‎بۆچی دارستانەکانی ئەمازۆن بۆ جیھان گرنگن؟!
ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا

‎لە ماوەی پێشوودا تەواوی جیھان بە ترسو نیگەرانییەوە سەیری ھەواڵی سووتاندنی دارستانەکانی ئەمازۆن دەکەن، لە ھەندێک وڵاتی جیھانیش پارت و رێکخراوەکانی بواری ژینگەپارێزی  دەستیانکرد بە خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بە حکومەتی بەرازیل و جیھان، چونکە بە پێی پێویستە بەتەنگ کوژانەوەی ئەو ئاگرەوە نەچوون، ھەندێکیش حکومەتی بەرازیل تاوانبار دەکەن بەوەی، کە نیاز  و ئامانجی تری لە پشت ئەم سووتاندنەوە ھەبێت.  لێرەدا پێمخۆشە گرنگی ئەم دارستانە بخەمە ڕوو.


‎رووبەری گشتی
‎ئەم دارستانە یەکێکە لە گەورەترین دارستانەکانی جیھان و کۆی گشتی رووبەری دەگاتە ٥.٥ ملیۆن کم چوارگۆشە، سنووری نۆ دەوڵەتی ئەمریکای لاتین دەبڕێت، کە ئەوانیش : " بەرازیل، پیرۆ، کۆڵۆمبیا، ڤێنزوێڵا، غینای فەرەنسی، ئیکوادۆر، پۆلیڤیا،سیرالیۆن، غیانا" بەشی گەورەی  ئەم دارستانە دەکەوێتە بەرازیلەوەو لە ٦٠% ی پێکدەھێنێت پاشئەویش  پیرۆ دێت و لە ١٣% ی بەردەکەوێت، ئینجا کۆلۆمبیا ١٠%. 


‎لە رووی ژینگەییەوە
‎گرنگی دارستانی ئەمازۆن لە رووی ژینگەیییەوە زۆر گەورەیە، چونکە ئەم دارستانە وەکو سینگی جیھان وایە و لە ٢٠% ی ئۆکسجینی جیھان لەم دارستانەوە دروست دەبێت، ھەربۆیە ئەم نازناوەی وەرگرتووە، ھەروەھا سەرچاوەیەکی گەورەی ئاوی پاکیشە بۆ ئەم کیشوەرە.


‎سەرچاوەی ئاووی پاک
‎لە لایەکی ترەوە بەھۆی بوونی دارێکی زۆر کە ھەریەکەیان دەتوانن بەھۆی ئەو ھەڵمە ئاوییەی کە دروستی دەکەن،  بەتایبەتی ئەو دارانەی  کە بەرزییان ١٠ مەتر بێت دەتوانن رۆژانە ٣ ھەزار لیتر ئاو بەرھەم بھێنێنن، ئەوەش بەھۆی ئەو ھەڵمەی دروستی دەکەن، ھەرئەمەش وایکردووە کە دارستانی ئەمازۆن ببێتە ناوچەیەکی بارانی دەوڵەمەندی جیھان، ھەرئەمەش وایکردووە کە ئەم ناوچەیە بۆتە زەوییەکی پاکو بەپیت بۆ ژیانی ھەزران  مرۆڤ و رووەک و گیانلەبەری جۆراجۆر تێیدا بژین و ببێتە وڵاتی ئەوان.


‎ھەروەھا ھەر لەم دارستانەدا نزیکەی ٥ سەرچاوەی گەورەی ئاوی پاکی خواردنەوەی تێدایە و لە ھەمووشیان گرنگتر رووباری ئەمازۆنە، کە دووەمین گەورە رووباری جیھانە " پاش رووباری نیل" درێژی دەگاتە ٦٩٩٢ کم، ئەم رووبارەش کۆمەڵێک رووباری تری تێدەڕژێت و سروشتێکی دڵڕفێنی بەو ناوچەیە بەخشیوەو سەرچاوەی سەرەکی ئاوی پاکیشە ، بۆ دانیشتوانی ئەم وڵاتانە.   


‎مەترسی بۆسەر دانیشتوانە رەسەنەکەی
‎دیارە نابێت ئەوەمان لە بیربچێت کە ئەم ناوچەیە شوێنی ژیانی  خەڵکی رەسەنی بەرازیلە، کە ماوەی ھەزاران ساڵە لەم شوێنەدا دەژین، بەپێی ھەندێک سەرچاوەی ئەڵمانی بێت، نزیکەی ٣٤٠  ئێتنی جۆراوجۆر لەم شوێنەدا دەژین، بەلەناوچوونی ئەم دارستانەش، ژیانی ئەم خەڵکە رەسەنە لەناودەچێت.


