یادی بە"خێر" یادی بە"ڕەخنە"
پەیكار عوسمان



- نەوشیراوان و مامجەلال و مەلامستەفاو قاسملۆو ئاپۆ.. گشتیان نە فریشتەکەی لای یارن، نە شەیتانەکەی لای نەیار. ئەوان جارێك ئینسانن و لێرەدا یەکسانن بە ئێمە. جارێکیش سەرکردەن و لەوێدا بڕێك تایبەتمەندییان هەیە. بەڵام ئەوە نە ئەیانکا بە خوایەکی موقەدەس، نە ئەشیانکا بە شەیتانێکی نەفرەتیی.
- یارو نەیار هەردوکیان کوێرن، چونکە تەنیا دیوێکی وێنەکە ئەبینن، هەر ئەو دیوەی کە حەزیان لێیە. هەردوکیان لە هەمان وەهمدان، وەهمی ئەوەی کە نیوەی وێنەکەیان لێبووە بە هەموو.
یەعنی تۆ بە هەر دیوێکا، نیوەی نەوشیروانت لێبووبێ بە هەموو نەوشیروان، لە وەهمدایت و وەهمەکەشت هەر هەمان وەهمی ئەویترە، کە دیوەکەی تری ئەوی لێبووە بە هەموو!
- ئەو سەرکردانە هەموویان ناوی گەورەن و هەر یەکەیان لە سیاقی مێژوویی خۆیدا ڕۆڵی گەورەی بینیوە. بەڵام ناوی گەورەو ڕۆڵی گەورە، ناکاتە بێ هەڵەیی، بەڵکو ڕێك ئەکاتە هەڵەی گەورەش!
ئەوان نەك مەعسوم نین، بەڵکو هەڵەی ئەوان دایمە گەورەو گشتیشە، لەکاتێکا هەڵەی منو تۆ، ئەشێ هەر بچوك و تایبەتی بێت. یەعنی ئەوەی کە تۆ پێتوایە بێ هەڵەیە، فەرقەکەی لەگەڵ تۆ، هەرئەوەیە کە هەڵەکانی ئەو، لە هی تۆ گەورەترە.
- سەرکردەکان دێن و دەڕۆن و ئێمەش هەر تەقدیسیان ئەکەین. تەقدیسیش لەمبەر جەهلێك و لەوبەر ڕقێك دروستئەکا. یەعنی سەرکردە بۆ ئێمە، تەنیا کارگەی بەرهەمهێنانی جەهل و ڕقە!
دەی لە یادی کاکە نەوەدا، باشترین کارێك کە بیکەین، گۆڕینی ئەو پەیوەندییە ناتەندروستەی نێوان ئێمەو سەرکردەیە.
- نە پیرۆزکردن نە شەیتاندن، نە سفر نە سەت، بەڵکو بیرکردنەوەو دیدێکی ڕەخنەیی. کێشەی سەت و سفریش هەمان کێشەیە، هەر ئەوەیە کە خاڵی دۆگمایەو بیرکردنەوەی تیانیە. جا بۆ ئەوەی پەیوەندی ئێمەو سەرکردەکان، پەیوەندییەکی دروست بێت، ئەبێ ئەوان لەو دوو ژمارەیە ڕزگارکەین، بۆئەوەی خۆمان لە دۆگماو بیرنەکردنەوە نەجاتمانبێ!
- بۆ مام و کاك و مەلاو هەموو ڕەوانشادەکان، نە بێڕێزیی نە پەرستن. نە نەفرەتی ڕقاویانە نە ڕەحمەتی ساویلکانە. بەڵکو ڕێزێك و دە ڕەخنە. سوپاسێك و بیست گلەیی. گوڵێك و سی پرسیار.
