هه‌بوو نه‌بوو، له‌سه‌رده‌می دێریندا، له‌سه‌رده‌می زێڕیندا که‌س له‌میدیاکارانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان چاونه‌ترستر، نه‌بوو. ده‌ستیان ده‌کرد به‌شاری زه‌رده‌واڵه، چالاک‌و بوێر، هه‌رچی زانیاریان هه‌بوو له‌سه‌ر «قاچاخچێتی نه‌وت» ده‌یانکردنه هه‌واڵ و راپۆرت.حکومه‌تیان توڕه کردبوو.
له‌و سه‌رده‌مه‌داو رۆژێکی ئابی ساڵی 2010دا ، رۆژنامه‌ی رۆژنامه (زمانحاڵی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان) بابه‌تێکی رۆژنامه‌ی نیویۆرک تایمزی له‌سه‌ر « قاچاخچێتی نه‌وت» دوباره له‌لاپه‌ڕه‌ی رۆژنامه‌که‌ی خۆی، بڵاوکرده‌وه، له‌هه‌ولێر بوو به‌هه‌را.
سکرتێری مه‌کته‌بی سیاسی پارتی داوایه‌کی یاسایی له‌سه‌ر خاوه‌نی ئیمتیاز‌و سه‌رنوسه‌رو هه‌روه‌ها له‌سه‌ر رۆژنامه‌نوس سیروان ره‌شید، تۆمارکرد. له‌و داوایه‌دا سکرتێره‌که‌ی پارتی داوای یه‌ک ملیار دۆلار قه‌ره‌بوی له رۆژنامه‌که کرد.
سه‌رباری داوای قه‌ده‌غه‌کردنی سه‌فه‌ری ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی داوایان له‌سه‌ر تۆمارکرابوو. له‌سلێمانی که‌مپین پێکهێنرا، میترۆیش شه‌ڕی له‌گه‌ڵ پارتی راگه‌یاند.
ئه‌و رۆژانه راگه‌یاندنه‌کانی گۆڕان په‌یتا په‌یتا راپۆرتیان له‌سه‌ر ئه‌و روداوه بڵاوده‌کرده‌وه. کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی توڕه‌و چاودێرانیش به‌وانه‌شه‌وه که نامیلکه‌یه‌کی یاساییان نه‌خوێندبۆوه، لێدوانیان ده‌دا. ئه‌و رۆژانه رۆژانی دادگاییه‌کی میللی بوو بۆ پارتی و سکرتیری مه‌کته‌بی سیاسیه‌که‌ی.
زه‌مان هات و زه‌مان رۆیشت، راگه‌یاندنی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه به « قاچاخچێتی نه‌وت» ده‌ڵێن:» هه‌نارده‌کردنی نه‌وت» مانشێتی هه‌واڵه‌کانیشیان باس له‌وه‌ده‌کات که‌خه‌ڵکی کوردستان « به‌ئومێده‌وه ده‌ڕواننه هه‌نارده‌کردنی نه‌وت هه‌رێم» هه‌روه‌ها به هه‌مان داوای یاسایی که‌پارتی له‌سه‌ر خۆیانی تۆمارکردبوو، داوایه‌کی یاساییان له‌سه‌ر رۆژنامه‌نوسێک تۆمارکرد.
رۆژنامه‌ی هاوڵاتی له‌ژماره‌ی رۆژی دوشه‌ممه‌دا بڵاویکرده‌وه، مه‌جید ساڵح که‌ئێستا راوێژکاری سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستانه، نه‌به‌ز گۆران ده‌داته دادگا‌و داوای قه‌ره‌بوی 500 میلۆن دیناری لێده‌کات.
جیاوازی داوا یاساییه‌که‌ی سکرتێری مه‌کته‌بی سیاسی پارتی و راوێژکاری ئێستای سه‌رۆکی په‌رله‌مان ته‌نها له‌ته‌وقیتداو جۆری تۆمه‌ت‌و بڕه پاره‌که‌یه. ئه‌ویان له‌ساڵی 2010دا تۆماری کردوه.ئه‌میشان له‌ساڵی 2014. ئه‌و داوای ملیارێک دۆلاری کردوه، ئه‌م داوای 500 ملیۆن دینار ده‌کات. به‌ڵام له‌جه‌وهه‌ردا یه‌ک ماده‌و یه‌ک یاسا‌و یه‌ک عه‌قڵیه‌تی داواکردنی «ماف»ه له رۆژنامه‌نوس.
سکاڵاکه‌ى راوێژکاره‌که‌ی سه‌رۆکی په‌رلەمان مه‌جید ساڵح که له 20ی ئایار له‌دادگای به‌رایی سلێمانی تۆماری کردوه له‌جه‌وهه‌ردا جیاوازیه‌کی نیه له‌گه‌ڵ ئه‌و داوا یاساییه‌ی که‌سکرتێری مه‌کته‌بی سیاسی پارتی به‌ر له‌چوارساڵ دژ به رۆژنامه‌ی (رۆژنامه) تۆماری کرد. ئه‌ی کوا که‌مپین بۆ نه‌به‌ز گۆران؟ کوا راپۆرتی KNN؟ له‌کوێن چاودێر‌و مافناسان؟ بۆ په‌یامنێره‌کانی گۆڕان لێدوانمان لێوه‌ناگرن؟ ئاخر بۆچی بانێک بێت و دوو هه‌وا؟.