‎لە رووی سامانی ئاژەڵییەوە
‎خاڵێکی گرنگی تری ئەم داستانە ئەوەیە کە ژمارەیەکی زۆری گیانلەبەری تێدا دەژی، ھەندێکیان زۆر دانسقەن و ئەگەری لەناوچوونی کۆتاییان ھەیە، بەتایبەتی لەپاش نەمانی ئەم دارستانە، بەپێی زۆربەی سەرچاوەکان بێت نزیکەی ٣ ھەزار جۆری ماسیی، ١٢٩٤ جۆری باڵندە و ٤٢٧ گیانلەبەری شیردەری تێدایە. 


‎لە رووی سامانی رووکیەوە
‎ئەم دارستانە ملیۆنەھا داری تێدایە، بە پێی ھەندێک سەرچاوە بێت نزیکەی ٤٠ ھەزار جۆر دارو درەخت و گژوگیا تێدایە، ئەمەش سامانێکی گەورەیە بۆ ھەموو مرۆڤایەتی، بەلەناوچوونی ئەم دارستانە، ژیانی ئەم رووەک و گژوگیایەش لەناودەچێت.


‎مەترسی ئاگرەکە
‎لە ئێستادا زۆرێک لە رێکخراو حکومەتەکانی جیھان ترسیان لەناوچونی ئەم دارستانە گەورەیە ھەیە، چونکە ئاگرەکە ھێندە بەھێزبووە لە دەقیقەیەکدا ھێندەی رووبەری دوو یارگای تۆپی پێ دەسوتێنێت. لە ماوەی پەنچا ساڵی رابردووشدا نزیکەی ٢٠% ئەم دارستانە ، بەھۆی لەناوچوون و سووتاندن و ھەروەھا بەکارھێنانی بۆ زەوی کشتوکاڵی و کارگەی پیشەشازی لەناوچووە. ھەروەھا بە پێی راپۆرتێکی دەزگای نیشتمانی بەرازیلی بۆ لێکۆڵینەوەی زانستی بێت، ئەمساڵ چوار جار لەچاو ساڵی پار، رێژەی لەناوبردنی ئەم دارستانە زیاتر بووە، ھەروەھا سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە تەنھا لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا  نزیکە ٢.٢٥٤ کم چوارگۆشە  لەناوچووە، لەکاتێکدا ساڵی پار تەنھا ٥٠٠ کم بووە. ھەموو ئەم ئامارانەش ترسێکی گەورەی خستۆتە دڵی جیھانەوە.


‎فشاری نێودەوڵەتی
‎لە ئێستادا حکومەتی بەرازیل لە ژێرفشارێکی ئێجگار گەورەی جیھاندایە بەتایبەتی پاشئەوەی یەکێتی ئەوروپا و ھەروەھا سەرۆکی فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆن رەخنەی توندی لە بەرازیل گرت و رایگەیاند" ئەمساڵ لەچاو ساڵی پاردا رێژەی سووتاندن بە رێژەی ٨٤% زیادیکردووە، ھەروەھا دارستانی ئەمازۆن تەنھا بۆ بەرازیل گرنگ نییە بگرە بۆ ھەموو جیھان گرنگە".  ھەرئەمەش وایکرد کە جایر بولسونارۆی سەرۆکی بەرازیل  وەڵامی ماکرۆن بداتەوەو پێی بڵێت: ئەمەی ماکرۆن دەیڵێت، سیاسەتی کۆڵۆنیالیزمیی نوێیە".


‎ئامانجی نھێنی حکومەتی بەرازیل
‎ھەندێک لە پارت و رێکخراوەکانی بواری ژینگەپارێزی حکومەتی بەرازیل تۆمەتبار دەکەن بەوەی، کە درەنگ ھەوڵی کوژانەوەی ئەم ئاگرەی داوە، لەمەشدا کۆمەڵێک ئامانجی سیاسی و ئابووری ھەیە، لە رووی سیاسییەوە دەیەوێت دووبارە گرنگی ئەم دارستانانە بۆ جیھان بخاتە ڕوو تاوەکو لە مەیدانی نێودەوڵەتی پێگەی بەرازیل بەھێزتر بکات. لە رووی ئابووریشەوە، ئەم ناوچەیە سامانێکی سروشتی زۆری تێدایە بەتایبەتی نەوت و گاز، حکومەتی بەرازیلیش دەیەوێت سوودیان لێوەربگرێت، ھەروەھا بۆ زیاترکردنی رووبەروی کشتوکاڵیش بەکاریبھێنێت، ھەرچەندە حکومەتی بەرازیل ئەم تۆمەتانە رەتدەکاتەوە.




NRT
AM:04:38:09/09/2019