كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ك بیانووێك بۆ مه‌رگ
ته‌رزه جاف
ژنێك ده‌درێته‌به‌ر ده‌ستڕێژی گوللـه
مامۆستایه‌ك بهگوریسێك خۆی هه‌ڵده‌واسێت
گه‌نجێك گوللـه‌یه‌ك ده‌نێت به‌سه‌ری خۆیه‌وه
پیاوێك په‌لاماری هاوسه‌ری پێشووی ده‌دات
هه‌رزه‌كارێك دایكی خۆی سه‌رده‌بڕێت
لاقه‌كردنی منداڵ و كوشتن و دزی و ده‌یان تاوانی تر، كه رۆژانه ده‌یبینین و ده‌یبیستین.
له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا جگه له كێشه كه‌ڵه‌كه‌بووه چارهسهرنهكراوهكانی كۆمه‌ڵگه و له سه‌رووی هه‌موویان توندوتیژیی دژ به‌ژنان و كوشتن‌یان، كۆمه‌ڵێك دیارده و كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی روویان كردۆته كۆمه‌ڵگه كه پێشتر نه‌بوون.
كاریگه‌رییه‌كانی قه‌یرانی دارایی و شه‌ڕی داعش و بڕینی مووچه و هاتنی ئاواره‌كان و به‌شوودانی منداڵان و ئالووده‌بوون به مادده‌ی هۆشبه‌ر و هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ ئافره‌تانی ئاواره‌ی عه‌ره‌ب، به شێوه‌یه‌ك كه زیاتر له‌كڕین ده‌چێت و بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشیی ده‌روونی و نه‌بوونی چاره‌سه‌ر و كاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌كانی سۆشیال میدیا و گه‌وره‌بوونی هه‌ڕه‌شه‌كانی له‌سه‌ر تاك و خێزان و كۆمه‌ڵگه و چه‌ندین كێشه‌ی تری راسته‌قینه، كه بوونه‌ته مه‌ترسی له‌سه‌ر ئاشتیی كۆمه‌ڵایه‌تی و كاتی ئه‌وه هاتووه كاری زۆر جیدی بۆ چاره‌سه‌ركردنیان بكرێت.
زیادبوونی تاوانه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی ترسناك له‌لایه‌كه‌وه و له‌لایه‌كی تریشه‌وه راسته‌وخۆ خستنه‌ڕووی هۆكاره‌كان له‌لایه‌نه به‌رپرسه‌كانه‌وه، به‌وه‌ی كه''كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی'' یاخود ''گرفتی ده‌روونی'' یان هه‌رچی هۆكارێكی تر، ده‌بێته به‌هانه‌یه‌ك بۆ زۆربوون و ته‌شه‌نه‌كردنی تاوان، نه‌ك كه‌مكردنه‌وه‌ی. پێویسته پۆلیس و دادگا له ده‌ره‌وه‌ی حوكمه‌كانی كۆمه‌ڵگه و وه‌سفه‌كانی كۆڵانه‌كان كاری خۆی بكه‌ن بۆ ڕێگرتن له تاوان له‌لایه‌ك و سزادانی تاوانباران له‌لایه‌كی تره‌وه.
هه‌موو تاوانێك له ئه‌نجامی كێشه‌یه‌ك رووده‌دات، به‌ڵام دیاریكردنی هۆكاری كوشتن یه‌كسه‌ر و له‌لایه‌نی به‌رپرسه‌وه، جگه له‌وه‌ی كارێكی پرۆفیشناڵانه نییه، له‌هه‌مانكاتیشدا ئه‌وه ئه‌گه‌ر قسه‌ی كۆڵان و گه‌ڕه‌كه‌كان بێت تا راده‌یه‌ك ئاساییه، به‌ڵام كاتێك لایه‌نی تایبه‌تمه‌ند و به‌رپرس ئه‌م چه‌ند وشه‌یه وه‌ك هۆكار ده‌خه‌نه به‌رده‌م راگه‌یاندنه‌كان و راگه‌یاندنیش وه‌ك به‌به‌غا ده‌یڵێته‌وه، ئه‌وه‌نده‌ی له خۆپه‌ڕاندنه‌وه و خۆدزینه‌وه له به‌رپرسیایه‌تی ده‌چێت، له هیچیتر ناچێت.
