ئه‌رێ ده‌سه‌ڵاتی كوردی‌و حكومه‌ت‌و په‌رله‌مان له‌كوێن وا ئاگایان له‌و سوكایه‌تی پێكردنه نییه كه له‌لایه‌ن هه‌ندێ مه‌لاوه به‌م رۆژگاره به‌ژنانی كوردستان ده‌كرێت؟ یان ئاگایان لێیه‌تی‌و گوێی خۆیان لێخه‌واندوه‌و داویانه به‌ده‌میانه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌مو رۆژێك ده‌ستدرێژی بكه‌نه سه‌ر مافه‌كانی ژنان‌و سوكایه‌تییان پێبكه‌ن؟!
ئێستا مه‌لایه‌ك له‌باشوری كوردستانه‌وه له ڕێگه‌ی چه‌ند په‌یامێكه‌وه سه‌رقاڵی هاندانی كۆمه‌ڵگه‌یه له‌دژی ژنان، كه ناوی "مه‌لا مه‌زهه‌ر"ه. ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكه گرته ڤیدیۆیه‌كانی ئه‌م "مه‌لا مه‌زهه‌ر"ه بوه‌ته بابه‌تی گه‌رمی تۆڕه كۆمه‌لاَیه‌تیه‌كان‌و هه‌ر جاره‌و به‌جۆرێك و به‌زمانێكی گاڵته‌ئامێز سوكایه‌تی به‌ژنان دهكاو په‌یامی نه‌شیاوی دور له‌هه‌موو به‌ها كۆمه‌لاَیه‌تی‌و مرۆیه‌كان بۆ كۆمه‌ڵگه به‌گشتی‌و بۆ پیاوان به‌تایبه‌تی ده‌نێرێت. به‌ناوی ئاینه‌وه هێرش ده‌كاته سه‌ر ژنان‌و په‌لاماری مافه‌كانیان ده‌دات. به‌بێ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم‌و وه‌زاره‌ته به‌رپرسه‌كان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌مو سوكایه‌تی‌و داشۆرینانه‌دا ده‌نگیان لێوه بێت!
ئه‌وه‌ی جێی سه‌رسوڕمانه بونی دوو وه‌زاره‌تی گه‌وره‌ی وه‌ك ئه‌وقاف و ڕۆشنبیرییه كه ده‌بینن رۆژانه ئه‌م پیاوه قسه‌ی سه‌یرو سه‌مه‌ره به‌رامبه‌ر به‌ژنان ده‌كات كه‌چی جڵه‌ویان بۆ شل كردوه‌و لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ناكه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌فه‌رمی رێگه‌ی پێدرابێت ئه‌و هه‌مو قسه بێ به‌هاو سوكایه‌تیانه به‌رامبه‌ر به‌ژنان بكات! ئایا ئه‌مه بردنه‌وه‌ی عه‌قڵی كۆمه‌ڵگه نییه به‌ره‌و چاخی به‌ردین‌و دو هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر كه مه‌لایه‌ك خۆی بكات به‌نوێنه‌ری خوا‌و موسڵمانان‌و هێرش بكاته سه‌ر ژنان؟! كێ له‌مه به‌رپرسه كه رۆژ نییه ئه‌م مه‌لایه له‌و كه‌ناڵه‌و به‌رنامه ئه‌لكترۆنیه‌ی له‌سه‌ر تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ئینته‌رنێت په‌خشی ده‌كات په‌لاماری ژنان نه‌دات؟!
مه‌لا مه‌زهه‌ر ئه‌یه‌وێ هه‌مومان وه‌كو ئه‌و بیر بكه‌ینه‌وه، بیركردنه‌وه‌یه‌ك كه ته‌واو ره‌ش ده‌نوێنێ، ئاخر ئه‌مه چ گاڵته‌جاڕییه‌كه كه تازه به‌تازه پێمان ده‌ڵێ "هه‌ر ژنێك رازی نه‌بێ پیاوه‌كه‌ی ژنی دوه‌م‌و سێهه‌م‌و چواره‌می به‌سه‌ر بهێنێت ده‌چێته دۆزه‌خ"! له‌وه‌ش سه‌یرو سه‌مه‌ره‌تر‌و كۆمید‌یتر نه‌ك هه‌ر داوا له‌پیاوانی كورد ده‌كات "ژنی دوهه‌م‌و سێهه‌م بهێنن"، به‌ڵكو دا‌واشیان لێده‌كات "ژنی تورك‌و عه‌ره‌ب‌و فارس بهێنن، له‌به‌رئه‌وه‌ی ژنی كورد ئاغایه‌و هه‌ر ئه‌مر دهكاو مه‌یانهێنن"!
ئه‌م مه‌لایه به‌وه‌شه‌وه ناوه‌ستێ باس له‌قژ‌و جلوبه‌رگ‌و پۆشاك‌و سوراوی لێویشمان دهكاو ئه‌گه‌ر به‌قسه‌شی نه‌كه‌ین به"تونی دۆزه‌خ" هه‌ڕه‌شه‌مان لێده‌كات!
كوا لایه‌نی به‌رپرس به‌رامبه‌ر به‌م ته‌شه‌نه‌دانه به‌هۆش تاریكی‌و به‌رامبه‌ر به‌دژایه‌تیكردنی ژیانی شارستانی‌و ئازادی تاكه‌كه‌س؟ كێ له‌سه‌ر ئه‌م هه‌موو ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ر ئازادییه‌كان‌و سوكایه‌تی كردنه به‌ژنان هه‌ڵده‌داتێ كه هه‌مو سنورێكی ئه‌خلاقیان به‌زاندوه؟
به‌داخه‌وه ناشیرینكردنی ئه‌م وڵاته به‌م فسه‌و هات‌و هاواره بێ به‌هایانه، له‌كاتێكدایه كه هێشتا ئه‌م جۆره مه‌لایانه كاریگه‌رییان له‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌ی به‌شێكی كۆمه‌ڵگه ماوه‌و دواجار كۆمه‌ڵێك لێكه‌وتی خراپ به‌دوای خۆیاندا ده‌هێنن. ئه‌مه له‌كاتێكیشدایه كه ساڵ به‌ساڵ رێژه‌ی توندوتیژیی دژ به‌ژنان له‌هه‌ڵكشان‌و زیادبوندایه، به‌پێی ئه‌و ئامارانه‌ی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان بلاوی ده‌كه‌نه‌وه.
بۆیه پێویسته هه‌رچی زوه حكومه‌تی هه‌رێم‌و وه‌زاره‌ته‌كانی ڕۆشنبیری‌و ئه‌وقاف‌و لیژنه‌كانی مافی مرۆڤ له‌په‌رله‌مانی كوردستان‌و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی‌و رێكخراوه‌كانی ژنان‌و ئافره‌تان كار بكه‌ن بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی بلاَوكردنه‌وه‌ی ئه‌و جۆره په‌یامانه‌و به‌دادگا گه‌یاندنی ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌یانه‌وێ ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیمان به‌رنه‌وه بۆ دو هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر.