تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لە نێوان ئەرێنی و نەرێنی بوونیدا
چرۆ شه‌هاب‌

تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لە ساناترین پێناسیدادەوترێت ، پێگەی ئەلەکترۆنیە لەسەربنەمای دیاریکراو دروست بووە کە کەسەکان دەتوانن یەکتر بناسن و پەیوەندی بەیەکتریەوە بکەن و بیرو بۆچونەکانیان بگۆڕنەوە ، ھەروەھا تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بەیەکێک لەو ھۆکارەگرنگەکانی پەیوەندیکردن دێت لە جیھاندا، لەڕێگەی ئەم تۆڕانەوە دەتوانرێت پەیوەندیەکان بەپێی پێویستی بەھێزبکرێت، تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان وەک چۆن لایەنی ئەرێنی ھەیە بەھەمان شێوەش لایەنی نەرێنی ھەیە و کاریگەری لەسەر تاک دروست دەکات، لە گرنگترین لایەنە ئەرێنیەکان ، دروستکردنی پردی پەیوەندی و گۆڕینەوەی زانیاریە لەنێوان تاکەکان، ھەروەھا لە گرنگترین خاڵەنەرێنیەکانیش، بڵاوکردنەوەی دەنگ و ڕەنگ و تێکستە بە ناوی کەسانێکەوە کە ھەر ئاگای لێی نیە.

سەرەتا ئەگەر لایەنە باشەکانی بونی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان باس بکەین دەبینین :

یەکەم، ھەر تاکێک دەتوانێت ئەژمارێکی تایبەت بەخۆی دروست بکات و بە ئاسانی چی بوێت تیایدا بڵاوبکاتەوە.

دووەم ، توانای پەیوەندیکردنی دەبێت بە ئەوکەسانەی ئەم جۆرە تۆڕەی پەیوەندیکردن بەکاردێنن و توانا دروستکردنی ھاوڕێیەتی دەبێت ھەروەھا دەتوانێت چاودێریان بکات لە بڵاوکراوەکانیان.

سێیەم، بەھۆی بونی لاپەڕەو ئەکاونتی ھەواڵیەوە دەتوانرێت زۆر بە ئاسانی ئاگاداری ھەواڵەکانبێت لە ھەر بوارێک پێویست بکات.

خاڵی چوارەم و کۆتایش ئەوەیە دەتوانرێت لە گەڵ ھاوڕێکانیدا بۆچونەکانیان بگۆڕنەوە لە ڕێگەی نوسینی کۆمێنتکان بۆ یەکتری.

بێگومان ھەر بوارێکی پەیوەندیکردن لەڕێگەی ئەلەکترۆنیەوە دەشێت لایەنی ئەرێنی و نەرێنیشی ھەبێت، کەئەمەش وادەکات تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانیش لەبەر ئەوەی بە ھێڵی ئەلەکترۆنیەوە بەستراوە دەشێت لە بونی لایەنی ئەرێنی ونەرێنی بەدەر نەبێت، لێرەدا لایەنە ئەرێنیەکانی بە چەند خاڵێک دەخەینە ڕوو کە ئەوانیش:

یەکەم: تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بوارێکیان ڕەخساندووە بۆ پەیوەندیکردن لەنێوان کەسەکان لە ھەرجێگەو شوێنێک بن و ھیچ سنورێکی جوگرافی لەنێوانیاندا نیە ، ھەروەھا لەم ڕێگەیەشەوە زۆر جار بوەتە ھۆی دۆزینەوەی ھەلی کارکردن.

دووەم: لەم ڕێگەیەوە دەتوانرێت ئەو کەسانە بدۆزیتەوە کە ھاوبەشن لە بیر و بۆچون وشێوازی کارکردن و پەیوەندیان پێوە بکرێت.

سێیەم: ڕەخساندنی بواری باش بۆ کۆمپانیاکان تا لەڕێگەیەوە بتوانرێت ڕیکلام بۆ خۆیان بکەن و بابەتەکانیان بڵاوبکەنەوە.

خاڵی چوارەم ئەوەیە کە ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتیانە وای کردووە ببێت بە شوێنێک بۆ کات بەسەربردن و لەگەڵیشیدا بەدەست ھێنانی زانیاری.لەگەڵ ئەمانەشدا ناتوانین ئەوە پشت گوێ بخەین کە خێراترین تۆڕە لە بڵاوکردنەوەی ھەواڵەکان.

لەگەڵ بونی لایەنی ئەرێنی بێگومان لایەنی نەرێنیش زۆرە لەوانە، چاودێری کردنی ھاوڕێکان و بەدواداچون بۆ بابەت و ھەڵسوکەوت و تەنانەت ڕەفتارەکانیشیان، جگە لەمانەش زۆر جار پەنادەبرێت بۆ ئازاردانی کەسانی ھاوبەش لە تۆڕەکە و پەلاماردانیان بە دەستەواژەو وێنەی نەشیاو، ھەندێک جار بەم ھۆیانەوە لەجیھاندا حاڵەتی خۆکوشتن ڕویداوە کە بێگومان ئێمەش بەشێکین لەو جیھانە، لەگەڵ ھەموو ئەمانەشدا کاریگەری لەسەر تەندروستی تاک کردووە و بوەتە ھۆی کەم خەوی و دڵەڕاوکێ و زۆرێک لە شارەزایان وای دەبینن بوەتە ھۆکارێک بۆ ڕاھاتن و ئیدمان لەسەر تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان.

جگە لەمانەی باسمانکرد ترسناکترین لایەنی نەرێنی ئەوەیە کە زۆر جار خاوەنی ئەکاونت و پەڕەکان لەتۆڕەکۆمەڵایەتیەکان دوچاری ھاککردن دەبنەوە کە ئەمەیان مەترسیدارترینە، چونکە لە ڕێگەی ھاککردنەکەوە دەتوارێت زۆر بەئاسانی کەسی ھاککەر ھەموو تەسەروفێک بە ئەکاونت و پەڕەتایبەتیەکەوە بکات.

کەواتە لەکۆی لایەنە ئەرێنی و نەرێنیەکانەوە دەردەکەوێت بۆمان لەگەڵ بونی ھەموو ئەو لایەنە نەرێنیاش ھێشتا بەشداری لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان ناتوانرێت دەست بەرداری ببین، کەواتە واپێویست دەکات بەردەوام لەگەڵ گەشەسەندی تەکنەلۆجیاو فراوان بونی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بەردەوام چاودێری وورد و بەدوادا چون ھەبێت سەبارەت بە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و یاسای توند بۆ ئەم مەبەستە دەربکرێت و بەردەوام یاساکان لە ئەپدەیتی نوێدابێت چونکە وەک دەزانن گەشەسەندنەکەی بواری ئەلەکترۆنی زۆر خێراترە.


تۆڕی‌ هه‌واڵی‌ سلێمانی‌ 

AM:04:26:08/07/2018