کەیسی جەمال خاشقچی ‌و لێکەوتەکانی
فەرید ئەسەسەرد

کەیسی گومبونی رۆژنامەنووسی سعودی جەمال خاشقچی دەنگدانەوەیەکی گەورەی لەسەرتاسەری جیھاندا ھەبوو. ئەم کەیسە نمونەیەکی زیندووی ململانێی نێوان وشەی ئازاد و دەسەڵاتە داپلۆسێنەرەکانە. ئەوەی کە مایەی تێڕامانە ئەوەیە کە خاشقچی نە سیاسەتمەدارە ‌و نە سەر بەھیچ حزبێکی سیاسییە و تەنانەت ئۆپۆزیسیۆنیش نیە، دژی رژێمی سعودیەش نیە و خۆی بە بەشێک لەرژێم دادەنێ. بەڵام کێشەکەی ئەوەیە کە باوەڕی بە لیبرالیزم و ئازادیی بیروڕا ھەیە. خۆیشی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵێکی ئەمریکیدا وتویەتی» من لەگەڵ چاکسازی دام، بەڵام دژی تاکڕەویی دەسەڵاتدارم».

خاشقچی ساڵانێکی دورودرێژە لەخزمەتی رژێمی سعودیە دایە و ئەوەندەی پێی کرابێ ھەوڵیداوە ناشیرینییەکانی ئەو رژێمە کەم بکاتەوە. خاشقچی راوێژکاری تورکی فەیسەڵ سەرۆکی ھەواڵگریی سعودیە بووە. ھەر ئەویش، لەسەر داوای دەوڵەت، کەوتە وتووێژ لەگەڵ ئوسامە بن لادن کاتێک پەنای بۆ سودان بردبوو ‌و لەوێ نیشتەجێ ببوو ‌و داوای لێ کردبوو سودان بەجێ بێڵێ‌و بگەڕێتەوە بۆ سعودیە. دوو جاریش سەرنوسەری رۆژنامەی «وەتەن» ی سعودی بووە، جاری یەکەم لە ساڵی ٢٠٠٣ دا، بەڵام زوو لابرا چونکە وتارێکی لە دژی ئیبن تەیمیە بڵاو کردبۆوە. جاری دووەم لەماوەی ساڵانی ٢٠٠٧-٢٠١٠ دا سەرنووسەری ھەمان رۆژنامە بووە. لەکۆتاییشدا ھەر لابرا چونکە لەوتارێکیدا رەخنەی لە دەزگای ئەمر بلمەعروف‌و نەھی عەن مونکەر گرتبوو. لەھەردوو جاردا لەسەر ئازادیی رادەربڕین لە رۆژنامەکە دور خراوەتەوە.

ساڵانی دواتر چووە دەرەوە، لە ئەمریکا گیرسایەوەو لەرۆژنامەی «واشنتن پۆست» کاری کرد. لەو رۆژنامەو لەچەند رۆژنامەیەکی تردا بیروڕا لیبرالییەکانی گەشەیان کرد‌و ھانیان دا رەخنەی توند لە سیاسەتی میر محەمەدی کوڕی سەلمان بگرێ. خاشقچی ھیچ کات دژی رژێمی سیاسی نەبووە، بەڵام پێی وابوە سعودیە لە سۆنگەی سیاسەتی میر محەمەدی کوڕی سەلمانەوە ناوبانگی نێودەوڵەتیی خۆی لەدەستداوەو لەناوخۆشدا توشی گێچەڵ بوە. خاشقچی پێی وا بوو سیاسەتی پەیڕەوکراوی دەوڵەت بۆتە مایەی ھەڵتەکاندنی سێ بنەمای سەرەکی کە دەوڵەتی لەسەر دامەزراوە، یەکێکیان پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و دامەزراوەی وەھابییە، ئەوەی تر یەکپارچەیی بنەماڵەی دەسەڵاتدارە کە لە سونگەی سیاسەتە پەیڕەوکراوەکانەوە درزی قووڵی تێ کەوتووەو سێیەمیان پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و ھاووڵاتییە کە بە بەراورد لەگەڵ جاران، گەرم‌و گوڕیی تێدا بەدی ناکرێ. ئەمە بەم واتایە دێت کە خاشقچی لەئایندەی سعودیە و لە یەکپارچەیی بنەماڵەی دەسەڵاتدار نیگەران بوەو پێی وابوە سعودیە پێویستی بە چاکسازییە بەڵام بەو شێوەیە نا کە ئەمڕۆ میر محەمەد پیادەی دەکات.

خاشقچی چاکسازیخوازێکی ئاشتیخوازەو پێی وایە چاکسازی بەگرتنی ملیۆنێرەکان و ھەڵگیرساندنی جەنگی یەمەن نایەتەدی. سعودیە بە کوشتنی یان دەستبەسەرکردنی یان رفاندنی خاشقچی، ناوبانگی خۆی لەکەدار کردووە. خاشقچی کەسایەتییەکی جیھانییە. کاتێک شاژنی بریتانیا سەردانی سعودیەی کردبوو، مەلیک عەبدوڵلا بەو جۆرە خاشقچی پێ ناساند بوو کە گرنگرتنرین رۆژنامەنوسە لە سعودیە.

لێکەوتەکانی رووداوەکە ھەر بەردەوامن. لە ئەمریکا ٢٢ کۆنگرێسمان داوایان لە سەرۆکی ئەمریکا کردووە بەپێی یاسای ماگنیتسکی کە یاسایەکی تایبەت بەمافەکانی مرۆڤە، سزا بەسەر سعودیەدا بسەپێنێ. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، میدیاکان سعودیەیان بەگیر ھێناوە. ھەرچەند سعودیە کۆمیتەیەکی بۆ لێکۆڵینە لە گومبونی خاشقچی پێکھێناوەو ناردویەتی بۆ تورکیا، بەڵام کۆمیتەکە ھیچی رانەگەیاندووە. ھەرچەندیش بەڵێنی دابوو کە بەھاوکاریی تورکەکان لەکەیسەکە دەکۆڵێتەوە، بەڵام لێدوانی ئەم دواییەی وەزیری دەرەوەی تورکیا کە تێیدا وتبووی کۆمیتە سعودییەکە ھیچ ئامادەییەکی بۆ ھاوکاری نیشان نەداوەو رێگاش نادا پشکنەرە تورکەکان بچنە ناو بینای کۆنسۆڵگەریی سعودیە لە ئەستەمبوڵ، دەری دەخا کە سعودییەکان زۆر پێخۆشحاڵ نین بە بەشداریی پشکنەرە تورکەکان لەکەیسەکەدا.

کەیسی خاشقچی ئەو راستییەی ساغ کردەوە کە دەوڵەتێکی گرنگی وەکو سعودیە بە سەرکردەی بێ ئەزمون بەڕێوە ناچێ کاتێک سیاسەت لەسەر بنەمای ھەڵەشەیی و ھەڵچون ‌و تۆقاندن و تاکڕەوی بەڕێوە دەبرێ، دەوڵەت روبەروی چارەنوسێکی نادیار دەبێت.


تۆڕی‌ هه‌واڵی‌ سلێمانی‌ 

AM:03:44:17/10/2018