كێشەی خەڵك و گۆڤاری پەیسەر
هیوا ڕەزا

ئیشی میدیا لەم هەرێمەدا رۆژانە بووەتە ئەوەی سیاسییەكان چی دەكەن؟  میدیا کارێکی کردووە خەڵکیش رۆژانە بیر لەوە بکاتەوە ئاخۆ پارتی سەردەكەوێت یان یەكێتی لەسەر هەقە، گۆڕان باشی كردووە چووەتە حكومەت یان كاكە حەمە بە نیازە چی بکات؟ بەڵام ئەگەر باسی كێشە ژیارییەكانی لەگەڵدا بكەیت، رەنگبێ زۆر بەلایەوە گرنگ نەبێت.

زۆرترین جۆری بەشداریکردن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بۆ ئەو راپرسیانەیە كە لەبارەی كەسایەتییەكی سیاسی یان لەسەر ململانێی دوو حیزبی سیاسی كراون،  بەپێچەوانەوە بەرنامەیەك لەسەر كێشەی نیشتەجێبوون، بینەری نییە و بەلای خەڵكەوە جێی بایەخ نییە.

هەڵەكە لە كوێدایە؟ كەلتورە یان جۆری سیاسەتی حكومڕانی هەرێم و حیزب ئەم دۆخەی دروستكردووە، یاخود نەبوونی میدیایەكی بەرپرسیار كە بیری خەڵك بهێنێتەوە كێشەیان چییە؟ یان بیری خەڵک بهێنێتەوە ئەم وڵاتە جیا لە ناکۆکی حیزبی، کۆمەڵێک کێشەی گەورەی کۆمەڵایەتی و سیاسی هەیە کە حیزبەکان و سیاسییەکان و میدیاکان هەر خۆیان لە قەرەشی نادەن.

كاتێك ماڵپەڕی پەیسەرمان دامەزراند، بڕیارماندا بۆشایی ئەو جۆرە میدیایە لە کوردستان پڕبکەینەوە و خۆمان دوور بخەینەوە لەو جۆرە میدیایەی کە تەنیا لە خەمی لایک و کلیکدان، ئامانجەكەمان ئەوەبوو روكەشانە كار نەكەین و بابەتەكانمان قوڵ و تێربن، خۆشمان بە دوور گرت لە تانەو تەشەر، لەكارەكانیشماندا ئەوەمان بۆ روونبووەوە میدیا بەرپرسیارێتی ئەوەڵ و ئەخیرە لەوەی چی دەرخواردی خوێنەر دەدات، بەدەمەوە چوونی خوێنەر و فیدباكی خەڵك رێی بۆ رۆشن كردینەوە بە ماڵپەڕێکەوە نەوەستین و گۆڤاری پەیسەریش بڵاوبكەینەوە.

گۆڤاری پەیسەر کە گۆڤارێکی سیاسی گشتییە، لەسەر هەمان ڕێبازی ماڵپەڕەکە بەردەوام دەبین و ئامانجمان ئەوەیە بیری خوێنەری بهێنینەوە خەمەكانی چین و رێگە چارەسەركانیان كامانەن؟بەشێكی باش و گرنگمان داناوە بۆ بنكۆڵكردنی خەمە جڤاتییەكان. پلانمان هەیە زانیاری لە هەركوێ بێت لەوێ بین و شەڕی بەدەستهێنانی دەكەین. 

دەزانین كارپێنەكردن بە یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری و جۆری حكومڕانی لە هەرێم و بەرپرسی موحافیزحار، بەربەستەكانی سەر ڕێگامان دەبێت، بەڵام بڕیارمانداوە توانا و تكای زۆر بەكاربهێنین تا دەگەینە ئەنجامێكی باش.

لە ماڵپەڕی پەیسەر خاڵی بنەڕەتی كارەكانمان ئەكادیمیانە و هەم ئەخلاقیانە بووە. خوێنەری جنێودەرو تەشهیركەر لەناو خوێنەرانی پەیسەر ژمارەیان زۆر كەمە، وای تێدەگەین كەمی ئەو جۆرە خوێنەرانە رەنگدانەوەی كارەكانمانە، چونكە نە كەسمان برینداركردووە نە دەمانەوێت تەشهیر بە هیچ لایەنێك بكەین، ئەو هەقەش بە خۆمان دەدەین كە بڵیین خوێنەرەكانی پەیسەر خوێنەری جدیین، لەبەر ئەوە لە گۆڤارەكەشدا كارەكانمان لەسەر ئەو دوو بنەمایە درێژە پێدەدەین و رەنگڕێژی سیاسەتی بڵاوكراوە نوێكەمان دەبێت.

ئامانجی ستافی پەیسەر تەنها زیادبوونی ناوێكی تازەی گۆڤار و زیادکردنی  ژمارەی ئامارەكانی میدیا نییە لە هەرێمی كوردستان، دەمانەوێت چاوی ئێمە لە پەنجەرەكانمانەوە دەردی گشتی ببینێت و پەیسەری دەرمانەكەشی بكەین، وا ئێمە هاتین، بەڵام دواجار خوێنەری ژیری ئەم وڵاتە بڕیار دەدەن کە ئایا ئێمەش هەر ناوێکین و بەس یان خود جۆرێکی نوێ و جدی و پێویستین بۆ ئەم کۆمەڵگایە، هیوای ئێمە ئەوەیە خوێنەرەكانمان بڵێن بۆچی درەنگ هاتن.

په‌یسه‌ر 

AM:02:39:06/07/2019