خاشقجی قوربانی “قسەکردنە”
غازی حەسەن

بەپێی هەندێک لەزانیارییەکان جەمال خاشقجی رۆژنامەنووسی سعوودیی پێش چەند رۆژێک کونسوڵخانەی سعوودییە لە ئیستانبوڵ شوونی نەما، دەنگۆی کوژرانی لەناو کونسوڵخانە بڵاودەکرێتەوە و سعودیەش ئەمە ڕەتدەکاتەوە. 

خاشقجی یەکێکە لەڕۆژنامەنووسە دیارەکانی سعوودیە، کە ڕەخنەی لەدەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی گرتووە و لە ئەمەریکا ژیاوە، لەم دوایانە ژمارەیەک وتاری ڕەخنەگرانەی دژی سعودییە لەڕۆژنامەکانی دەرەوە و بەتایبەتیش لە واشنتن پۆست لە ئەمەریکا دەربارەی سیاسەتی سعودییە بەرانبەر کەنەدا و قەتەر بڵاوکردۆتەوە. ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو سەردانی کونسوڵخانەی سعوودییە لە تورکیا دەکات بۆ بەدەستهێنانی چەند بەڵگەیەکی پێویست تاکو بتوانێت ژیانی هاوسەرگیری پێک بهێنێت، بەڵام دوای چوونی بۆ کونسوڵخانە، دیار نەماوە. هەر ئەو ڕۆژەی جەمال چۆتە کونسوڵخانە، 15 هاووڵاتی سعوودیی بەدوو فڕۆکە گەیشتوونەتە ئیستانبوڵ و سەردانی کونسوڵخانەی سعوودییەیان کردووە و دواتریش ڕاستەوخۆ گەڕاونەتەوە سعوودییە.


کوژرانی ئەم ڕۆژنامەنووسە خەریکە دەبێتە قەیرانێکی دیکەی پەیوەندی نێوان تورکیا و سعودییە، ئێمە دەزانین لەچەند ساڵی ڕابردوودا سعودییە لەسیاسەتی تورکیا لەسوریا و هاوکاری ئیخوان موسلمین نیگەران بوو، هەروەها تورکیا بەناردنی هێزێکی سەربازی و دیبلۆماسی بۆ قەتەر، سعودییە خراپتر توڕەکرد. ئێمە لامان ڕوون نییە، لە سعودییە شا سەلمان دەسەڵاتی یەکەم و یەکلاکەرەوەیە، یان شازادەی کوڕی، گەنجێکی نێو کۆشک ڕەنگە ترسی لەنووسەرێکی ڕەخنەگر و بەدیهێنانی خەونەکانی لەساڵی ٢٠٣٠ هەبێت . سعودییە لەم ماوەیەدا لەپەیوەندی هەنگوینی لەگەڵ دۆلاند ترەمپ دڵیان خۆشە، کەچی ترەمپ ناوەناوە لەڕێگەی وروژاندنی وەرگرتنی پارە لەبەرانبەر پاراستنی ئاسایشی سعودییەکان، دەسەڵاتی سعودییە نیگەران دەکات. 
دیار نەمانی خاشقجی، محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی بەدەنگ هێنا، چونکە کورژانی نووسەرێک هاوکاتە لەگەڵ ڕەخنە و ئاڵۆزییەکانی پەیوەندی نێوان کەنەدا و سعودییە، قەیرانی دیبلۆماسی ئەلمانیا و سعودیە، ئینجا فشارە گەورەکانی قەتەری بچکۆڵە، کاردانەوەکانی ئێران و فشارەکانی لەیەمەن و لوبنان و سوریا و عێراق و کەندا سعودییەی تۆقاندووە. تەنیا وای لێهاتووە ئەمەریکا هاوپەیمانییەکی سەربازی عەرەبی لەپێناو پاراستنی ئاسایشی سعودیە و وڵاتانی عەرەبی لەکەنداو دروست بکات. سعودییە رێگە دەدات پۆلیسی تورکیا بۆ لێکۆڵینەوە بچنە ناو کونسوڵخانەی سعوودییە لە ئیستانبوڵ، بەڵام یاسین ئەکتای، هاوڕێی خاشقجی و ڕاوێژکاری سەرۆککۆماری تورکیا، لەلێدوانێکی بۆ تەلەڤزیۆنی ئەلجەزیرە گووتی: "ئێمە ڕوونکردنەوەیەکی قایلکەرمان لە سعوودییە دەوێت، ئەوەی شازادە پێشکەشی کردووە، قایلکەر نییە”.

جەمال خاشقجی دەڵێت "من لەساڵی ٢٠١٧ەوە ماڵەکەم و خێزانەکەم و کارەکەم جێهێشتووە، دەنگم بەرزکردەوە. گەر وا نەکەم خیانەت لەوانە دەکەم، کە ئێستا لەزیندانن، من دەتوانم قسەبکەم، بەڵام زۆر کەسی دیکە ناتوانێت قسە بکات”.

