میدیا لەنێوان بەرپرسیارێتی‌ودەمارگیریدا
ئالان رووف
هەڵبژاردن ئەگەرچی هەمو دیموكراسیەت نییە بەڵام ئەدگارێكی دیار‌و گرنگی دەركەوتنی دیموكراسیەتە‌و لەناو ئەو پرۆسەیەشدا میدیا روبەرێكی دیاریكراوی داگیركردووە بۆ جوانكردنی ئەو پرۆسەیە یان ناشرینكردنی بەهەمو رەهەندەكانیەوە .
 
قۆناغی ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ میدیاكان قۆناغێكی گرنگ‌و پر بەرپرسیارێتی‌و سەختە بەتایبەت بۆمیدیای حزبی تایبەت تر بۆ ئەو حزبانەی ململانێ‌و كێبركێ بردنەوەی هەڵبژاردن دەكەن , چونكە ئەو جۆرە میدیایە لەلایەك دەیەوێت زۆرترین دەنگ بۆ حزبەكەی كۆبكاتەوە لەلایەكی تریشەوە كار بۆ كەمكردنەوەی دەنگی حزبە رەكابەرەكانی دەكات ,  سەرباری ماوەی دیاریكراوی بانگەشەكە‌و ئەو كۆت‌و بەندو چوارچێوەیەی رێساكانی كۆمسیۆن دیاریكردووە ‌و پابەندبون بەهەندێ بەهای ئەخلاقی‌و پیشەیی لەبەرامبەر ئەو ئەركە قورسەی حزب بە میدیای دەسپێرێت  وایكردووە میدیای حزبی تارادەیەكی زۆر بابەتی بون‌و پیشەیی بونی خۆی لەدەست بدات‌و سەربكێشێ بۆ زمانی زبر‌و پرتوندوتیژی تارادەی دەمارگیری  , تاوەكو لە كۆتای بانگەشە‌و رۆژی هەڵبژاردن نزیكتر بینەوە ئەو رۆڵەی هەندێك میدیا دەیگێرن ناشرینتر‌و نابەرپرسانەتر دەبێت   وەك ئەوەی ئەمرۆ لە بەشێك لە میدیا حزبیەكانی كوردستانی دەیبینین بە ئۆپۆزسیۆن‌ودەسەڵاتەوە . 
 
لەناو میدیاكانیشدا تەلەفزیۆنەكان زۆرترین پشكیان بەردەكەوێت چونكە كاریگەریان لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن‌و جوڵەی دەنگدەر‌و سایكۆلۆجیای خەڵك بەگشتی زۆر زیاترە لە هۆكارەكانی تری میدیا و بێ ماندوبون بەئاسانی دێتە ماڵەكانمانەوە‌و موخاتەبەی هەمو شەریحەكان دەكات  لە هەر ئاستێكی هۆشیاری‌و سیاسی‌و كۆمەڵایەتیدا بن.
 
زمانی زبر‌و تورەیی‌و دەمارگیری میدیاكان بەخێرای  دەگوازرێتەوە بۆ نێو شەقام‌و ئاراستە‌و جوڵەی شەقام دیاریدەكات‌و دەبێتە هۆی پێكهەڵپژانی ئەندامان‌و جەماوەری لیست‌و گروپەجیاوازەكان ‌و هاندانیان بۆ كردنی توندوتیژی ئەوەش ئەورۆڵە نەگەتیڤ‌و نابەرپرسانەیە كە میدیا دەیگێرێت , لەم نێوەندەشدا دەنگی رەقی بێژەرە تورەكان ‌و هەڵچون‌و هەستانی دەماری پێشكەشكارە دەمارگیرەكان  ‌و لێدوانی ئاگرینی بەرپرسان‌و بەیاننامە رەسمیەكانیش زۆرترین كاریگەریان لەسەرخۆشكردنی ئاگری ئەو دوكەڵە هەیە.
 
