كێڵگه‌ی عێراق زه‌وییه‌كی بێ پیت و به‌ره‌كه‌ته بۆ ژنان، نه‌ده‌توانن به‌رهه‌می تێدا بچێنن و نه‌ده‌توانن به‌شداربن له خواردنی به‌رهه‌می زه‌وییه‌كه، له‌كاتێكدا خۆیان له‌سه‌رجه‌م قۆناغه‌كانی به‌رهه‌مهێناندا رۆڵی سه‌ره‌كییان هه‌یه، ئه‌گه‌ر بۆ ئه‌م نموونه‌یه سوود له تیۆرییه‌كه‌ی ماركس وه‌رگرین، ئه‌وا ژنان به‌هۆی بیبه‌شبوونیان له‌به‌رهه‌مه‌كه‌یان زۆر به‌تووندیی تووشی «نامۆبوون» بوون.
كۆمه‌ڵگه‌ی عێراق، وه‌ك مرۆڤ مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ژن ناكات، پیاوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی وه‌ك راوچی به‌شوێن ژنانه‌وه‌ن، «جوانترینیان ده‌وێت، به‌ڵام له‌ناو قه‌فه‌زدا»، سه‌رجه‌م قانون و دابونه‌ریته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌ستراتیژدا پیاوانه‌ن، یان پیاو شیكردنه‌وه‌یان بۆ ده‌كات و ده‌چنه خانه‌ی زیانی ژنانه‌وه.
له‌دوای پرۆسه‌ی به‌ناو ئازادكردنی عێراقه‌وه، ژنی كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی تووشی چه‌ندین جۆری جیاواز له توندووتیژیی بۆته‌وه، له‌پێشتر و له‌سه‌رده‌می سه‌دام حسه‌ینی گۆڕبه‌گۆڕدا، ژنان له دۆخێكی زۆر ناهه‌مواردا ده‌ژیان، به‌جۆرێك هه‌ر بنه‌ماڵه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر كچێكی جوانی به‌دڵی به‌عسییه‌كان هه‌بووایه و به‌عسی نه‌بوونایه، له‌ترسی شه‌قاوه‌كانی «عوده‌ی و قوسه‌ی» كوڕی سه‌دام، ده‌بوو له كونجی ماڵه‌وه زیندانی بكرێت، نه‌وه‌ك رۆژێك بیبه‌ن و ببێته‌مایه‌ی نه‌گبه‌تی بۆ ماڵه باوكه‌كه‌ی، له‌سه‌رده‌می دوای سه‌دامیش كه حوكمی مه‌زهه‌بی له عێراق باڵاده‌ستبووه، ژنان له‌و عێراقه به‌ناو ئازاده‌دا هیچ ده‌ستكه‌وتێكی باشیان نه‌چنییه‌وه، ته‌نیا ده‌توانین ئاماژه به‌زیادبوونی ژماره‌ی «بێوه‌ژنان» بكه‌ین كه زیادیكردووه له یه‌ك ملیۆنه‌وه بۆ زیاتر له سێ ملیۆن! ده‌كرێت بڵێین عێراقی دوای سه‌دام عێراقی مه‌زهه‌ب و پیاو و مه‌رجه‌عیه‌ت و بزوتنه‌وه‌ی تیرۆریستی و مافیای ژن رفێن و داعشی دژه مرۆڤ و منداڵی بێباوك و بێ ناسنامه‌یه و پیاوی تێدا به‌ره‌ڵڵاكراوه بۆ هێرشكردنه سه‌ر ژنان.
كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی له هه‌موو شێوه جیاوازاه‌كانی خه‌بات سوود وه‌رده‌گرێت بۆ سزادانی ژنان، تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كه پیاوه عێراقیه‌كان پێشتر بۆ بڵاو كردنه‌وه‌ی نێرگه‌له و سه‌یران و ده‌عوه‌تی نانخواردن و حوشتر سواری و زۆرجار شه‌ڕه سه‌ربازییه‌كان به‌كاریان ده‌هێنا، ئێستا هه‌ندێكیان كردوویانه‌ته سه‌كۆی بڵاوكردنه‌وه‌ی قسه‌و وته‌ی ناشرین و توندوتیژ دژ به‌و ژنانه به‌شداریی سیاییان كردووه له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراقدا، ئه‌وه‌ی زۆر مایه‌ی سه‌رنجه هه‌ندێك لاپه‌ڕه و هه‌ژماری تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كه خاوه‌نه‌كه‌یان عه‌ره‌بن به‌ناوی «ناشگ المدنی»یه‌وه قسه له‌سه‌ر ژنان ده‌كه‌ن!، بێئه‌وه‌ی چه‌ندین ساڵه ورته‌یه‌كیان دژی هه‌موو ئابڕووچوونی پیاوه‌كان بووبێت.
