لینگەوقووچ لە دونیادا
سه‌ردار عه‌زیز

ئامادەبوونی لینگەوقووچی بڵاوترین جۆری ئامادەبوونی کوردە لە دونیادا. چەمکی لینگەوقووچ بە مانای ئەوەی کە نەبوونی توانا بۆ بینینی واقیع وەک خۆی، لە ئەنجامدا مامەڵەکردن لەگەڵ دونیادا بە پێچەوانەی یاسا و ڕێسای واقیعی. لە بری واقیعەکە خۆی پەنابردن بۆ مۆڕاڵ و بەها و مەزڵوومییەت و هەستوسۆز. بەڵام لینگەوقووچی لای مرۆڤی کورد دیاردەیەکی ئاڵۆزە. بۆ ئاسانکاری تەنها دوو چەمک وەردەگرین؛ ئەوانیش هێز و بەها.


هەموو کۆمەڵگاکانی دونیا، بەتایبەت ئەو کۆمەڵگایانەی کە خاوەن دەوڵەتی ڕاستەقینەن، لەگەڵ دونیادا پەیوەندییان بەم جۆرە داڕشتوە: لە ناوەوەی سنووری دەوڵەتیان باس لە بەها و ماف و ڕێز دەکەن، لە دەرەوەی سنووری دەوڵەتیان باس لە هێز و پشێوی و مەترسی دەکەن. کورد بەتەواوی پێچەوانەی ئەمەیە. دیارە کورد لە دونیادا ئامادەیە بە ڕووتی، ئەو چەمکەی کە جۆرجیو ئەگامبین دایڕشتوە، نودەڤیتا. ئێمە دەزانین لە وێستڤیلیاوە، هاتنە ئارای سنوور وەک قەڵغانێکە کە خەڵکانی ناو سنوور لە دەرەوەی دەپاریزێت. هەروەها خەڵکانی دانیشتوی ناو سنوور هێز لە نێو خۆیاندا بەرهەم دەهێنن بۆ ئەوەی لە دەرەوە پارێزراو بن. دیارە بەرهەمهێنانی هێز بە کورتی یانی هەبوونی بوار و توانا، لە ڕێگای دەزگا و سیستەمەوە بۆ ڕێکخستن و هەماهەنگکردنی هەموو سەرچاوە جیاوازەکانی هێز لە هەناو کۆمەڵگایەکدا، لە پانتاییەکی جوگرافی تایبەتدا، لە بەرامبەر ئەوانی تردا. کورد هیچ کام لەمانەی نیە. نە لە هەناو سنوورێکدا دەژی، هەتا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، یاساکانی دونیا بیگرێتەوە، نە لە ناوەوە خۆی دەتوانێت هێز بەرهەم بهێنێت. ئەوەی جێگەی سەرنجە لێرەدا ئەوەیە کە کورد خۆی لە ناو خۆیدا بە ڕێسای هێز مامەڵە لەگەڵ یەکتردا دەکەن، بەڵام لەگەڵ دەرەوەدا بە ڕێسای بەها و لاوازی و بوون بە ئامراز. ڕێسای هێز بە مانای بوونی گومانی هەمیشەیی، خۆ پڕچەککردن، نەگەیشتن بە ڕێککەوتن بە ئاسانی، بەرهەمهێنانی ئەخلاقی جەنگی ناوخۆ. ئەمە کرۆکی دۆخی لینگەوقووچە. لە ڕاستیدا دەبوو کورد لە سەر بنەمای بەها و ماف و ڕێز کاری لەگەڵ یەکتردا بکردایە، بەڵام لەگەڵ دەرەوەدا لە سەر بنەمای هێز. ئەم دووانە تێکهەڵکێشن. ئەگەر لە ناوەوە لە سەر بنەمای بەها و ماف و ڕێز کار نەکەیت ئەوا هێز بەرهەم ناهێنێت، کە هێزت نەبوو ئەوا لە دەرەوە پێگە و کاریگەرییت نابێت.


هەموو ئەمانە دەچنەوە سەر چەمکێکی سادە بەڵام سەرەکی لە هەناوی مۆدێرنەی ئەوروپیدا ئەویش چەمکی سنوورە. هەر کۆمەڵگایەک نەتوانێت سنووری خۆی لە دونیادا بکێشێت، ئەم سنوورکێشانە مەرج نییە تەنها بە شێوازی جوگرافی یان فیزیکی سنوور بێت، بەڵكو سنوور چەندین شێوازی جیاوازی هەیە، وەک ناسنامە، هاوبەشی، بەرژەوەندی. ئەوا ناتوانێت و سەختە بۆی لە دونیادا ئامادەبێت. لە ئەنجامی ئەمەدا مرۆڤی کورد لە دۆخێکی تراژیدی بەڵام لە هەمانکاتدا کۆمیدیدا دەژی. ئەم مرۆڤە لە کاتێکدا ئەوپەڕی دڵڕەقە لەگەڵ یەکتردا، لە دونیا دەپاڕێتەوە کە چاک بێت لەگەڵیدا. یان تووشی شۆک دەبێت و واقی وڕ دەمێنێت کاتێک دونیا بە لۆجیکی هێز مامەڵەی لەگەڵدا دەکات. چونکە ئەم، بێبەرییە لە هێز لە بەرامبەر دونیادا، بەڵام سڵ لە هیچ هێزێک ناکاتەوە لە بەرامبەر یەکتردا. وێنای بکە گەر کەسێکی کورد نەبێت و تەماشای ئەم دۆخە بکەیت: یەکەم سەرنجت ئەوەدەبێت ئەم خەڵکانە بۆ ناتوانن پێکەوە هەڵبکەن، بۆ سڵ لە هیچ هێزێک ناکەنەوە بەرامبەر یەکتر، کەچی داوا لە دونیا دەکەن کە بە چاوی بەها و ڕیز و مافەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکات؟ ئەمە دوفاقییەکی مەترسیدارە.






ئاژانس 
AM:05:13:14/09/2019