دەستشكانەوە
رەحمان غەریب


ئەمرۆ كۆبونەوەكەی پەرلەمان ئەنجام بدرێت یان نا.. یارییەكی تری دەستشكانەوەیە، كە هەموو جارێك هەر هاوڵاتیانە دەستییان دەشكێنرێت، بۆ چارەسەریش دەبێت بچن پارە بە خەستەخانەی حزبەكان بدەن.
ئامادەبوون و ئامادەنەبوونی پەرلەمانتار لەناو هۆڵی كۆبونەوەكانی پەرلەمانی شەرێكی تری دەروونی پارتی و یەكێتییە، شەرەكە بۆ دەروونی خۆیان نییە، نەخێر زۆر چێژی وەردەگرن، بۆ گیان و رووحی شەكەتی هاوڵاتیانە.
چەند كۆڵەوارە ئەو مەنتقەی لەناو ئەم جەنگە دەروونییەدا، كە یەكێتی و پارتی بەرپایان كردوە، وا تێبگات كۆبونەوەكەی سبەینێی تۆزێك روناكی لەو دیوی تونێلەكەمان پیشان دەدات، یان پێی وایە دونیاكەمان تاركیتر دەكات.
لە كاتێكدا بەشێكی كوردستان داگیركراوە، لە عێراقەوە گەمارۆ دەدرێین، نەخۆشی و نەبوونی رووی تێكردوین، كادێرەكانی ئەم دوو حزبە، كاتێكی زۆری خۆیان بۆ ئاگرخۆشكردن سوكایەتیكردن بە یەكتر سەرفدەكەن.
رووقایمییەكی زۆری دەوێت كە هەموو نیشتمان لەژێر هەڕەشەدایە ئاوا دەیانپرژێتە سەر ئەو هەموو دەستەواژەو وووشەو رستەی قەشمەریكردن و سوكایەتیكردن بە یەكتری؟ ئەرێ بۆ هێندە ئامادو لەسەرپێین بۆ چونە ناو شەڕی ڕاگەیاندن و ریسواكردنی یەكدی.


AM:05:00:26/07/2020