میدیا لە نێوان ئەرک و مافدا
چرۆ شه‌هاب‌

لە ژیانی ئەمڕۆماندا میدیا ھێندە گرنگە بوەتە خۆراکی ژیانمان، میدیا توانیویەتی بەجۆرێک ژیانمان کۆنترۆڵبکات کە نەتوانین دەست بەرداری کۆنترۆڵی تەلەفیزیۆنەکان و ئینتەرنێت و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان ببین و بەردەوام لە گەڕاندابین بەشوێن زانیاری. ھەر لە ڕووی ئەم گرنگیەوە دەبێت بزانین تاچەند لەسەر ئاستی نێوخۆیی و دەرەوەدا میدیا گرنگە. میدیا لەسەر ئاستی ناوخۆیی پێویستە کاربکات لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری تاک لە نێوکۆمەڵگە لەھەمان کاتیشدا پەرەبدات بە گەشەسەندنی دۆخی کۆمەڵایەتی و ئابوری. لەسەر ئاستی دەرەوە پێویستە میدیا کارلەسەر ئەوەبکات کە جیھانی دەرەوە ئاشنابکات بە سەرجەم سیکتەرە جیاجیاکانی نەتەوەکەی لەگەڵ ئەمانەشدا بۆچونی وڵاتەکەی و سیاسەتی کارکردنی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بخاتە بەرچاو.

بیرمان نەچێت کە میدیا تەنھا جێگەی بایەخ نییە لەلای حکومەت و پارتە سیاسیەکان بەڵکو میدیا جێگای سەرنج و کارکردنە لەلایەن دامەزراوە کۆمەڵایەتی و سیاسی و پەروەردەیی و ئاینی و ئابوریەکان، وەک ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستانیش دەبینرێت کە پارتە سیاسیەکان میدیای تایبەت بەخۆیان ھەیە لەگەڵ میدیای سێبەر و ھەروەھا سەرمایەدارەکانیش بەھەمان شێوە پێویستیان بە بوونی میدیایەکە کە ئامانجی دەزگاو دامەزراوەکەیان بپێکێت.

لەبەر گرنگی بوونی میدیا بەباشی دەزانم لەڕووی ئەکادیمیەوە ئەرکەکانی میدیا باس بکەین کە ئەوانیش بریتین لە :

یەکەم ئەرکی ئەرکێکی ھەواڵییە کە ئەمیش کار لەسەر گەیاندنی ڕووداوو باسە گرنگەکان دەکات بۆ جەماوەر،ھەروەھا بەدوادا چونی بۆدەکات تاوەکو ھاوڵاتی لە گۆڕانکاری و ڕووداوەکانی دەوروبەری ئاگاداربکات، لەگەڵ ئەم ئەرکەدا پێویستە میدیا بێلایەنانە مامەڵە لە گەڵ ڕووداوو پێشھاتەکان بکات تاوەکو بتوانێت ڕاستگۆیی خۆی بپارێزێت، کە بەداخەوە ئەمڕۆ ئەم چەمکە لە زۆرێک لە میدیای کوردی غیابی ھەیە بەتایبەت لە بونی شەفافی و ڕاستگۆیی و واقیعی بونی بابەتەکانیان.

ئەرکی دووەم بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری و زانیارییە، لەم ئەرکەدا ڕۆشنبیری گشتی ئامانجی ڕوبەڕوبونەوەی بەردەوامە لەلایەن تاک و میدیاوە، ئەم ڕوبەڕوبونەوەیە زانیاری و وێنەو بۆچون و ڕایەکان لەگەڵ تاکدا تەتەڵە دەکات وای لێدەکات بە دوای زانیاریەکاندا بەردەوام لە گەڕاندابێت. لایەنێکی تری ڕۆشنبیرییەکە ئەوەیە کە ڕۆشنبیریکردنی بەپلانە، واتە لەڕێگەی بەرنامەی تەلەفزیۆنی یاخود ڕادیۆییەوە ڕۆشنبیریە تاک بەرز بکرێتەوە چونکە لەم شێوازەدا بەپلان بەرامبەرەکەت ئاڕاستە دەکەیت بۆ ئەو بابەت و زانیاریەی کە میدیا و سیاسەتی میدیاکە مەبەستێتی بەدەستی بھێنێت.

ئەرکی سێھەمی ئەرکی بەسەربرنی کاتێکی خۆشە بۆ بینەر و بیسەر و خوێنەر وەک لە زۆر لە میدیا جیھانیەکان دەیبینین لە پرۆگرامە کۆمیدیەکانی تەلەفزیۆن و ڕادیۆکان ھەروھا لە لاپەڕەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان بەشێکی تایبەتیان بۆ ئەم ئەرکە گرنگەی میدیای دابین کردووە ، بێگومان ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە پرۆگرام و بابەت و نوسینی کات بەسەر بردن و خۆشی بینەرو خوێنەر بۆ خۆی ڕادەکێشێت و بوارێکیش دەبێت بۆ پشوویەکی خۆش بۆیان و دورکەوتنەوە لە جەنجاڵەیەکانی ژیان.

ئەرکی چوارەم ئەرکی کۆمەڵایەتی و دروستکردنی پەیوەندییە، لەم ئەرکەدا میدیا کارلەسەر ئەوە دەکات کە لەڕێگەی کەناڵە میدیاییەکەیەوە تێکەڵاوی دوولایەنە لەنێوان تاکەکانی کۆمەڵگە دروست بکات و یەکتر ناسین ڕودەدات زۆرجار ناساندنەکان لەتاکەوە دەچێتە دەستەو گروپەوە، بە چالاکی و کار و بابەتەکانی یەکتری ئاشنا دەبن و لێک نزیک بونەوە دروست دەبێت.

ئەرکی پێنجەم ڕیکلام و بانگەشەیە، لێرەدا ھۆیەکانی ڕاگەیاندن ھەڵدەستن بە ڕیکلام کردن بۆ کاڵا یاخود بابەتێت ، کەواتە ئەم ئەرکە بۆ خۆی ئەرکێکی بازرگانی گرنگە ئەگەر بتوانرێت وەک پێویست سودی لێ ببینرێت، چونکە ڕیکلامکردن لەبەرامبەر پارە یاخود بەرژەوەندیەکی تایبەت ئەنجام دەدرێت، لە ھەمان کاتدا ئەگەر دەزگا میدیاییەکە کۆمپانیای ڕیکلامی تایبەت بە خۆیی ھەبوو و وەتوانی بابەتی ھەمەچەشن لە ڕیکلام بۆ دامەزراوەکی دابین بکات، بێگومان دەتوانێت بودجەیەکی باش بۆ دامەزراوەکەی دابین بکات و دامەزراوە میدیاییەکەی پێ بەڕێوەببات.

لەگەڵ گەشەسەندی تەکنەلۆجیا و زۆربونی شێوازی جیاواز لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و سۆشال میدیا بێگومان ئەرکەکان زیاتر دەبن ، چونکە بیرمان نەچێت ئەمڕۆ میدیا دەتوانێت ڕۆڵی گەورە بگێڕێت لە ئاشتەوایی کۆمەڵگە ، کە بە داخەوە لە کوردستان ھەست بەم ڕۆڵەی میدیا ناکەین کە کاریگەری ھەبێت لە بونیادنانی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی.

تۆڕی‌ هه‌واڵی‌ سلێمانی‌ 

AM:02:29:03/09/2018