ئەوینی پەرلەمان
هەرمن ئەحمەد

شوانەوێڵەیەکی مەڕەکانم، لەوەتەی هەم لە پەلاماری گورگی دڕندەو سەگی بێشەو و فێڵی رێوی دەتان پارێزم، ئیدی پێویستە شتێک بۆ خودی خۆم بکەم، بڕیارمدا ببمە بەربژێری  پەرلەمان.

بەڵێن بێت لە سەرماو گەرما بتان پارێزم، لە خواردنی ماوە بەسەرچوو دوورتان بکەمەوە، سێ ژەمە خواردنی خۆماڵیتان دەرخوارد دەدەم، لایەنی کەم ساڵی جارێک ڤیزەتان بۆ وەردەگرم بۆدەرەوەی وڵات، هەوای باڵی خۆتان بدەن و هەم کۆنتڕۆڵی دڵی خۆتان بکەن، سوێند بێت بەچکەکانتان لە باشترین خوێندنگە پەروەردە کەم، هەرچی بەرد و دڕکوداڵی سەر رێگەتان، بنبڕیان بکەم، یاساو رێساکان وەك خوریەکەی بەرتان نەرم بکەم، ژینگەیەکتان بۆ ئەخوڵقێنم کە نەبینراو و نەبیستراو بێت، مەعلومە لەسەر دەستی من ماڵ و حاڵی خۆتان دەبێت، خەزێنە و خێر و بێری سەر عەرز و بن عەرزی ئەم وڵاتە لە ژێر دەست و سایەی من، ئەیخەمە خزمەتی ئێوە بۆ هەلی کار، نەوەکانتان  و خزم و کەسوکارتان بە پلەی باش و باڵا دادەمەزرێنم، ئەم هەموو شتانە دێتە بەرهەم تەنیا دەنگم پێ بدەن. بۆ خۆم نییە، خزمەت بۆ ئێوەیە، ئەم کارانە و ئەرکانە  دەکەم، ژمارەکەم لە بیر مەکەن سێ جار سفر سفر سفر لە لیستی ئەوەکە لەشاری وانێکە لە حزبی هینەکە.....
لە سایەی ئێوە گەیشتمە پەرلەمان
تا چوار ساڵ ئارامی جێگا، باشترین خزمەت لوکسوسترین شوێنی حەوانەوە، بەرزترین مووچە، زۆرترین گەشت بۆ ناوەوەو دەرەوەی وڵات، ئەو سۆزانە کە دام بە ئێوە لەسایەی متمانەی ئێوە بۆ خۆم هاتەدی، بەڵێن بێت گەر چوار ساڵی تریش متمانەی خۆتانم پی ببەخشن، ئەوکات کار دەکەم بۆ بەدیهێنانی ئەو سۆزانەی کە کارم لەسەری نەکردووە، فەرامۆشی ناکەم .
 ئەو نووسینانەی سەرەوە گوزارشتن لە سۆز و گفتی زۆربەی بەربژێرەکانی  خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، تێکڕامان شانازی بە دەستکەوت و پایە گرنگەکانی هەرێمەکەمانەوە دەکەین و هەڵبژاردنیش سیستەمێکی دیموکراسی هاوچەرخە، کاریگەری ئەرێنی هەیە بۆ سەر تاکی کورد تا بەشداری زۆرتر بکرێت، چ لە خۆ کاندید کردن و چ لە دەنگدەرانیش سیمای ئازادی و پێشوەچوون بەم پڕۆسە دیموکراسیە دەدرێت، گرنگ نییە دەنگ بە کێ دەدەیت، گرنگ ئەوەیە کە تاک بە باوەڕبێت و هەست بە بەرپرسیاریەتی بکات، هەڵوێستی پۆزەتیف و نەگەتیفی نیشان بدات، چونکە لە هەڵوێست وەرگرتن و دیالۆگ نیشاندانی خاڵی بەهێز و لاواز، کۆمەڵگە بەرەو پێش دەبات، جیاوازی بیروڕا سیاسییەکان ئاساییە و زۆر گرنگیشە بوونی هەبێت لە سیاسەتدا، تەنانەت بەکارهێنانی زمانی زبر و توانج  لەم  سەردەمە هاوچەرخەدا، قبووڵكراوە، چونکە چاوی سێیەم چاودێرە و جیاوازتر بیردەکاتەوە لە سیاسییەکان، هۆکاری بێباوەڕیی تاکی کورد بە کۆی پڕۆسەکە بۆ لاوازی بەرپرسەکان دەگەڕێتەوە. بەهای تاک لەنێو حزبە سیاسییەکان کەمتر رەچاو کراوە، لۆکاڵیانە دەڕواننە نوێخوازی و فەلسەفەی ژیانخۆشکردن بە هەند وەرنەگیراوە، هێندەی رەچاوی بەرژەوەندی حزبی و بەرپرسەکان دەکرێ، لە خەمی پۆست و پێگەکانیانن، هێندە ساکارانە مامەڵە لەگەڵ هەست و پێویستییەکانی کۆمەڵگە دەکەن.
گەڕانەوەی هیوا لەم خولەی پەرلەمان چاوەڕوان دەکرێت، رەنگ و رووی راستەقینەی ئەم دامەزاوە گرنگە بهێنێتەوە بە بەردا، گەر بڕیار بێت ئاڵای دیموکراسیبوون و بە مۆدێرینزمی دامودەزگاکان بەرز کردبێتەوە، پێویستە فۆڕمی راستەقینەی پەرلەمان بەو شێوەیەی کە هەیە، پێناسە بکرێ، مەترسیدارە لە دونیای نوێخوازیدا پەرلەمان ببێتە شوێنی پڕکردنەوەو کار دۆزینەوە، دەکرێت سیاسەتمەداران، هونەرمەندان، پێشمەرگە، یاساناس و رۆشنبیران  لەخۆبگرێ، وەلێ ناکرێ بەم شیوەیەی ئێستا بێت، هەربۆیە گرنگە متمانەی خەڵک بگەڕێتەوە بۆ پەرله‌مان و پەرلەمانتاران، ئەو شێوە میتۆدەی رابردوو بۆ بەڕێوەبردن لەگەڵ ئەم دونیا خێراو گۆڕانکاریانەدا یەک ناگرێتەوە، گەر پەرلەمان ببێتە شوێنی ململانێی حزبی و سیاسییەکان، ئەوا هەر چوار ساڵ جارێک گوێمان لە هەمان سۆزی پلانی بەربژێرەکان دەبێ، لە کۆتایی هەڵمەتی هەڵبژاردن وەک دووکەڵی جگەرە لە هەوا خاپوور دەبێ .
شعریکی شاعیری کۆچ کردوو قانع دەبێژێ
ئەمساڵ عەوداڵی پارو پێرارین

تەخەروجەکان زۆربەی بیکارن

حەڵاڵ خۆرەکان زۆربەی قەرزران

ماستاوچی و چەتەش خاوەن تەلارن

خوازیارم لەسەردەستی ئێوەی پەرلەمانتارەکان کۆتایی بە هەموو ئاستەنگییەکان بهێندرێت تا رۆحی قانعیش ئاسوودە بێت .

نوێنه‌ری پێشووی یه‌كێتی له‌ به‌لجیكا



K24

AM:01:22:13/11/2018