کێن ئەوانەی ڕەخنە لە ڕێکخراوەکانی ژنان دەگرن
ناسک واحید

گەورەترین ھەڵەی کۆمەڵگا ئەوەیە کە پێی وابێت چارەسەرەکانی دۆخی ژنان تەنھا لە ئەستۆی ڕێکخراوەکانی ژناندایە، وەک ئەوەی تەنھا ڕێکخراوەکانی ژنان ھۆکاری ئەو ھەموو ئیھانە و ژنکوژییە بن، ڕاستە ڕێکخراوەکان دامەزراوەیەکن بۆ چارەسەری کێشەی ژن و دەبێت پەنایەکی تەندروست بن بۆ ژنانی بێپەناو ھەڕەشەلێکراو، خۆ ئەگەر ڕێکرخراوەکانی ژنان بە باشیش بەم کارەیان ھەڵنەستابن ئەوە ھەموو کەموکوڕی و ئەو تاوانانەی بەرامبەر بە ژنان دەکرێت لە ئەستۆی ڕێکخراوەکەنی ژنان نییە، چونکە مێژووی میلەتی ئێمە پێش دروستبوونی ڕێکخراوەکانی ژنانیش پڕ بووە لە ژنکوژی و ژن چەوساندنەوە و بەکۆیلەکردنی ژن، پڕ بووە لە لێدان و بەکەم ڕوانین لە ژن!

لە دنیادا دوو جۆر ڕەخنە ھەن؛ ڕەخنەی دروستکەر و ڕەخنەی ڕووخێنەر. ڕەخنەی دروستکەر بۆ ئەوەیە کە باشتر ھەنگاوەکانت بنێیت تا ئامانجەکانت باشتر بپێکیت و خەونەکانت بەردەست بن. ڕەخنەی ڕووخێنەر بۆ دژایەتییە و بۆ ئەوەیە کە تۆ لە ھەنگاونان بوەستێنێت و ھەموو ئامانج و خەونەکانت ون بکات.

لە کوردستانیش دوو جۆر لە خەڵک ڕەخنە لە ڕێکخراوەکانی ژنان دەگرن، جۆرێکیان ئەو خەڵکانەن کە پڕ بە ویژدان و دڵسۆزییان ڕەخنە لە ڕێکخراوەکانی ژنان دەگرن، بۆ ئەوەی ڕێکخراوەکانی ژنان باشتر بەردەوام بن و ئامانجی گەورەتر بەردەست بکەن، جۆرەکەی تر ئەو خەڵکە ڕەخنەگرەن کە بە ھەموو ھێز و بوونیان دژی ژن و دەرکەوتنی ژن و ئازادیی ژنن. بۆیە زۆر بە ڕوخێنەرانە ڕەخنە لە ڕێکخراوەکانی ژنان دەگرن، نەک بۆ ئەوەی کاری باشتر بکەن بەڵکو بۆ ئەوەی ئاسەواری ھیچ ڕێکخراوێک بە ناوی ڕێکخراوی ژنان نەمێنێت و پێیان خۆشە ژن تەنھا لە چوارچێوەی دیواری ماڵدا زیندان بێت، بۆیە ڕەخنەی ئەو جۆرە لە خەڵک نابێت جێگەی بایەخ بێت. ئەو جۆرە خەڵکە حەز بە سڕینەوەی ھەموو جۆر چالاکییەکی ژنان دەکەن و ھەموو خراپی و دڕندەییەکانی خۆیان دەرحەق بە ژن دەخەنە ئەستۆی ڕێکخراوەکانی ژنان، تەنھا ئامانجیان ئەوەیە ھیچ ڕێکخراوێک نەمێنێت کە ئیش بۆ ژن بکات و ئەمانیش بەردەوام بن لە چەوساندنەوەی ژنەکانی ناو خێزانەکانیان.

