​ژیانی تایبەت و پێشێلکردنی لە بانگەشەکانی ھەڵبژاردندا
شوان ئادەم ئەیڤەس

پێشێلکردنی مافی ژیانی تایبەتی کەسەکان لەسەروەختی ھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردنە گشتییەکاندا، لەرێی ژانرە جیاوازەکانی رۆژنامەگەرییەوە بەیەکێک لەدیاردە مەترسییدارەکانی سەردەمی جیھانگیریی دادەنرێت، ھاوکات دژ و پێچەوانەشە لەگەڵ بنەما یاساییەکان و پرنسیپەکانی ئیتیکی رۆژنامەگەری.

مافی تایبەتمەندێتی The Right to Privacy یاخود ژیانی تایبەتی کەسەکان بەیەکێک لە مافە شارستانییە ناسیاسییەکان دادەنرێت و بەپێی جیاوازی شوێن، کات، کەس، لایەن، کولتوور، دابونەریتی ئایینی و کۆمەڵایەتی گەلان لە گۆڕاندایەو دۆخێکی نەگۆڕو چەسپاوی نییە. ئەم مافە پەیوەستە بەئازادیی و بەرژەوەندی تایبەتی کەسەکانەوە، لەو خاڵەوە دەستپێدەکات کە ژیانی گشتیی تیایدا کۆتاییدێت.

پسپۆڕی زانستی ڕۆژنامەگەریی ماتیۆ کیران پێیوایە، تایبەتمەندی ژیانی تایبەت بەواتای چەند لایەنێکی ژیانمان دێت کە خۆڕسکانە کۆنتڕۆڵی دەکەین و کەسی دیکە ھیچ مافێکی پێوەی نییە تا خۆمان ڕێگای پێنەدەین، بەو پێیەش تایبەتمەندێتی مافێکی بنەڕەتییە بەرامبەر بە گروپە کۆمەڵایەتیی یان فەرمییەکان کە دژ بە بەرژەوەندییەکانمانن.

لە ڕاستییدا کاتێک پاڵێوراوانی لیستە رکەبەرەکانی ھەڵبژاردن دێنە نێو جیھانی سیاسەتەوە، دەبێ ئەوەیان لەبەرچاو بێت کە دەبنە فیگەرێکی گشتیی و میدیا تیشک دەخاتە سەر زۆربەی لایەنەکانی ژیانیان کە پەیوەندیدارە بە کارو پۆستەکانیان، لەھەمانکاتدا مافی ئەوەیان ھەیە ھەندێ لایەنی ژیانیان بەشاراوەیی بھێڵنەوە، بەتایبەت ئەگەر کاروبارەکانیان وەک بەرپرسێک، ھیچ پەیوەندییەکی نەبێـت بەژیانی گشتییانەوە، ھەربۆیە دەتوانرێت ژیانی تایبەت بەمافی تەنھایی، مافی سنووردارکردنی دەسگەیشتن بە ژیانی تاکەکەس و توانای دروستکردنی لەمپەر لەبەردەم دەستڕاگەیشتنێکی ڕێگەپێنەدراو بۆژیانی خەڵک، مافی بەنھێنی مانەوەی ھەندێ کاروباری تاکەکەس و کۆنتڕۆڵکردنی زانیاری کەسی، مافی پشتیوانی لەتاکەکەس و کەرامەتی مرۆیی لەگەڵ مافی دەستەبەرکردنی ڕاشکاوێتی بۆ کەسەکان، پێناسە بکرێت.

بەشێکی زۆر لە ڕۆژنامەوانان لەگەڵ ئەوەدان جیاوازی بکرێت لە ڕووماڵکردنی ژیانی تایبەتی ھەریەک لەبەرپرسان و ناوداران و خەڵکانی ئاسایی، چونکە کاری ڕۆژنامەگەریی دەبێ لەسەر ئیشوکار و بواری چالاکی کەسەکان بێت نەک ژیانی تایبەتییان، جگەلەوەش بەپێی ئاست و پلەی بەرپرسیارێتی و ناسراوێتی کەسەکان، بەھاو گرنگی ئاشکراکردن و بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان لەیەکێکەوە بۆ یەکێکی دیکە دەگۆڕێت.

