سنوور دانان بۆ کاری ژنان لە ناو کۆمەڵگای چەق بەستوودا
رۆزا حەمەساڵح


کۆمەڵگای کوردی وەك ھەر کۆمەڵگایەکی تر ھەر لە مێژەوە ژن ڕۆڵی خۆی تیایدا بینیووە، تا ڕادەیەکی باش ڕێگە پێدراو بووە بۆ ئەوەی کار بکات بە مەرجێک سنورە باوەکان نەبەزێنێت.

لەمێژوی هەنوکەی کوردیشدا وەرچەرخانێکی ڕیشەیی لەهەڵەی سەپێنراوی کلتوری بەسەر ژناندا تێشکاند، ڕۆڵی کاریگەری کرداری دەبینێت لەبەرگری لەنیشتمان و بەها مرۆڤایەتیەکان، بەڵگەش بونی ڕۆڵی گەورەی کچە شەڕڤان و گەریلاکانە لەڕوبەڕوو بونەوەی بیری تاریکی داعش.

هەرکاتێک باس لەژن و ڕۆڵی ژن کرابێت، ناکرێت کاریگەریەکانی کلتوری پیاو سالاری پەراوێز بخرێت چونکە ئەوەی ژنی بەم بارودۆخە ئاڵۆزە گەیاندوە بابەتە بایەڵۆژیەکە نیە، هێندە پەیوەندیدارە بە ئەو دابونەرێتە باوو زاڵانەی کەلە زهنیەتی پیاو سالاریەوە سەرچاوەی گرتوە.

سنور دانان بۆ ژن پێش ھەر شتێکی تر جل و بەرگێتی، لە ناو کۆمەڵگا دواکەوتۆکاندا ھەمیشە جل و بەرگ پێوەر بووە بۆ ڕەوشتی ژن، کۆمەڵگای ئێمەش بێ بەش نییە لەو تێڕوانینانە کە بۆ کچ و ژن کراون بە پێوەر، دیدگای زۆرینەی خەڵک بۆ ژن ئەوەیە کە تەنها لەگۆشەنیگایەکەوە وەك ئامرازی چێژ لێوەرگرتن تەماشا بکرێت، ئەمەش خۆی لەخویدا ڕێگرە لەپێشوەچوونی عەقڵی ژن، تواناکانی لەبار دەبات و پەراوێزی دەخات.
تێڕوانینی ژن بۆ بەرجەستەکردنی بەھای ڕاستی خۆی کارکردنییەتی، چونکە بەوە ئەتوانێت گەشە بکات و وەك مرۆڤێکی کامڵ بوونی خۆی بسەلمێنێت.

بەڵگەش بۆ ئەم قسانەم نموونەی خانمە چا فرۆشەکەی شاری سلێمانییە.
لەم ماوەی پێشودا لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکان وسۆسیال میدیاکانەوە، خانمە چا فرۆشەکە بووە گرفتی گەورەی کۆمەڵگای باشور وەک ئەوەی کۆمەڵگا خاڵی بێت لەهەموو کێشەو گرفتێک، لە کاتێکدا ژیان و دۆخی کۆمەڵگا خۆی پڕە پڕە لە کارەسات.

لەو کۆمەڵگادا خەڵکانێکی پەراوێزخراو و عەقڵ دۆگما و نا ڕۆشنبیر ھەمیشە بەو شتە لاوەکییانەوە سەرقاڵ دەکرێن بۆ ئەوەی گرفتە سەرەکیەکانی خۆیان لە بیر بچێتەوە.
گرفتەکە لە ئیش کردنی ئەم خانمەدا نەبوو، بەڵکو دەرهاویشتەو ڕەنگدانەوەی عەقڵیەتێکە کە پێی وایە ناکرێت کچێکی ناسکۆڵە و بە جل و بەرگێکی ئاواوە و لە سەر شەقامێک کار بکات. چاوەکان بەپلەی یەکەم لەسەر جل و بەرگەکەی بوو نەک لەسەر ناوەڕۆکەکەی لێرەدا جل و بەرگ دەبێتە ئەولەویەت و پێناسەی ڕاستەقینە بۆ ڕەوشت.

ھەر لە سەر ئەم بابەتەش، لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتێەکان پۆستێکی یەکجار زۆر لە سەر ئەم خانمە کرا، کەسە توند ڕەوەکان بە ھەموو شێوەیەک و بە ئاشکرا دژایەتی ئەم خانمەیان دەکرد، پێیان وابوو جل و بەرگەکەی لە ڕووی ئاین و شەرعەوە ڕێگە پێدراوە نییە، کەسانێکی زۆرییش داکۆکییان لە مافی ئەو کچە دەکرد کە ئازادانە بۆی ھەیە کاری خۆی بکات، ئەمە خۆی لە خۆیدا کارێکی باشە، بەڵام زۆربەی ئەو کەسانەی کە داکۆکییان دەکرد پیاوە ڕۆشنفکرەکان بوون، ھەر ئەم ڕۆشنفکرانە لە ناو خودی خێزانی خۆیاندا نەك ھەر ئەو مافەیان لە ھاوسەر و ژن و خوشکی خۆیان زەوتکردوە، بەڵکو زۆر نەشیاوانەش مامەڵەیان لە گەڵ دەکەن، ئەو پیاوانەش ڕێژەیان زۆر کەمن کە مەوداو و سنورەکانی پیاوسالاریان تێپەڕاندبێ، ئاسایی بێت بە لایانەوە ڕوخساری ھاوسەریان یان کچییان یان خوشکیان ڕۆژێک ببینرێت و دەرکەون و شانازی بە ڕۆڵ و بوونییانەوە بکەن و بە گرنگییەوە لێیان بڕوانن.

کە واتە لە ھەردوو تێڕوانینەکەوە ئەم شێوازی جل و بەرگە لە ناو کۆمەڵگای ئێمەدا ھێشتا پەسەند نییە و ناببێتە واقع و جل و بەرگیش وەک پێناسەی ڕەوشت لە زهنو هزری گشتیدا دەمێنێتەوەو ناتوانرێت بکرێتە دەرەوە.

-ashte
AM:05:06:26/07/2020