هەڵەبجە؛ پارێزگای بە عاتیفە
هیوا جەمال

هەرجارێک لە هەولێرەوە دەچوومە سلێمانی بەڕێی کەرکووکدا، لەسەر پردی رەحیماوا، تابلۆیەک دڵخۆشی دەکردم، لەپاڵ ئاماژەکردن بۆ سلێمانی لە تابلۆکە نووسرابوو پارێزگای هەڵەبجە، هەر بۆ یادگاری وێنەی تابلۆکەم گرتووە کە لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە نەماوە.
 
 چوارشەممەی رابردوو لەگەڵ تیمی رووداو چووین بۆ هەڵەبجە، لەوێ بەشداریم لە دانیشتنی پێنجەمی بەدادگاگەیاندنی تۆمەتبارانی کیمیاباران کرد، رۆژی دادگاییەکە هاوکات بوو لەگەڵ ساڵیادی یەکەم دادگایی سەدام حوسێن لە ساڵی 2006، پێش ئەوەی دادگاییەکە لە هەڵەبجە دەستپێبکات، لەگەڵ تاقانەیەکی هەڵەبجەیی چوومە بازاڕ.
 
لە چوون و هاتنەوەمان، هەم لەو چایخانەیەش کە چایەکمان لێخواردەوە، چاومان بە چەندین هەڵەبجەیی کەوت، زۆر گفتوگۆمان کرد لەوماوە کورتەدا، بەڵام رستەیەک زۆر سەرنجی راکێشام، هاوڕێ تاقانەکەم گوتی: "هەڵەبجە تەنها بە عاتیفە بووە بە پارێزگا"، قسەکانمان زۆر درێژەی نەکێشا، دادگاییەکە دەستیپێکرد، ئەوانەی ئامادەبوون هەندێ لە ساکاڵاکار و شاهێدحاڵی کیمیابارانی هەڵەبجە، تیمی پارێزەرانی سکاڵاکاران، (یەک لەوان پارێزەرێکی ئەمریکییە) و هەندێ میدیاکار. ئەوەی لە دادگاییەکە بۆم سەرنجڕاکێش بوو، پرۆسەی دادگاییەکە بە ساردی بەڕێوەچوو، ئەو خەڵکە زۆرە هەڵەبجەییەی لە باڵەخانەی دادگاکە بوون بۆ کاروباری خۆیان، ئەوانەشی لە بازاڕەکەی نزیکی لە چایخانە دانیشتبوون، نەهاتن بۆ ئاگاداربوون لە پرۆسەی دادگاییەکە، (رەنگە هەر نەیانزانیبێت کە دادگایی هەیە). لەوە سەرنجڕاکێشتر و جێی پرسیار ئەوە بوو، نوێنەری وەزارەتی شەهیدان و هیچ پەرلەمانتارێکیش لەوێ نەبوون.
با مەسەلەی دادگاییەکە لێگەڕێین و چاوەڕێی وەڵامی وەزارەت و پەرلەمان بین، بۆ بەدواداچوون بۆ ئەو رستەیەی کە هەڵەبجە بەعاتیفە بووە بە پارێزگا. هەندێ پرسیارم کرد، گەیشتمە ئەو بڕوایەی ئەرگۆمێنتێکی بەهێزە، ئەگەرچی حکومەتی عێراق بە  بڕیاری ژمارە (568) لە 31/12/2013  هەڵەبجەی وەک پارێزگا ناساندووە، بەڵام هێشتا وەک پارێزگا مامەڵەی لەگەڵ ناکات.


هەر لە چوارچێوەی ئەو بڕیارە و هەندێ بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی عێراقدا، حکومەتی عێراق هەندێ فەرمانگەی فیدراڵی ناردووە بۆ هەڵەبجە، هەم حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبەرێتی گشتی کردووەتەوە، کۆی گشتی 22 بەڕێوەبەرێتییە، بەڵام ئەمانە نەبوونە هۆی بەفەرمی مامەڵەکردن لەگەڵی وەک پارێزگا.
 
حکومەتی عێراق فەرمانگەی پاسپۆرتی ناردووە بۆ هەڵەبجە، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە لەبەر بەپارێزگابوونیەتی، چونکە فەرمانگەی پاسپۆرت لە سۆرانیش کراوەتەوە کە قەزایەکی سەر بە هەولێرە، لە فەرمانگەی پاسپۆرتی هەڵەبجە کە کارمەندەکانیشی رۆژانە لە سلێمانییەوە دەچن، مامەڵەکان وەردەگیرێن و هەرلەوێ هاونیشتمانی پاسپۆرت وەردەگرێتەوە، بەڵام لەسەر پاسپۆرتەکە پارێزگای سلێمانی نووسراوە نەک پارێزگای هەڵەبجە!!
 
بۆ ئەوەی بەرنامەکەم لەوهۆڵەدا تۆمار بکەم کە پرۆسەی دادگاییەکەی تێدا ئەنجامدەدرا و تێیدا 20 کەسێتی و کۆمپانیا وەک تۆمەتبار دادگایی دەکران، ویستم مۆڵەت لە سەرۆکی دادگای هەڵەبجە وەربگرم بۆ ئەنجامدانی کارەکەم، سەرۆکی دادگا بەڕێزەوە وەڵامی دامەوە کە دەبێت پرس بەسەرووی خۆی بکات، کاتێ پرسیم سەرووی خۆتان کێن؟ گوتی دەبێت پرس بە سەرۆکی دادگای سلێمانی یان گوتەبێژەکەیان بکەین، ئەوەش جێی سەرنج بوو، ئەی هەڵەبجە پارێزگایەکی سەربەخۆ نییە؟ یانی سەرۆکی دادگای سلێمانی دەبێت پرس بە سەرۆکی دادگای هەولێر یان دهۆک بکات بۆ ئەوەی کارێک بکات؟ پاشان ئەوەم بۆ دەرکەوت، دادگای هەڵەبجە فەرمانگەیەکی سەر بە دادگای پارێزگای سلێمانییە!!
ئیدی لێرەوە نموونەکان زۆر دەبن، هەروەک لە یاسای بودجەی عێراق، هێشتا کە ناوی هەرێمی کوردستان دەهێنرێت، ناوی سێ پارێزگا دێت، جگە لەوەش خۆ هێشتا وەزارەتی ناوخۆی عێراق فەرمانی نەداوە تابلۆ بدات بە ئۆتۆمبیلەکانی هەڵەبجە.


ئەگەرچی لە 31/12/2013 ئەنجوومەنی وەزیرانی حكومەتی عێراق لە دانیشتنی ژمارە 45 دا پڕۆژە یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی خستە دەنگدانەوە و بە وتەی پارێزگاری هەڵەبجە و نوێنەرانی كورد لە بەغدا، بە زۆرینەی دەنگ پەسەند كراوە و هەڵەبجە وەك پارێزگا لە حكومەتی عێراقیدا چوارچێوەیەكی یاسایی وەرگرتووە، ئەوەش پاش ئەوەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 7/8/2013 بە بڕیاری ژمارە 7692 نامەی فەرمی ئاڕاستەی حكومەتی عێراق كرد، بەڵام هێشتا بە فەرمی مامەڵەی لەگەڵ ناکرێت، کەواتە ئەو قسەیە راستە کە هەڵەبجە بە عاتیفە پارێزگایە.




رووداو
AM:05:05:02/09/2019