گەلێک نووسەر و ڕۆژنامەنووس لەڕۆژهەڵاتدا قوربانی قسەکردن و ئازادانە دەربڕینی بیروڕاوی سیاسی و کۆمەڵایەتین. تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی لەم چەند ساڵەی دوایدا زۆرترین ژمارەی ڕۆژنامەنووسیان زیندان کردووە.

خاشقجی کارتێکی گرنگ و پڕ بایەخی کاری دیبلۆماسیی بووە، بۆیە بەم جۆرە دەکوژرێت، گرنگ نییە لەنێو تورکیا لەلایەن کەسانی نادیارەوە کوژراوە وەکو سعودییە باسی دەکات، یان لەنێو کونسلخانەی سعودییە بەبەرنامەیەکی تۆکمە تیرۆر کرابێت. هەر کەسێک و لایەنێک لەپشت تیرۆری ئەم نووسەرە خاوەن ئیرادەیە بووبێت، ئەوە هەڵەیەکەی دیبلۆماسی مەترسیداری کردووە. بۆ سعودییە کارێکی زێدە شێتانەی دژ بەئازادییە، ئەگەر لەم ڕێگەیەوە هەولی لەناوبردنی نووسەرێکی وڵاتەکەی خۆی لەنێو باڵاخانەیەکی دیبلۆماسی ئەنجام بدات. ئەگەر تورکیاش بەرنامەی کارێکی لەم جۆرەی هەبووبێت، ئەوە قەیرانەکە، دەبێتە قەیرانێکی ئەخلاقی و دیبلۆماسی و ویژدانی، چونکە بەکارهێنانی هاووڵاتییەکی سڤیل، ئەو هاووڵاتییە نووسەر و ڕۆژنامەنووسێکی رەخنەگری ئازاش بێت، وەکو ئەوە وایە تۆ بتەوێت سوپایەک لەناو ببەیت.

هێزی نووسەرێک، تەنیا هێزی سەربازێکی ئاسایی نییە، بەلکو هێزی سوپایەکەی کارامە و گەورەیە، ئەگەر نا نووسەرێک بەم شێوەیە لەناو نابرێت و تیرۆر ناکرێت، دەبێت چ بەهایەک کار و شتەکان هەڵسوڕێنێت.

ناوچەکە لەڕووی سیاسی و دیبلۆماسی بەرەو ئاڵۆزی و گرژی پترە، هیچ دوور مەبینین کەسانێکی دەسەڵاتدار وا بیر بکەنەوە بەکوشتنی نووسەرێک دەتوانن کۆتایی بەنیگەرانی و مەترسی و دڵەڕواکێی سیاسی و سەربازی و ئابووری و دیبلۆماسی و دەروونی خۆیان و وڵاتەکەیان بهێنن. لەهەمان کاتدا ئەو زیندانانەی خاشقجی باسیان دەکات، ڕۆژ بەڕۆژ گەورەتر دەبن و پتر مرۆڤی بێدەنگ کراویان تێ دەئاخن. 

من بڕوای تەواوم هەیە، خاشقجی قوربانی "قسەکردن”ە. جا وێنەی ئەو وێنە تۆقێنەرە لەمێشک و بیرکردنەوەی خۆتاندا وێنە بکەن، دەزانن دۆخەکە چەندە سەختە، سەرکوتی ئازادی دەربڕین لەچ ئاستێکی مەترسیدار دایە، دەوڵەتێک گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی بەکوشتن و لەناوبردنی "نووسەر و ڕۆژنامەنووسێک” کۆتایی بەقەیرانە هەمەلایەنە نێوەخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی دەهێنێت، دەی تەنیا بۆ یەک چرکە بیر بکەوە و ئەو وێنە تراژیدییە جارێکی دیکە لەمێشکی خۆتدا وێنە بکەوە، دەبێت نووسین چ دەسەڵات و قسەکردن چ هێزێکی کاریگەر و گوتار چەندە بەدیهێنەری گۆڕانکاری بێت. ئەو کارەساتەی دەبینرێت، قوربانییەکانی ڕەخنە و ئازادی دەربڕین پیشان دەدات، کە هەمیشە سەرەتاییەکی نوێن، بۆ کۆتایی هاتنی تاریکی و دەسەڵاتی ترس و سڕینەوەی یەکتر. دوور نییە مەرگی نووسەرێک ببێتە هۆکار بۆ قەیرانێکی نوێ و کێشەیەکی قووڵتر لەجاران، کاری نەکردەش نابێت ئەگەر بڵێین مەرگی نووسەرێک لەهەمان کاتدا ببێتە هۆکار بۆ سازشی سیاسی و ئابووری و سەربازی و دیبلۆماسی لەنێوان دوو دەوڵەتدا.
 
ئاوێنه‌ 

AM:06:39:11/10/2018