وێنەگرتن لە پیشانگای کتێب دا
رێبین فه‌تاح

ساڵی ڕابردوو ئەوکاتانە، لەکاتی کردنەوەی پیشانگای نێودەوڵەتی کتێب دا، زۆر کەس لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە تەوسەوە باسیان لە وێنەگرتن لە پیشانگای کتێب دەکرد، زیاتر بەو ئاراستەیە کە خەڵک هەر بۆ وێنەگرتن سەردانی پیشانگای کتێب دەکەن.

ڕاستییەکەی، من ئەوکات لە پۆستێکی کورتدا گوتم مادام خەڵک دەیانەوێ وێنە لەگەڵ کتێب بگرن، کەواتە ئومێدێکی گەورە بە کتێب و خوێندنەوە هەیە. جیاوازی تێڕوانینەکە دەوەستێتە سەر ئەوەی کە ئایا ئێمە تەنیا ئەو وێنانە دەبینین کە لە پیشانگای کتێبدا دەگیرێن یان هێزی پشت وێنەگرتنەکە، واتە ئەو فاکتەرەی وا دەکات خەڵک خواستێکی زۆریان هەبێت بۆ وێنەگرتن لەگەڵ کتێب و لەناو پیشانگای کتێباندا؟

کاتێک خەڵک وێنە لەگەڵ کتێب و لەناو پیشانگای کتێب دەگرێت و بە شەوقەوە وێنەکە بڵاو دەکاتەوە، لەبەرئەوە لەناو کۆمەڵگەدا ڕەواج بۆ کتێب هەیە، پەسندکردن و هەڵسەنگاندنی باشی بۆ هەیە. دەبێت ئەو پەسندکردن و بە باشزانینەی پشت وێنەکان ببینرێت، نەک هەرتەنیا وێنەکە.

پیشانگاکانی کتێب و ئەو بازاڕگەرییەی کتێبفرۆشان بۆ سەرنجڕاکێشانی خوێنەران دەیکەن، هەروەک ئەو نووسەر و رۆشنبیر و خوێنەرانەی بە شەوقەوە باس لە خستنە ڕووی کتێبەکانیان لە پیشانگاکەدا یان دەستکەوتنی سەرچاوەی جیاجیا لەو پیشانگایەدا دەکەن، هەموو ئەوانە بەسەریەکەوە شەوقێکی بە خەڵک و خوێنەران داوە بۆ سەردانکردنی پیشانگای کتێب و لە کۆتاییدا کڕین و خوێندنەوەی کتێب.

لە کۆمەڵگەی ئێمەدا هاندەرێکی باش هەیە بۆ نووسین و خوێندنەوە. بارودۆخەکە زیاتر بە ئاراستەیەکی باشدا دەڕوات ئەگەر بەراورد بکرێت بە نووسین و خوێندنەوە لە ساڵانی ڕابردوودا.

هەندێک کەس کە بۆ قسەکردن لەو ڕووەوە، بەراوردکاری لە نێوان کۆمەڵگەی کوردستانی و کۆمەڵگەیەکی دیکەدا دەکەن، بەبێ ئەوەی هیچ هاوبەشییەک لە نێوان ئەو دوو کۆمەڵگەیەدا هەبێت، ئەوان بە تەواوەتی هەڵەن. دەبێت بەراورد لەسەر بنەمایەکی وێکچوو بێت بەتایبەت لەگەڵ ئەو کۆمەڵگەیانەی لەڕووی مێژووی نووسین و خوێندنەوە، ژمارەی خەڵک، ڕێژەی خوێندەواران، دۆخی کۆمەڵگە لەڕووی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی و هەتا شەڕ و شۆڕەوە، ڕۆڵ و ئامادەیی زانکۆ و پەیمانگەکان، ناوەندەکانی توێژینەوە و میدیاکان... هتد نزیکایەتییان لە کۆمەڵگەی کوردستان هەیە.

ئێمە هەروەک دەتوانین بەراوردەکە هەر لەناو کۆمەڵگەی خۆماندا، لەسەر بنەمای کات بکەین، بەروارد لە نێوان ئێستا و ڕابردوویەکدا. ئێستا دەیان دەزگەی چاپ و بڵاو کردنەوە لە کوردستان دا کاردەکەن، سەدان و هەزاران کتێب دەنووسرێن و وەردەگیرێن و بڵاو دەکرێنەوە، کە پێشتر ئەوانە نەبوون یان بە ژمارەیەکی زۆر کەمتر ئامادەییان هەبوو. هەڵکشانی دەزگەکانی چاپ و بڵاو کردنەوە، ژمارەی ئەوانەی خۆیان بە نووسین و وەرگێڕانەوە خەریک کردووە، هەموو ئەوانە بەیەکەوە نیشاندەرێکن بۆ هەڵکشانی ژمارەی خوێنەران و خواستی خەڵک بۆ خوێندنەوە.

ئەو وێنانەی لە پیشانگای کتێبدا دەگیرێن و بڵاو دەکرێنەوە، هاندەرێکی زۆر و خزمەتێکی گەورەن بە ئاراستەی ئاشناکردنی خەڵکی زیاتر بە کتێب، بە ئاراستەی کێشکردنی خەڵکی زیاتر بۆ خوێندنەوەی کتێب. هەموو ئەوانەی وێنە لەگەڵ کتێبان دەگرن، دەبێت سوپاس بکرێن، ئەوان بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هانی خەڵک دەدەن بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ کتێب و خوێندنەوە.

نابێت قسەکە لەسەر ئەوەش بێت کە ئایا ئەوانەی لەپیشانگەی کتێبدا وێنە دەگرن، بەڕاستی خوێنەرن یان نا ؟ بەڵکو دەبێت دیسان قسە لەسەر ئەو فاکتەرە بکرێت کە وا دەکات خەڵکێک خوێنەریش نییە و هەر دەیەوێ وێنە لەگەڵ کتێب بگرێ! باشتر مادام کتێب ئەو کاریگەرییەی دروستکردووە کە ئەوانەی خوێنەری کتێبیش نین هەر ناچاربن وێنە لەگەڵ کتێب بگرن! هەروەک دیسان ئەوانە بانگەشە دەکەن بۆ ئەوەی خەڵک بخوێنێتەوە و دۆستایەتی لەگەڵ کتێب پەیدا بکەن.

کتێب وەک کاڵایەکە، خواستی لەسەر نەبێت، ناخرێتە بازاڕەوە.


شارپرێس 

AM:07:17:11/04/2019