هەموو ئەمانەش بەهیوای بەردێك کە بیخەینە سەر بەردو دەستپێبکەین. ئاخر تا لە ڕق و پەرستنابین، تا لە شەیتاندن و خوایاندنابین، هێشتا دەسمان پێنەکردوە، ئەگەرچی کاتیش ئەڕواو وزەش سەرفئەبێ!
- ئێمە ڕۆبۆت نین و هەست و سۆز بەشێکی زیندوی ئێمەیە. هۆشیاریش ئەوەنیە کە بێ سۆزبین، هۆشیاریی ئەوەیە کە سۆز لەژێر چەتری هۆشدابێ. خۆشەویستیش کفرنیەو ئاساییە یاریزانێك هونەرمەندێك نوسەرێك سیاسییەكت خۆشبوێ. بەڵام ڕق کفرەو مەیەڵە ڕقت لەو بێت. چونکە ڕقی تۆ لەو، هیچ لەو کەمناکات، بەڵام زۆر لە ڕۆحی خۆت کەمئەکا. ڕۆح گەورەترین نیعمەتەو ڕق کفرە بەو نیعمەتە. تەنانەت ڕق لە ستەمکاریش هەڵەیەو ئێمە بە ڕقمان لە سەدام، تەنیا سەدامەکانی ترمان دروستکرد!
- ئێمە ئەبێ کێشەمان لەگەڵ ستەمکاریی هەبێت، نەك ڕقمان لە ستەمکاربێت. کاتێ کێشەت لەگەڵ ستەمکاریی هەیە، ئیتر ستەمکاریی ئەناسیت. بەم ناسینەش ئیتر خۆت نابی بە ستەمکار، هەروەها کەسیشت لێنابێ بە پاڵەوان هەر لەبەرئەوەی دژی ستەمکارێکە، چونکە بۆی هەیە ئەو خۆشی ستەمکارێکی تربێت.
وەلێ ئەوەی کە ڕقی لە ستەمکارە، لەم ڕقەوە لەو، ڕەوایەتی بە ستەمکاریی خۆی ئەداو ئیتر ستەمکاریی نەك کەمناکا، بەڵکو زاوزێ ئەکات! مەسەلەن ئێمە "لە ڕقی" گەندەڵە کەتافی لەبەرەکان، گەندەڵیمان کەمنەکردەوە، بەڵکو گەندەڵە قاتلەبەرەکانمان دروست کرد!
- ڕق پێچەوانەی خۆشەویستی نیە، ڕق پێچەوانەی ئازادییە. ئاخر ڕق دیلت ئەکاو لە ڕقدا ئیتر تۆ کوێریت و هیچ باشییەکی ئەو نابینیت. بەڵام لە خۆشەویستیدا هێشتا ئازادیت و چاوێکت هەیە بۆ بینینی هەڵەی ئەو. ئەسڵەن کراوەیی ئەو چاوە مەرجی خۆشەویستییە، بۆیە وتویانە دۆست ئەوەیە کە بتگریەنێت!
خۆشەویستی چاکە، بەڵام ڕاستی ئامانجە هەرە باڵاکەیەو چاکبوون لەسەر راستی وەستاوە. کەواتە خۆشەویستیش تا ئەوێ چاکە، کە چاوت دانەخا لە ئاستی ڕاستی!
- خۆشەویستی تەنیا ئەوکاتە ئەبێتە دیلیی، کە بیکەیت بە دیوەکەی تری ڕق. یەعنی ئەگەر میسیت وەکو جوانیی یاری خۆشبوێ، ئەوکات ڕقت لە کریستیانۆش نیەو جوانیی یارییەکەی ئەویش ئەبینیت، ئیتر خۆشەویستییەکەشت ئازادانەیە. بەڵام کاتێ خۆشەویستی میسی یەکسانکەی بە ڕق لە ڕۆناڵدۆ، ئیتر تۆ دیلیت و ئەمە خۆشەویستییەکی کۆیلانەیە.