ئەزمونی میدیای حزبی لە بانگەشەكانی هەڵبژاردنی كوردستاندا بەجۆرێك جێی مەترسین كە زۆرجار ئەو توندوتیژیانەی لە گوتاری میدیاكاندا دێنەدەر زۆربەئاسانی تەرجەمەكراوە بۆسەر شەقامەكان‌و رووداوی ناخۆش‌و نەخوازراوی لێكەوتۆتەوە , زمانی زبرو پرتوندوتیژی ئەو جۆرە میدیایە بەجۆرێك كاریگەر‌و ئازاربەخشە  لایەنگر‌و ئەندامانی حزبەكان خۆیان لە تەماشاكردنی میدیای رەكابەرەكانیان بەدوردەگرن‌و دەدزنەوە چونكە هەست بەجۆرێك لە شعور برینداركردن‌و ئێسك شكاندن دەكەن ,  لەكاتێكدا یەكێك لە ئەركەكانی میدیای حزب لەبانگەشەدا هەوڵدانە بۆ ئەوەی زۆرترین ئەندام‌ولایەنگری حزبە ركابەرەكانیان بەدیار گوتار‌و پەیامی  میدیاكانی خۆیەوە دابنیشێنێت تا كاریگەری گۆرینی هەڵوێست‌و دەنگدانی لاجێبهێلێت نەك ویژدان‌و رۆحیان ئازاربدات , بەداخەوە لەو بانگەشانەدا هەندێ دەستەواژە‌و موفرەدات‌و دەربرینیش بەرگوێ دەكەون كە هیچی كەمترنییە لەو دەستەواژە‌و ئەدەبیاتە ئیعلامیەی كە لەرابردودا دژ بە داگیركەران‌و دوژمنانی گەلەكەمان وتراون.
 
لەم قۆناغەی ئێستای كۆتایی بانگەشەی هەڵبژاردن‌و دووركەوتنەوە لە دەمارگیری‌و زمانی رق‌و زبری میدیای حزبی‌و بەخشینی ئارامی بەشەقامەكان   دوو پرەنسیب هەیە زۆر گرنگە هەم میدیاكان باوەریان پێهەبێت‌و بیپارێزن‌و دەستی پێوەبگرن هەم حزبەكانیش , یەكەمیان ئازادی بەواتای ئازادبونی هاوڵاتی لەبەردەم مومارەسەكردنی مافی دەنگدان‌و هەڵبژاردن _ دووەمیان دیموكراسیەت بەمانای بونی رای جیاواز‌و قبوڵكردنی دەنگ‌و رەنگی جیاواز , هەركاتێك میدیای حزبی لەسەرو ئەوانیشەوە حزبەكان باوەر‌و قەناعەتیان بەم بەهایانە هێنا ئەوا میدیاكان دووردەكەونەوە لە تورەبون ‌و دەمارگیری‌و بیستنی قیژەی شەقام‌و نزیك دەبنەوە لە بابەتیبون‌و پیشەیی بون‌و پاراستنی ئاشتی كۆمەڵایەتی ‌و بیستنی دەنگی نەرمی شەقام. 
 
هەربۆیە میدیا بەگشتی‌و میدیای حزبی بەتایبەتی دەبێت باش ئەو ئەرك‌و بەرپرسیارێتییە بەجێبهێنێت كە لە بانگەشەی هەڵبژاردندا لەئەستۆیدایە ‌و باشتر لەو بەهایانە بگات كە هەموان پابەند دەكات ‌و تەندروستتر ئەو ئامانجانە بپێكێت كە رەنجی  بۆ دەدات , ئامانجەكانیش لەمانەدا خۆی دەبینێتەوە , یەكەم _ هاندانی خەڵك ‌و دەنگدەر بۆ بەشداری لە پرۆسەی دەنگدان چونكە تا رێژەی بەشداربون زۆربێت شەرعیەتی هەڵبژاردن زیاتردەبێت دووەم _ بانگەشە بۆ ناساندنی بەرنامەی لیست‌و كاندیداكان بەدەنگدەر بەوجۆرەی كۆمسیۆن‌و بنەماكانی ئیتیكی رۆژنامەوانی رێگەی پێدەدات   سێیەم _ خستنەروی دونیابینی سیاسەت‌و فەلسەفەی حزبەكەی بۆ مەسەلە ستراتیژی‌و نیشتمانیەكان‌وداهاتوی وڵاتەكەی  .
 
 بەڵام بەداخەوە ئەوەی تا ئەمرۆ لە گوتاری  بەشێك لە میدیا حزبیەكانی كوردستان دەگوزەرێت هەوڵدانە بۆ ئیرهابی فكری‌و سیاسی‌و حزبی‌و كەسی نەك هاندان بۆ بەشداری زۆرترین خەڵك لە پرۆسەی هەڵبژاردن‌و ئامانجەكانی تر, ئەوەش وامان لێدەكات قەناعەت بەو پەند‌و رستەیە بهێنین كە پرۆسەی هەڵبژاردن تەنها لای ئەو میللەتانە قەدرونرخی هەیە كە تاقیان نەكردۆتەوە‌و هێشتا پێی نەگەشتون.

له‌ شار پریس وه‌

PM:12:37:02/05/2014