ره‌خنه‌گرتن له‌هه‌ر كه‌سێك به‌گوێره‌ی كاره گشتییه‌كه‌ی بابه‌تێكی ئاساییه به‌گوێره‌ی قانون، به‌ڵام سووكایه‌تیكردن به ژنان و له‌كه‌داركردنی ئابڕوویان جێگه‌ی نه‌نگیه‌و كارێكی ناقانوونیه، به‌تایبه‌ت ئه‌و ژنانه له رێككاره‌كانی كۆمیسیۆن بۆ خۆپاڵاوتن سه‌ركه‌وتوبوون و گرفتیان نه‌بووه، به‌ڵام كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی وه‌ك نێچیرێكی زه‌لیل له‌و ژنانه ده‌ڕوانن و بۆ سیاسه‌تی گڵاوی پارته سیاسییه‌كانی خۆیان به‌كاریان ده‌هێنن، له‌كاتێكدا زۆرینه‌ی ئه‌و پیاوانه‌ی كه له‌سه‌ر تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان باسی ئه‌و ژنانه ده‌كه‌ن، بوێری ئه‌وه‌یان نه‌بووه رۆژێك له دژی داعش بووه‌ستن، له‌كاتێكدا داعش ژن و كچ و دایكانی ده‌برد و ده‌یفرۆشتن. گومانی هاوبیری له‌م پیاوانه ده‌كرێت جا چ له‌ناو داعش بن یان له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی!
عێراق وڵاتێكی ناچیزه‌یه، بۆ ژیانی ئاسایی مرۆڤ نابێت، چجای ژن، كه مافی له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا زۆر له دوای پیاوه‌وه‌یه، بوونی مێژووی ژیانی بوونه‌وه‌ر یان مرۆڤ له‌سه‌ر ئه‌م خاكه «ئه‌گه‌ر راستبێت» كه ئێستا به هه‌ڵه پێی ده‌وترێت «شارستانێتی» هیچ به‌هایه‌كی بۆ ئێستا نییه، چونكه هیچ دوو پارێزگایه‌كی عێراق نییه به‌بێ كێشه بتوانن ماوه‌ی یه‌ك ساڵ له ژێر حوكمی قانونیشدا پێكه‌وه بژین، به‌ڵكو عێراق دۆزه‌خی ژیانی مرۆڤ و وه‌یله بۆ ژنان.
كوردستانیش وه‌ك به‌شێكی لكێنراو به عێراقه‌وه به‌هۆی كه‌لتوری حوكمڕانی پیاوانه‌ی به‌عس و جه‌للاده‌كانیه‌وه به‌شێكی زۆر له‌نه‌ریتی كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی تێدا ره‌نگیداوه‌ته‌وه‌و به‌شێك له «پیاوانی كورد»یش درێغی ناكه‌ن له هه‌ر هه‌لێك كه بۆیان رێكبكه‌وێت دژ به ژنان. تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان چه‌ندین «فس‌فس پاڵه‌وان»ی بۆ ئه‌م خواسته پۆپۆلیستییه قه‌ڵه‌وكردووه و دابه‌سته‌ی كردوون و مڕ له ژن ده‌خۆنه‌وه و له‌هه‌ر جێگه‌یه‌ك ژنێك ده‌ربكه‌وێت بۆ به‌شداریی سیاسیی یان قسه‌یه‌كی هه‌بێت، له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان پێیدا ده‌ڕشتێنه‌وه.
هه‌موو ئه‌و پرۆسه سیاسییه‌ی له‌عێراق ده‌گوزه‌رێت و زۆرجار به‌هه‌ڵه پێی ده‌وترێت «پرۆسه‌ی دیموكراسی»، وه‌ك بێژانه‌وه‌ی ئاو وایه به قه‌ڵبیر- بێژنگ، و هیچی لێناچنرێته‌وه مادام له‌بنه‌مادا كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك دروستی ده‌كات كه بڕوای به وه‌كیه‌كی و ماف و مرۆڤبوون نییه، به‌ڵكو دووباره كردنه‌وه‌ی قه‌وانی كۆنی رابردووه و هه‌ندێك پیاوی زگزل ده‌بنه‌وه به حاكمی عێراق و ته‌نها ژماره‌ی بێوه‌ژن و ژنی رفێنراو زیاد ده‌كه‌ن و هیچیتر!.
كوردستانی نوێ