- یەعنی بە هاتنە ناوەوەی ڕق، ئازادی ئەڕواو کۆیلەیی دەستپێئەکا. لێرەوە خۆشەویستیش، ئیتر خۆشەویستی نیە، چونکە گرنگترین پایەی خۆی لەدەستئەدا کە ئازادییە!
یەعنی خۆشەویستی ئەو شتەیە کە ئازادانەیەو ئەوەی کە ئازادانە نەبێ، خۆشەویستی نیە، ئەوە شتێکە لە بابەتی خوپێوەگرتن و هۆگربوون و گرێ.
- خۆشەویستی جوانەو تۆش کێت خۆشئەوێ بوێ. بەڵام خۆشەویستی ئەو یەکسان مەکە بە ڕق لە کەس، با ئازادیی نەڕوا. بەڵام خۆشەویستی ئەو، یەکسان مەکە بە بێ هەڵەیی ئەو، با بت نەیەت. چونکە کە بت هات و ئازادی ڕۆشت، ئیتر هۆش میوان نیەو ئینسانیش بە هۆشیاریی ئینسانە، لە ناهۆشیارییدا وەحشێکی دڕندەیە. ئینسانیش لە هۆشیاریدا بەر ڕاستی ئەکەوێ، لە ناهۆشیارییدا هەر بەر ئەویتر ئەکەوێ!
- پێموایە کاکە نەوە، حەقی خۆیمان دایە لە ستایش و فرمێسك و خەمباریی، ئیتر کاتی ڕەخنەیە. بەڵام ڕەخنە ئەوەیە کە ڕقی تیانیە. کە تیایبوو ئیتر ئەوە ڕەخنە نیەو "شتێکی ترە". ئێمەش پێش نەوشیروان، ئەبێ ڕەخنەی ئەو شتە بکەین!
- بۆئەوەی باسەکە بێ ڕەخنە تێنەپەڕێ، بەکورتی ئەڵێم: ئەبوو موعارەزە بێت و لە ڕقی سیاسیی بدا، نەك زیاتریکاو قووڵتریکاتەوە. ئاخر ئەوەی کە پەنجا ساڵەو لە شەستەکانەوە، عەقڵی ئێمەی وەستاندوە، ڕقی سیاسییەو هەموو کیشەکانی تریش بەرهەمی ئەو وەستانەیە. هەروەها ئەبوو موعارەزە، زیاتربێ لە زاهیرەیەکی سەوتیی!
- خۆشەویستی ڕێگای نەجاتە، بەڵام بەو مەرجەی کە خۆشەویستی یەکەم بۆ ڕاستی و چاکەبێت. لەخوار ڕاستی و چاکەوە کێت خۆشئەوێ و چیت خۆشئەوێ کەیفی خۆتە، بەڵام خۆت لە ڕاستی گێل مەکەو چاو لە خراپە دامەخە، بۆئەوەی مەرج و یاسای خۆشەویستی تێکنەچێ!
من نەوشیروانم خۆشئەوێ، بەڵام لەناو ئەم یاسایەدا. یەعنی زۆر شتی لام چاکەو جێگای تەقدیرە، بەڵام ڕاستی هەرئەونە نیەو هەڵەو شتی تریش هەن.
- ئینجا کاکە نەوە یادی بە(خێر). بەڵام با لە عەقڵی خۆماندا دەسکاری شتێك بکەین و ئەو خێرە یەکسانکەین بە ڕەخنە!
یەعنی لەمەولا کە بە کەسێکمان وت یادی بەخێر، با وەکئەوەبێ کە بڵێین یادی بەڕەخنەو چیتر بە ڕەخنە یادی کەسایەتییەکان بکەینەوە. وەلێ ڕەخنە کاتێ خێرە کە شەڕ نەبێ. ئەوەی کە شەڕە، ڕەخنە نیەو ئەوەشی کە ڕەخنە نیە، خێر نیە.



- awene
AM:05:31:21/05/2020