‌مۆدێلێكی تری كۆتوبەندی ئازادی
دیاری محمد قادر

لە رۆژانی رابردودا لە هەرێمی كوردستان و باشوری عێراق دوو كەیس روبەڕوی رێكخراوی داكۆكیكار لە ماف و ئازادی رۆژنامەنوسی بۆوە، هەردووكیان بە هۆی دەستبردنی رۆژنامەنوسان بوو بۆ بابەتی هەستیار، كار گەیشتە ئەوەی هەرەشەی تۆڵەی عەشایەرییان لێكرا.

رۆژنامەنوس حەیدر ئەلحەمدانی دانیشتووی قەزای رومیسەی سەر بە پارێزگای موسەنا (سەماوە) (280 كم باشوری خۆرئاوای بەغدا)، گرتەیەكی ڤیدیۆیی لەبەردەم دەرگای ئەو ماڵەی بە كریچێتی تیادا دەژی تۆمار كردوە، لەسەر دەرگاكە نوسراوە: "لە بری خوێن داواكراوە"، 

لە گرتە ڤیدیۆیەكەدا ئەو رۆژنامەنوسە دەپرسێ خوێنی چی و لە بری چی؟ ئێمە دەڵێن كەموكوڕی هەیە، ئاو نییە كارەبا نییە، ئەو شەقامە پڕە لە زبڵ و خاشاك، مولیدەی كارەباكە پەكی كوتوە، خۆ نەمانوتوە : فلانە كەسە گەندەڵی یان فلانە كەسە دزە.

رۆژنامەنوسی سەربەخۆ زانكۆ بورهان دانیشتوی قەزای كۆیە (70 كم باشور خۆرهەڵاتی هەولێر)، تۆمارێكی دەنگی بڵاوكردۆتەوە تیایدا كەسێك كە خۆی وەك یەكێك لە كوڕەكانی كەسایەتی عەشاریەری قاسم ئاغای كۆیە ( پێشتر سەرۆكی یەكێك لە فەجە خەفیفەكانی سەردەمی رژێمی سەدام بوو، بەرەی كوردستانی لێبوردنی بۆ دەركردوە)، دەناسێنێت،  بە زانكۆ دەڵێت : "دەنگەكانم ریكۆرد بكە،  500 سەرۆك جاش هەیە ئەنگۆ بۆ بە بابی منتانەوە گرتوە، گوێبدە من، دەبێتە عەداوە.. دژمنداری جەرگم،.. كەس ناكوژین بێ سەبەب ئەوەی كلكی بادا كلكی دەبڕین .. چەندین هەرەشەی تر.

 هەرەشەی تۆڵەی عەشایەریی لە زەمەنێكدا كە حزبەكانی دەسەڵات دامەزراوەی تایبەت بە چارەسەركردنی ناكۆكی و كێشەی كۆمەڵایەتی كە پارەی بۆ سەرفدەكەن، ئەوەندە سەیرو سەمەرە نین، بەڵام پەنابردن بۆ هێزی عەشیرەت لە ئەنجامی دەسبردننی رۆژنامەنوس بۆ كەیسێك، بڵاوكردنەوەی وێنەیەك یان پۆستێكی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نەختێك تازەیە.

لە هوموو دەوارنێكدا كاتێك یاسای هێز، جێگەی بە هێزی یاسای لێژدەكات، دەرئەنجامەكەی فەوزایە، فەوزایەك وەك ئەوەی ئێستا لە هەندێ ناوچەی باشورو ناوەڕاستی عێرا دەیبینین، بە بڕیاری ئەنجومەنی داگاو دادوەری هۆزەكان، كەیسی كێشەكانی نێوان شكاتكەرو شكاتلێكراوە یەكلادەكاتەوە نەك داگا رەسمییەكان.

ئەگەر كوڕی خەڵكی دەستڕۆشتوو، ببنە دادوەرو مەجلیسی عەشیرەتەكەی بابیان جێگەی دادگا بگرێتەوە، باحكومەت یاساكان بگەڕێنێتەوە پەرلەمان پێیان بڵێت: " كاڵا بەسەرچوەكەتان بۆ خۆتان دەگێڕینەوە" 

یان لەپاڵ ئەو پارێزبەندییەی بە یاسا و نەریتی باو دراوە بە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و پەرلەمانتارو زۆر توێژی تری بێ بەرهەمی كۆمەڵگا، با سەرۆك خێل و نەوەكانیان كورە ئاغاش بگرێتەوە. 

ئەگەر ئەڵێن پارێبەندی نییە فەرمون ئەو كوڕە ئاغایەی هەرەشە لە رۆژنامەنوسەكەی كۆیە دەكات و رۆژنامەنوسەكەش سكاڵای كردوەوەو دیكۆمێنتی داوەتە دادگا با بە پێی یاسا لێپرسینەوەی لەگەڵ بكرێت، تا بڵێن حكومەتەكەمان پشتیوانی خەڵكی هەرەشەلێكراوە نەك ئاغاو كوڕەكانی. 

*بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ

وێستگه‌ نیوز 

AM:08:20:09/07/2019