بەشێک لە کۆمەڵگا لە ئەرکی خۆی تێنەگەشتووە و پێی وایە ئەوەی ھەڵەی خێزانەکانیش لە ئەستۆی ڕێکخراوەکانی ژنانە بێ ئەوەی ڕۆژێک ئەندامێکی ئەو خێزانە سەردانی ڕێکخراوێکی ژنانی کردبێت، بەڵام لە کاتی ئەگەری ڕوودانی ھەڵە و تاوان ڕاستەوخۆ  ڕێکخراوەکانی ژنان تاوانبار دەکرێن، ئەمەش مانای ئەوەیە کە خێزان ھیچ ڕۆڵێکی نەبێت لە پەروەردەکردنی تاکەکاندا و ھەموو شتێک ئەرکی ڕێکخراوەکانی ژنان بێت و خێزان ھیچ ھەڵەیەکی نییە لە ئاڕاستەکردنی تاکەکانی و بەرھەمھێنانی نەوەیەکی توندڕەو لە کۆمەڵگادا لە کاتێکدا پێچەوانەی ئەم قسە ڕاستە و خێزان قوتابخانەی یەکەمی مرۆڤە چونکە لە نێوان خێزان و تاکەکانی خێزاندا پەیوەندییەکی سۆزی ھەیە کە جۆرێک گوێڕایەڵی دروست دەکات، ھەر ئەم گوێڕایەڵیکردنە سۆزییە وا دەکات کە تاک زۆرترین کاریگەریی پەروەردەی خێزانی لەسەر بێت.

ڕێکخراوەکانی ژنان بێ کەم و کوڕی نین لە کوردستان بەڵام دەبێت خەڵک لەوە تێبگات کە ئەگەر ڕێکخراوەکانی ژنان لە باشترین دۆخی کارکردن و خزمەتیشدا بن ھێشتا ھەر خێزان پلەی یەکەمی بەردەکەوێت لە چۆنێتیی بونیاتنانی کەسێتیی تاک، وە ڕێکخراوەکانی ژنان لە باشترین دۆخی کارکردنیشدا ناتوانن ھەموو کلتووری ژنکوژی و بەکەم ڕوانین لە ژن و لێدان لە ژن و نەھامەتییەکانی ژن بسڕنەوە، بێ پشتگیری خێزان و یاساو حوکمەت و کۆمەڵگا، چونکە دواجار ڕێکخراوەکانی ژنان پەنایەکن بۆ ژنانی بێپەنا لە کاتی دروستبوونی کێشە نەک ئەوەی قوتابخانەیەک بن کە تاکەکان لە منداڵییەوە تێیدا گەورە بووبێتن، بۆیە ئەم تاوانبارکردنە موتڵەقەی ڕێکخراوەکانی ژنان شتێکی نادادپەروەرانەیە، ھەڵبەت ئەو تاوانانەی دژ بە ژنان کە ڕوودەدەن تاوانێکی کلتووری و ئایدۆلۆژییە، نەک ئەوەی باڵادەستی ڕێکخراوەکانی ژنان ھۆکاری ئەو تاوانانە بن.

شوێن ھەیە ھیچ ڕێکخراوێکی ژنانی تێدا نییە، بەڵام ژنکوژی لێیە، کەواتە ئەگەر ھاوکێشەی قسە و ڕەخنەکانمان پێچەوانە بکەینەوە، دەبێت بڵێین ئێمە فەراغی نەبوونی ڕێکخراوی ژنانی سەرکەوتوومان ھەیە، ئەرکی حوکمەتە کە دەبێت ھاوکار بێت تا لە ھەموو گوند و قەزا و شار و شارۆچکەیەکی ئەم نیشتیمانە ڕێکخراوێکی سەرکەوتووی ژنان ھەبێت، کە ژنان لە کاتی ھەڕەشە لە سەریان و لە بێپەناییدا پەنای بۆ ببەن. واتە پێویستە ھەموو ھەوڵ بدەین ڕێکخراوەکانی ژنان باشتر و زیاتر بکەین، نەک وەک ئەو ڕەخنانەی کە دەیانەوێت ھیچ ڕێکخراوێک نەمێنێت بە ناوی ڕێکخراوی ژن و بە یەکجاری بیسڕنەوە و ونی بکەن.

دۆخی ژنان لە ئێستادا ھەرچەند خراپ بێت دوو ھێندەش خراپ بێت ھێشتا تاوان لە ملی کلتوور و نەبوونی یاسای ژنپارێزی و فیکری ھەڵەوەیە، نەک ڕێکخراوەکانی ژنان، ئەو خەڵکانەی چاو دەنوقێنن و ڕەخنە لە ڕێکخراوەکانی ژنان دەگرن پێویستە چاو بکەنەوە و ڕەخنەیەکیش لە خۆیان و فیکر و کلتووری لەمێژینەیان بگرن.

داینەمۆی  ئازادیی سڕینەوەی تاوانکاری پێش ھەموو کەس دەبێت خودی خۆت بیت، پاشان  ڕەخنە لە خەڵک و یاسا و حوکمەت و ڕێکخراوەکان بگریت.


AM:05:21:14/08/2018