حکومەت و حوکمی داتا و بیرکردنەوەی رەخنەگرانە
د. شوان ئادەم ئەیڤەس

ھەرێمی کوردستانی بندەستی عێراق، بەسەرۆکایەتییەکەی و پەرلەمان و حکومەت و ئەنجومەنی دادوەری؛ کەمترین بودجە و بواری بۆ توێژینەوەی زانستیی پشتبەستوو بە بیرکردنەوەی رەخنەگرانە دابینکردووە. ئەوەش بەرەنجامی کارکردنی عەقڵیەتی نزیک بە سێ دەیەی حوکمڕانانە کە رێگرە لەبەردەم بەرھەمھێنان و بەردەستخستنی ھەرجۆرە داتایەکی دروستی پشتڕاستکراوە. بۆنمونە، یاسای ژمارە 11ی مافی بەدەستھێنانی زانیاریی لەساڵی2013ەوە لەپەرلەمانی کوردستانەوە دەرچووە، بەڵام تائێستا لەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە جێبەجێ نەکراوەو رێنمایی بۆ دەرنەکراوە!

 

پ.ی.د.ئومێد رەفیق لەبابەتی «سەنتەرەکانی لێکۆڵینەوەو کاریگەرییان لەدروستکردنی بڕیاری سیاسی لەھەرێمی کوردستاندا» ئاماژەی بەسەرەتاکانی دەرکەوتنی ئەم نێوەندانە و پەڕاوێزخستنی توێژینەوەی زانستیی لەوڵاتانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست داوەو بەدوایدا چەند ھۆکارێکی بۆ سستی و کاریگەرنەبوونیان لەجوگرافیاکی وەک ھەرێمی کوردستان خستوەتەڕوو لەوانە؛ ژینگەی سیاسیی و پاڵپشتی دارایی. لەگەڵ نرخاندن و بەھەندوەرگرتنی بەشێک لەو سەرنجانەی لەو بابەتەدا خراونەتەڕوو، دەکرێت بۆ زیاتر دەوڵەمەندکردنی بابەتەکە؛ ئێمەش ئاماژە بەچەند ھۆکارێکی دیکەی پەراوێزخسنی نێوەندەکانی توێژینەوە و خانەکانی بیرکردنەوە بدەین:

 

یەکەم: لەھەرێمی کوردستاندا و لەبەرزترین ئاستەوە تا نزمترینی، بەدەگمەن نەبێت بیرکردنەوەی رەخنەگرانە نەبوەتە بەشێک لە پەروەردە و کولتوری قسەکردن، بیستن خوێندنەوەو تاڕادەیەکی زۆر ئەدەبیاتی نووسین-یش. ئەمەجگەلەوەی ھەزمکردنی بۆچوونی دژ و ناباو بوەتە جۆرێک لە گرێی دەروونیی خۆبەکەمزانین و دەگمەنن ئەوانەی ئەفرێنەر و ئاشنای گیانی لێبوردەیی و یەکتری قبوڵکردنن. ھەر بەتەنھا بیستنی لێدوانی دژبەیەکی رۆژانەی بەرپرسان و گفتوگۆی نێو دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان؛ باشترین نمونەن بۆ تێگەیشتن لە گرێی دەروونیی پشت لێدوانەکانیان.

 

دووەم: ھەژموونی بیرکردنەوەیەکی نەرێنیی راوێژکار و بڕیاردەرانی حکومەت بەگشتیی و حوکمڕانانی نێو کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و زانکۆکان بەتایبەت؛ وایکردووە ھێشتا جیاكاریی بەرچاو لەنێوان پسپۆڕییەکان و پسپۆڕانیاندا بکرێت. بەچەشنێک زانستە مرۆیی و کۆمەڵاتییەکان لەزانستە پەتیی و تاقیگەییەکان دابڕێنراون و کەمترین ھەوڵی ئەنجامدانی توێژینەوەی فرەپسپۆڕیی لەنێوەندەکانی توێژینەوەی زانکۆکاندا دەدرێت کە ئەمەش بەشێکی درێژکراوەی گرێ دەروونییەکانی تاکی کوردیین لەجۆری خۆبەگەورەزانین یان خۆبەبچووک بینین!

 

سێییەم: نەبوونی سەربەخۆیی کارگێڕیی و دارایی و زانستیی نێوەندەکانی توێژینەوە وایکردووە؛ توێژینەوەی زیندوو و ھەنوکەیی بەدەگمەن ئامانجەکانی بپێکێت. ھەربۆیە ئێستا ئامانجەکانی ئەمجۆرە نێوەندانە لەوەدا کورت دەکرێنەوە کە ھەر ھەبن و بەردەوام بن؛ نەک بەرھەمھێنەر و سوودبەخش بن!

 

چوارەم: ھاوشێوەی کەرت و کایەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان، گەندەڵیی و گەندەخۆرییش گەیشتوەتە نێوەندەکانی توێژینەوە. ئەوانیش سیخناخ کراون بەو کەسانەی کە ئەھلی بوارەکە نین و پشتبەست بەپاڵنەری سیاسیی و کۆمەڵایەتیی لەو شوێنانەدا دانراون؛ تەنھاوتەنھا بەئامانجی ساردکردنەوەی ئەھلی بوارەکە و لەباربردنی ھەرجۆرە گومان و بیرکردنەوەیەکی رەخنەگرانە کە دوو بنەمای بنچینەیی ھەر جۆرە توێژینەوەیەکن.

 

پێنجەم: نەبوونی پێوەری پاداشت و سزا بۆ ئەوانەی سەرقاڵی گەڕان و پشکنین و توێژینەوەی زانستیین لەگەڵ ئەوانەی بەدەگمەن پلان و پرۆژە و پرۆگرامێکی خۆپێگەیاندنیان ھەیە و ساڵی جارێکیش توێژینەوەیەکی نوێیان نییە، بەڵام بەھۆکاری جیاجیا دەکرێنە بەرپرس یان بڕیاردەری نێوەندەکانی توێژینەوە!

 

ئەنجامگیریی کۆتایی دەکرێت ئەوەبێت؛ لەھەرێمی کوردستانی بندەستی عێراقدا نە نێوەندەکانی بڕیاردان بایەخ بە نێوەندەکانی توێژینەوە دەدەن، نە نێوەندەکانی توێژینەوەش لەخەمی بەرھەمھێنانی داتای دروست و بیرکردنەوەی رەخنەگرانەدان!

-knnc
AM:07:52:08/08/2020