەم چوونە ژوورەوەم بوو بۆ سنووری ئەو خاکە، کە پێی دەگوترا ئێران، خەونێکی رەنگاوڕەنگ بوو، کە هاتە دی.

باسنیوز 

AM:06:55:11/07/2019