لەپشتیوانی خالەقیدا
شوان حەمە

گەڕانەوەی مامۆستا مەزهەری خالەقی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و زێدی خۆی لەشاری سنە، هەرایەکی بەربڵاوی بەدوای خۆیدا هێناوە.
بەشی زۆری ڕەخنە و هێڕشەکان بۆ سەر خالەقی، پەیوەندیان بە هەڵوێستی پێشوەختی سیاسیانەوە هەیە، تا ئەو ئاستەی هیچ کەس باسی هونەری موسیک و گۆرانی ئەو زاتە ناکات

خالەقی پەروەردەی د ەستی ڕۆستەم موقەدەس و حەسن کامکار (باوکی کامکارەکان)ە. یەکەمین هەنگاوی هونەری خالەقی فیربونی مەقامی فارسی بووە، بەڵام هەر زوو ڕووی لەگۆرانی و موسیکی کوردیی کردوە و لەڕادیۆی سنە و دواتریش لەتاران لەگەڵ دیارترین موسیکزانە کوردەکان، دەیان گۆرانی جوانی کوردییان بەرهەم ‌‌هێناوە، کە تا ئێستاش لەویژدان و یادەوەری چەندین نەوەدا بە زیندووی ماون.

دەبوا ڕەخنەگران و هێرشبەران ئەو ڕاستییەیان لەبیرنەکردایە کە مێژووی خالەقی مێژووی کاری هونەری ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانە. خالەقی لەزەمەنێکدا بوو بە خالەقی کە شای ئێران، کورد و نەتەوەکانیتری بە توندترین شێوە دەچەوسانەوە، بەڵام ئەو سەرقاڵی نوێکردنەوەی گۆرانی کوردی بوو، بۆ یەکەم جار لەمێژووی هونەریی ئێمەدا، کوالیتی گۆرانی کوردی تا ئاستی ئۆرکسترا گەورەکانی تاران بەرزکردەوە.

عەباسی کەمەندی و شەهرامی نازری و شاروخی و کامکارەکان لەزەمەنی جمهوری ئیسلامیدا و حەسەنی کامکار و حەسەن زیرەک و ئەوانیتر لەزەمەنی شادا، دەیان شاکاری هونەریی ناوازەیان بۆ بەجێهێشتووین.
ئایا بوونی جەلالی مەلەکشا لەشاری سنە باشترە یا لەئاوارەیی؟ 
باشتر نەبوو ماملێ لەشاری خۆی و لەناو خەڵکی خۆیدا ژیا؟ 
مەزاری حەسەن زیرەک لەسەر گردی ناڵەشکێنە باشترە یا وەک نالی و حاجی قادری کۆیە گۆڕغەریب بوایە؟

ڕەخنەگران و ‌‌هێرشبەرانی سەر خالەقی کێشەی گەورە و بونیادیان لەگەڵ "جیاکاری" هەیە! جیاکاری بەو مانایەی پەیام و ئەرکی هونەر لەدۆخی کورد لەڕۆژهەلاتی کوردستان، تەواو لەپەیام و ئەرکی سیاسی جیاوازە!

بڕوانن ئێمە چەند شکستی سیاسیمان بینیوە! ئەوکاتانەی سیاسییەکانمان دوای خۆیان دەستکەوتێکیان بۆ بەجێ نەهێشتوین، چۆن هونەر و موسیک و شیعری کوردی دڵخۆشی داوینەتەوە. چۆن هونەرو شیعرو موسیکی کوردی پارێزگاری لەفەرهەنگ و شوناسی ئێمە کردووە

ڕەنگە ڕێکەوت نەبێت ساڵانێک بەر لەئێستا، خالەقی گۆرانی بۆ بێڕوحمان و دڵبەردان وتووە، لەکاتێکدا ناسیونالیستی توڕە و بێ فیکر و ئەوانەی لە زۆر شت بێئومێد بوون، لەم زەمەنەدا وەک "نەسیمی ساردی پایز" پەلاماری ڕۆح وهونەری ئەو زاتە دەدەن!

AM:06:55:04/07/2019