كۆمەڵگای پڕ دوكتۆرا
د. سه‌ردار عه‌زیز



ڕۆژانی ڕابوردوو فەیسبوكەكەم پڕ بوو لە هەواڵی خۆشی هاوڕێیان بە وەرگیران لە خوێندنی ماجستێر‌و دوكتۆرا. سەرەتا پیرۆزبایی لە هەموان دەكەم‌و هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم. بەڵام لە هەمانكاتدا ئەم ژمارە زۆرە مادەم بوە بە دیاردە، جێگای تێڕامانە.

ئایا زانكۆكانی كوردستان‌و مامۆستاكانیان لە ئاستێكدان ئەم هەمووە تێزە سەرپەرشتی بكەن بە ئاستێكی زانستی باش؟
ئایا ئەم زۆربونە دەرئەنجامی چ پێداویستییەكە، ئابوری، كۆمەڵایەتی، زانستی؟

لە كاتێكدا زانكۆكانی كوردستان وەك هەموو ناوەندە حكومییەكانی تر زۆر زیاتر لە پێویست مامۆستایان تیادایە، ئەم هەموو هەڵگری دوكتۆرایە پاش بەدەستهێنانی بڕوانامەكانیان چی دەكەن؟
بە مانایەكی تر ئایا ناوەند‌و جێگای توێژینەوە‌و بەرهەمهێنانی فیكر‌و زانست‌و داهێنانی نوێ كراونەتەوە كە بتوانێت جێگای ئەم هەموو دوكتۆرە بەڕێزانە بكاتەوە؟

لە هەندێك ناوەندی سەربازی كوردستان، زۆربەی ئەندامانی ئەفسەرن، ئایا دائیرەكانی هەرێم بەو ئاراستەیەدا دەچن كە زۆربەی فەرمانبەران ببن بە دوكتۆر، ئیتر كەس نەبێت كارە گرنگە، سادەییە، ڕۆژانەكان ڕاپەڕێنێت؟؟

بە كورتی، ئایا چ پلانێك لە پشت ئەم زۆركردنی دوكتۆرانەوە هەیە؟
ئەوەی من دەیبسیتم هەتا ئیستا پلانەكان زانستی نین، بەڵكو بە زۆری ئابوری زانكۆ‌و دیدی سیاسی تەسكە، لە پشت ئەم هەنگاوەوە.

لە ڕویەكی ترەوە، ئایا ئەم تیزانەی كە دەنوسرێن چ پەیوەندییەكیان بە واقیعی كوردستانەوە هەیە؟ لە كوردستان كۆمەڵێك زۆر لە پرسی جیددی‌و هەنوكەیی لە ئارادایە، كەس هیچ شتێكیان دەربارە ناڵێت: پرسی نایەكسانی، گۆڕانی دیموگرافی، بە شاربوون.

 ئەم تیما گەورانە ڕەهەندی لۆكاڵی‌و جیهانیان هەیە، ئایا لە پانتایی كوردیدا چۆن ڕودەدەن‌و چۆن كاریگەرییان دەبێت، ئەمانە هەموو پرسی هەنوكەیی‌و گەورەن؟

لە هەمانكاتدا لە كوردستان كۆمەڵێك پرس هەیە كە پێویستی بە قسە لە سەر كردنە‌و هەتا ئیستا بە زانستی قسەی لە سەر نەكراوە، پرسی شەڕی ناوخۆی كوردی، شوناسی كوردی، پارتی سیاسی، دەزگا، هێز. دیارە من تەنها ئاماژە بەو بوارانە دەدەم كە خۆم لێیانەوە نزیكم، دیارە بێگومان پرسی زۆری تری گەورە هەیە وەك ژینگە، ئاو، خۆراك، ئاسایش، نەریت، باوەڕ، كەلتور، كە من لێیان دوورم.

ئێستا لە جیهانی عەرەبیدا ژمارەی خاوەن بڕوانامە باڵاكان زۆرن، بەڵام بەرهەمی ڕاستەقینەیان كەمن، ئایا ئێمەش بەو ئاقارەدا هەنگاو دەنێین؟ بە هیوام نەخێر.

بۆیە لە گەڵ پیرۆزباییەكەشدا خەمێكیش هەیە!!


- rwangauraxna


AM:04:49:23/05/2020