بێوەپیاوەكان، تەنیاتر دەمێننەوە
ته‌رزه‌ جاف
دەڵێن: (پیاوی بێ ژن هەژار دەبێت، ژنی بێ پیاویش هار دەبێت)، كۆمەڵی كوردی پیاوەكان لە پێكەوەبووندا بەهێز دەكات و ژنەكان لە جیابوونەوەدا .

منداڵەكان كاتێك لە كۆڵان دەكەون و ئەژنۆیان بریندار دەبێت، كچەكان دەگرین، ناز دەكەن، خەم لە شوێنی برینەكەیان دەخۆن، قەتماخەی برینەكەیان نیشانی دایك و باوك و هاوڕێكانیان دەدەن، چیرۆكی خۆیان دەگێڕنەوە، دەورووبەریشیان گوێیان لێ دەگرێ‌ و بە بایەخەوە نازیان هەڵدەگرێ‌ و برینەكەیان بۆ تیمار دەكەن.

بەڵام بۆ كوڕەكان بە جۆرێكی ترە، لەگەڵ برینداربوونی ئەژنۆی، دەورووبەرەكەی، بە دایكیشەوە، ناهێڵێت بگریت و پێی دەڵێن تۆ پیاوی نابێت بگریت، رێگای پێنادەن خەم لە قەڵبەی ئەژنۆی بخوات، گاڵتەی پێ دەكەن ئەگەر باسی ئازار بكات، ڕوو بكاتە هەرچی لایەك دووبارە و دە بارە پێی دەڵێن: (تۆ پیاوی نابێت بگریت، نابێت هەست بە ئازار بكەیت، نابێت خەم لە شوێن قەڵبەی برینەكەت بخۆیت، تۆ پیاوی...).

كاتێك گەورەش دەبن، هەمان سیناریۆ دووبارە دەبێتەوە، ژنەكان چیرۆكەكانی خۆیان دەگێڕنەوە، دەگرین و ئازار دەچێژن و خەمەكانیان لەگەڵ دەوروبەریان دابەش دەكەن و دواتر شارەزایی پەیدا دەكەن و ئازار جێدەهێڵن، فێر دەبن و ژیانیان بەردەوام دەبێت.

بێوەژن كەوتن و بێوەپیاو كەوتن، وەك برینی ئەژنۆكان وایە، لە زمانی كوردیدا وشەی بێوەژن بۆ ژنی بێ مێرد (ئیتر ئایا مێردی مردبێت، یاخود جیابووبێتەوە) لە بەرانبەریشدا بێوە پیاو بۆ پیاوی بێ ژن دانراوە، كەچی وەك دیاردەیەكی كۆمەڵایەتی، ئەوەی زیاتر باسی لێدەكرێت و قسەی لەسەر دەكرێت بێوەژنە، لە كاتێكدا بێوەپیاوەكان، قوربانییە راستەقینەكەی كۆمەڵگەن.

ئەگەر گرفتی بێوەژنبوون لەم كۆمەڵگەیەدا، تێڕوانینی خەڵك بێت، ئەوە گرفتی بێوەپیاوەكان رەنگە دەیان قات لە گرفتی بێوەژنەكان زیاتر بێت، لە ڕاستیدا كۆمەڵ بارە قورسەكە دەخاتە سەر شانی پیاوەكە و وەهمێكی وای پێدەبەخشێت، كە هێزێكی لە ڕادەبەدەری هەیە بۆ بەرگەگرتن .

هەوڵدانی ژن بۆ بەرگەگرتن و بەخێوكردنی منداڵ و ڕەتكردنەوەی ئەو ڕێگا چەوتانەی تاكەكان، بە پاڵپشتی كۆمەڵگە بۆی دادەنێن هێزی دەوێت. منداڵەكان هێزی بەردەوامبوون و بەرگەگرتن دەبەخشنە دایكەكان، هەر بۆیەش ژنەكان دوای جیابونەوە، دەتوانن باشتر بەرگە بگرن و لە زۆر باردا تێڕوانینی كۆمەڵ بگۆڕن و بەردەوامی بە ژیانی خۆیان و منداڵەكانیان بدەن (كە لە زۆربەی حاڵەتەكاندا لەگەڵ دایك دەمێننەوە). لەولاشەوە پیاوەكان بە گشتی بۆ ژیانی ڕۆژانەیان پشت بە ژنەكان دەبەستن، نانخواردن و خاوێنكردنەوەی ماڵ و تەنانەت ڕێكخستنی ژیانیان تا ڕادەی دۆزینەوەی گۆرەوی و سویچی سەیارە و مۆبایل و لە خەوهەڵساندنیان، هەر بۆیەش لە كاتی بێوەپیاوكەوتنیان، سەرلەبەری ژیانیان قڵپ دەبێتەوە و لە باشترین حاڵەتدا، ژن دەهێننەوە و لەتەنیشت ژنێكی تر بەردەوامی بە ژیانیان دەدەن.

كەواتە :كۆمەڵگە شتێك دەڵێت و واقیع شتێكی تر نیشان دەدات.

لە نێوان بازنەی كۆمەڵایەتی، كە  گوایە پیاوەكان تەڵاقدەرەكەن و عەیبەكە زیاتر دەكەوێتە ئەستۆی تەڵاقدراوەكە، لە نێوان ئەوەی كە ئەوان بكەرن و هێز بە لای ئەوانەوەیە، ئەو وەهمەی كۆمەڵگە بە پیاوەكانی دەبەخشێت، بەوەی ئەوان بەهێزن، بۆیە بێوەپیاوەكان تەنیا دەمێننەوە.

پیاوەكە كە دەكەوێتە سەر رێگای بێوەپیاویی، بە ماوەیەكی كورت لەناو خۆیدا یەكەم شت بۆی دەردەكەوێت ئەو وەهمەیە، كە دەورووبەر بۆیان درووست كردووە.

ئەو، كە دایكی و دواتر خێزانی نەیانهێشتوە هێلكەیەك سووربكاتەوە، فانیلەیەك بشوات، ژیانی خۆی پێ رێكناخرێت، چونكە لێرەدا ژن تەنیا هاوژین نییە، بەڵكوو بەڕێوەبەری ژیانی پیاوەكەیشە.

پیاوەكان، زۆربەی كات بۆ ئەوەی بەهێز بن، دەبێت ژنێك لە پشتیان بێت .

ئیتر مادام وتراوە (پیاوی بێ ژن، هەژار دەبێت، ژنی بێ پیاویش هار دەبێت)، ئەوە ئاماژەیەكی روونە بۆ هێزی پیاو لە پێكەوبوون، واتە لە ژیانی هاوژینیدا لەگەڵ ژنێك، نەك لە جیابوونەوە و تەنیایەكی كوشندە. 

K24

AM:02:26:19/06/2019