چی دەگوزەرێت؟
سه‌ردار عه‌زیز


تێگەیشتن لە دۆخەکە ئێجگار ئەستەمە. ئەگەر ھەتا ئێستا بیرکردنەوە لە سەر بنەمای ھەڵسوکەوتەکانی دەوڵەت و زلھێزان و مێژوو و جیوپۆلەتیک بوە، ئەوا ئەمڕۆ ئەم پێودانگانە بە ھیچ شێوەیەک ناتوانن دۆخەکە ڕاڤە بکەن.


یەکێک لەو ڕێگایانە بۆ تێگەیشتن ڕۆڵی کەسایەتیە. ئەوەی ڕودەدات پەیوەندی ھەیە بە کەسایەتی ترەمپ، پوتین لەگەڵ ئەردۆگان. 


یەکێک لەو تیورە بڵاوانەی بۆ لێکدانەوەی دۆخەکە، کە جۆرێکە لە تیورەی پیلانگێڕی، دەتوانین ناوی بنێین تیورەی ھیلسینکی. ساڵی پار ترەمپ و پوتین لە ھیلسنکی یەکتریان بینی، ھەر پاش کۆتایی جامی جیھانی. دیدارەکە مایەی لێکدانەوەی زۆربوو لە ئەمریکا و دونیادا. بە گشتی ترەمپ تیایدا زۆر لاواز و ھەرزە دەرکەوت. کەسێک کە زۆر موعجیبی پوتینەو وەھای دەبینێت کە کەسێکی بەھێزە. خۆشی وەھا دەبینێت کە لاوازە بەڵام بە لاسایی و نزیکی لەگەڵ ئەم کەسانەدا ئەوا بەھێز دەبێت.


تیورەی پیلانگێڕییەکە وەھایە کە ترەمپ لە دانیشتنەکەی ھیلسینکی بەوە ڕازی بوە کە سوریا بۆ ڕوسیا بێت و ڕوسیاش ڕازی بوە کە عێراق بۆ ئەمریکا بێت. ئایا ئێران چی لێدێت؟ ئەمە پرسیارێکە، لە کاتی دیدارەکەدا زۆر وروژێنرا، تەنانەت باڵیۆزی ئەمریکی لە مۆسکۆ بە ڕاشکاوانە ووتی ڕوسیا و ئەمریکا ناتوانن ئێران لە سوریا دەرپەڕێنن. پوتین دژایەتی بۆ ئێران پێشان نەدا، بەڵام تڕەمپ پەیمانی ئەوەی دا کە نەھێڵێت ئێران سودمەندبێت لە دەستکەوتەکانی تێکشکانی داعش.


بەپێی لێدوانە فەرمییەکان سوریا بەشێکی سەرەکی بوە لە دانیشتنەکە. ترەمپ زۆر لاوازبوە، چونکە کێشەی گەورە ھەیە لە نێوان ڕوسیا و ئەمریکا لە سەر دەستوردان لە ھەڵبژاردن و ھاوکاری ترەمپ. 


جا بەپێی ئەم تیورەیە ئێستا کە جارێکی تر وەرزی بانگەشە دەست پێدەکاتەوە، ترەمپ دەبێت پەیمانەکانی بۆ پوتین بباتە سەر ھەتا جارێکیتر ھاوکاری بکات کە دەربچێتەوە. پلانەکەش ڕازیبونە بە کۆنترۆڵکردنی سوریا لە لایەن ڕوسیاوە. پلانی پوتین ئەمجارە بۆ دەرچواندنی ترەمپ، وەھای دەبینن کە بریتیە لە لەتکردنی دیموکراتەکان. ھەر لە ئیستاوە باس لە ژنە کاندیدی دیموکرات تولوسی گابەرد دەکرێت وەک کاندیدی سێیەم و پشتیوانکراو لە لایەن ڕوسەکانەوە، وەک ڕۆژانی ڕابوردو ھێلەری کلینتۆن ئاماژەی پێدان.


لە ھەمانکاتدا سەرچاوەیەکی دیپلۆماتی ئەوروپی بۆ گۆڤاری دێرشپێگلی ئەڵمانی ئاشکراکردوە کە پاڵنەری سەرەکی ھێرشی ئەردۆگان بۆ سوریا روسیا بووە، لە ڕێگای کۆبونەوەکانی ئەستانەوە. ئەم جوڵەیەی تورکیا بە چەندین شێوە بە قازانجی ڕوسیا شکایەوە لە ئاستی سوریا و ناوچەکە و بگرە دونیاشدا. وەک جولەیەکی شەترنجی زیرەکانە باڵادەستی ڕوسیای مسۆگەر کرد. 


بەڵام دەرکردنی ئێران پرسێکی ترە. ڕۆژانی ڕابوردوو ئێرانیەکان گەشتنە دێر الزور. ئایا لە یاری شەترنجەوە دێینەوە بۆ یاری جیوپۆلەتیک. دوا بەیانی پەنتاگۆن ئاماژە بە ئەوە دەکات کە ئەوە پەیەدەیە کە دەبێت لە ناوچەی ئارام بکشێتەوە، بەڵام سوپای سوریای دیموکرات لەوێ ناکشێتەوە. لە راستیدا ئەمە وەک لە زمان دەرچونێکی فرۆیدی دەرکەوت کاتێک بەیاننامەکە سەرەتا ئاماژەی بە سوپای سوریای دیموکرات کرد، بەڵام پاشان ڕاستکرایەوە بە پەیەدە. 


ئەگەر بە تیورەی کەسایەتی بیخوێنیەوە، پوتین لە ھەردو ترەمپ و ئەردۆگانیش بەھێزترە.


NRT
AM:06:46:21/10/2019