ساڵی ١٩٩٦ ڕەخنەگری بواری ڕۆژنامەگەریی لۆرد وەیکھام، حەوت پرسیاری خستە بەردەست ھەواڵسازو داڕێژەرانی نێو میدیاکان، تا بەرلەوەی ھەرشتێک لەسەر ژیانی تایبەتی کەسایەتییە گشتییەکان بخەنەڕوو بیری لێبکەنەوە، ئینجا بڕیاری ئاشکراکردن و بڵاوکردنەوەی بدەن، ئەو حەوت پرسیارەش ئەمانەن:

* ئایا بە ڕاست ئەوەی بڵاوی دەکەیتەوە لەپێناو بەرژەوەندی گشتییدایە؟

* لەبڵاوکردنەوی نھێنی و تایبەتمەندییەکانی ژیانی تایبەتی کەسەکان (جگەلەو ڕێگایە) ھیچ ڕێگایەکی دیکە نییە بگیرێتەبەر؟

* ئایا وێنەگرتن پێویستە یان ھەر بۆ ڕوونکردنەوەی بابەتەکەیە؟

* ئایا ھیچ ڕێگە چارەیەک نییە بۆ کەمکردنەوەی زیان لەسەر خەڵکی بێتاوان و داماو، وەک خزم و کەسوکارو منداڵی ئەو کەسە؟

* ئایا پێویستە خزمایەتی و پەیوەندییەکانی ئەو کەسە بخرێنەڕوو؟

* ئایا بەراوردکردن لەنێوان ھەڵوێستی پێشوی کەسێک لەگەڵ ھەڵوێستی ئێستاییدا، کاتێکی زۆری بەسەردا نەڕۆشتوە یاخود ئەو بەراوردکارییە دادپەروەرانەیە؟

* ئایا ئەگەر ھیچ کەسێک داوایەکی لەسەر ئەو کەسە تۆمار نەکردبێت کە تۆ زانیارییەکانی نێو ژیانی تایبەتی بڵاودەکەیتەوە، بەردەوام دەبیت لەسەر ئاشکراکردن و بڵاوکردنەوەی؟

وەیکھام، لە خستنەڕووی ئەو پرسیارانەدا مەبەستی بوو ڕۆژنامەوانان ھانبدات تا ئەوپەڕی توانا ھەوڵبدەن بابەتیی بن و کاروباری پیشەیی و وەزیفی کەسەکان بکەنە بابەتی ئیشکردنیان نەک ژیانی تایبەتیان، ئەوەش بۆ ڕاماڵینی تەمی ئەو گومان و زانیاریانەی لەسەر کەسایەتییەکان ھەیانە بیر لە ڕێگەچارەی وردتر بکەنەوە، چونکە پاراستنی ژیان و سەروەری کەسەکان و شکۆو کەسایەتیان گرنگەو نابێ یاری بەناوناوبانگی ھیچ کەسێکەوە بکرێت، ھەربۆیە یاساناسی ئەمەریکی WILLIAM L. PROSSER، دەستنیشانی چوار ڕەگەزی سەرەکی پەلاماردان و پێشێلکردنی ژیانی تایبەتی کەسەکانی کردووە کە ئەوانیش:

* پەلاماردانی مادیی یان خۆھەڵقورتاندن لە کاروبارە تایبەتییەکان و نھێنی کەسەکان.

* ئاشکراکردنی گشتیی نھێنییە تایبەتییەکان بۆ ھەموان، واتە ئاشکراکردن و بڵاوکردنەوەی نھێنی ژیانی تایبەتی کەسێک کە حەز نەکات خەڵکی بەو نھێنییەی بزانن و بەچاوی گومانەوە سەیر بکرێت.

* خستنەژێر ڕووناکییەکی دروستکراو، بە واتای ڕووناکی خستنەسەر کەسێک و دەرخستن و بڵاوکردنەوەی، بێئەوەی ھیچ پەیوەندیی و بەھایەکی ھەواڵیی ھەبێت.

* دەستبەسەراگرتنی ناوی کەسێ یان وێنەکەی بۆ بەجێھێنانی سوود و بەرژەوەندی کەسێکی دیکە، بەبێ ئەوەی ھیچ جۆرە پرسێکی پێکرابێ یاخود ڕەزامەندی وەرگیرابێ.

لەدەرەنجامدا، پاراستنی ژیانی تایبەتی کەسەکان لەھەر بارودۆخێکدا بێت مافێکی یاسایی ھەر تاکەکەسێک و ئەرکێکی پیشەیی ھەر رۆژنامەوانێکیشە کە پابەندبێ پێوەی و پێشێلی نەکات، بەدیاریکراوتر لەسەروەختی ھەڵمەتەکانی بانگەشەی ھەڵبژاردن دا کە لیستە رکەبەرەکان ھەموو رێگەیەک دەگرنەبەر لەپێناو چنینەوەی دەنگێکی زیاتردا. لەرۆژگاری ئەمڕۆدا کە رۆژنامەگەریی ئەلکترۆنیی بووەتە ئامرازێکی خێرایی گەیاندنی زانیاریی و ھەواڵەکان، زۆرجار رۆژنامەوانان لەرێی پەلاماردانی ژیانی تایبەتی کاندیدەکان و کەسایەتییە دیارەکانی لیستە بەشداربووەکانی ھەڵبژاردنەوە، دەبنە بریکاری ھێزە رکەبەرەکان و ئیتیکی پیشەی رۆژنامەوانیی پێشێل دەکەن.


NRT

AM:05:18:11/09/2018