ئاخر كاری پۆلیس ده‌بێت زۆر له‌وه وردتر بێت، كه راسته‌وخۆ دوای روودانی تاوانێك، كلیلێك بدات به‌ده‌سته‌وه و مه‌ته‌ڵێك هه‌ڵبێنێت.
كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی كێشه‌یه‌ك نییه له ئاسمانه‌وه وه‌ك باران ببارێت به‌سه‌ر كه‌سه‌كاندا و كێشه‌ی ده‌روونیش لهكونفهیهكونێكدا دروست نابێت، ئینجا ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی پۆلیس و ئاسایش له‌سه‌ریانه پێشكه‌شكردنی بیانوو و هۆكار نییه، به‌ڵكو ئه‌وان ئه‌و ده‌زگایه‌ن كه ده‌بێت ڕێگر بن له روودانی تاوان و سزای تاوانباران بده‌ن.
كێشه‌كان ئه‌گه‌ر ده‌روونی بن، یاخود كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و دارایی و...هتد، هه‌موویان به‌ستراون به‌یه‌كه‌وه و یه‌كیان ئه‌ویتر دروست ده‌كات. كێشه‌ی دارایی به ته‌نها ده‌توانێت چه‌ندین كێشه‌ی تر دروست بكات. مادده بێهۆشكه‌ره‌كان، گرفتی ده‌روونی و دارایی و كۆمه‌ڵایه‌تی به‌دوای خۆیاندا ده‌هێنن.
تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش هۆكارن بۆ دروستبوونی ده‌یان گرفتی ته‌ندرووستی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی، به‌ڵام كێن ئه‌وانه‌ی ده‌توانن ئه‌م هۆكارانه بخه‌نه‌ڕوو و كاری له‌سه‌ر بكه‌ن؟
دام و ده‌زگاكانی حكوومه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تی و لۆكاڵییه‌كان نه‌ك ده‌یان، به‌ڵكو سه‌دان كه‌سی تایبه‌تمه‌ندیان هه‌یه و له‌ناو ده‌زگا و وه‌زاره‌ت و رێكخراوه‌كاندا ئیشیان ئه‌وه‌یه لێكۆڵینه‌وه و به‌دواداچوون بكه‌ن و بتوانن زانستیانه وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه بده‌نه‌وه تا ببن به‌سه‌رچاوه‌یه‌كی باوه‌ڕپێكراو بۆ دیاریكردنی هۆكاره‌كان تا دواتر كار بكرێت له‌سه‌ر بنبڕكردنیان و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری بابه‌تیانه بۆ گرفته‌كان، یاخود كاركردن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریگه‌رییه خراپه‌كان، نه‌ك لایه‌نی فه‌رمی وه‌ك پۆلیس، ئه‌و هۆكارانه راسته‌وخۆ فڕێبده‌نه به‌رده‌می راگه‌یاندن و ئه‌مانیش وه‌ك بنێشت بیجوون و بیجوونهوه.
له‌كاتێكدا كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه له‌ژێر باری كێشه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا ده‌ناڵێنێت، ئه‌گه‌ر لێدوانی فه‌رمیی لایه‌نی تایبه‌تمه‌ند و به‌رپرس له‌سه‌ر تاوانێكی گه‌وره هه‌مان قسه بێت كه له كۆڵان و گه‌ڕه‌كدا ده‌كرێت، ئیتر ده‌بێت پێمان سه‌یر نه‌بێت گه‌ر ''كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی'' شوێنی ''شه‌ره‌ف'' و ''نامووس'' بگرێته‌وه و ئیتر وه‌ك به‌ردێك له‌سه‌ر هه‌موو تاوانه‌كان دابنرێت.
K24