هەنگاوێکی نوێ كردنه‌وه‌ى رادیۆى دواڕۆژ
فاروق مه‌لا مسته‌فا
ئه‌مڕۆ، كه‌ 7ی ئازاری 2016یه‌، ده‌ستپێكردنی په‌خشی رادیۆی دواڕۆژ راده‌گه‌یه‌نین و به‌مه‌ش هه‌نگاوێكی تر له‌دامه‌زراندن و گه‌شه‌پێدانی راگه‌یاندنێكی سه‌ربه‌خۆ و پێشكه‌وتنخوازدا ده‌نێین.

25 ساڵ به‌سه‌ر راپه‌ڕینی گه‌لی كورددا تێده‌په‌ڕێت، كه‌ سه‌ره‌تای قۆناغێكی نوێی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كارگێڕی بووه‌ بۆ كورد. له‌م چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌دا، گه‌له‌كه‌مان رێگه‌یه‌كی زۆری به‌ره‌و پێشكه‌وتن بڕیوه‌ و زۆری دیكه‌ی ماوه‌ بیبڕێت تاوه‌كو بگاته‌ ئاستی چاوه‌ڕوانییه‌كانی خه‌باتگێڕان و دڵسۆزانی ئه‌م گه‌له‌. هۆكاری ناوخۆیی و ده‌ره‌كی له‌ئارادابون كه‌ وایانكردووه‌ ئامانجه‌ باڵاكانی گه‌له‌كه‌مان به‌ده‌ست نه‌هێنرێن، ره‌نگه‌ به‌م دواییه‌ هه‌ندێ كه‌س به‌م نووچدان و راوه‌ستانه‌ بێئومێد بووبن و هه‌لومه‌رجی پێش و سه‌رده‌می راپه‌ڕینیان بیر چوبێته‌وه‌. ئه‌مه‌ش وای لێ كردوین هه‌ست به‌ پێویستیی راگه‌یاندنێكی سه‌ربه‌خۆ و پێشكه‌وتنخواز بكه‌ین كه‌ بتوانێت كار بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجه‌ باڵایانه‌ی گه‌له‌كه‌مان بكات كه‌ راپه‌ڕین هه‌نگاوێكی گه‌وره‌ی به‌و ئاراسته‌یه‌دا ناوه‌.

ده‌زگای دواڕۆژ بۆ روناكبیری و راگه‌یاندنمان دامه‌زراند و ئێستا دوای تێپه‌ڕبونی ته‌نیا شه‌ش مانگ به‌سه‌ر دامه‌زراندنیدا ده‌ستكه‌وتی گه‌وره‌ی تێدا به‌ده‌ست هاتووه‌. له‌ بواری چاپ و بڵاو كراوه‌دا، چه‌ند كتێبێكی دانسقه‌ وه‌رگێڕدراونه‌ته‌ سه‌ر زمانی كوردی و به‌ وه‌رگێڕان و چاپێكی شایسته‌ و به‌ نرخێكی زۆر له‌بار خراونه‌ته‌ به‌رده‌ست خوێنه‌رانی هه‌مو شار و شارۆچكه‌یه‌كی كوردستان. له‌ بواری راگه‌یاندندا، ته‌نیا له‌ ماوه‌ی چوار مانگدا ماڵپه‌ڕی دواڕۆژ توانیوێتی له‌ رووی چه‌ندایه‌تی سه‌ردانكه‌ر و بینه‌ره‌وه‌ ببێته‌ دووه‌مین ماڵپه‌ڕی كوردی و رێگه‌ی چه‌ند ساڵێك به‌ چه‌ند مانگێكی كه‌م ببڕێت. ماڵپه‌ڕی دواڕۆژ چۆنایه‌تییه‌كه‌شی فه‌رامۆش نه‌كردووه‌، له‌ هه‌مو ئه‌مانه‌شدا دواڕۆژ سه‌ركه‌وتووانه‌ توانیوێتی سه‌ربه‌خۆیی و پیشه‌ییبوونی خۆی بپارێزێت و وابكات خوێنه‌ری كورد له‌ هه‌مو جێگه‌یه‌ك خۆی تێدا ببینێته‌وه‌.

ئێستا و له‌ هه‌نگاوێكی دیكه‌دا ده‌ستپێكردنی په‌خشی رادیۆی دواڕۆژ راده‌گه‌یه‌نین. رادیۆ كه‌ناڵێكی گرنگی راگه‌یاندنه‌ و ده‌توانێت خزمه‌تێكی گه‌وره‌ پێشكه‌ش به‌ بیسه‌رانی بكات، ده‌نگیان بگه‌یه‌نێت و سه‌لیقه‌ و هوشیارییان به‌رز بكاته‌وه‌. په‌خشی رادیۆی دواڕۆژ ئه‌مڕۆ له‌ سلێمانییه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات و زۆر ناخایه‌نێت كه‌ له‌ سه‌رانسه‌ری كوردستان له‌سه‌ر شه‌پۆلی 96.7ی ئێف ئێم گوێگرانێكی زۆر له‌خۆى كۆ ده‌كاته‌وه‌.
 
ئامانجی ئێمه‌ له‌ كردنه‌وه‌ی ئه‌م رادیۆیه‌ به‌رده‌وامییدانه‌ به‌و په‌یوه‌ندییه‌ی له‌رێگه‌ی ماڵپه‌ڕی دواڕۆژه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هاووڵاتیاندا دروستمان كردووه‌ و په‌ره‌ی پێ ده‌ده‌ین.

دامه‌زرێنه‌ری ده‌زگای دواڕۆژ

AM:10:36:08/03/2016