شەش مەترسیی هەموارکردنەوەی یاسای دادگای باڵای فیدراڵی
عیماد حەمید عەلی

دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق کە بە یاسای ژمارە (30) ساڵی (2005) دامەزراوە بە پشتبەستن بە دەستووری عێراقی ساڵی 2005 کە لە دەروازەی سێیەم بەشی سێیەم باس لە دەسەڵاتی دادوەری دەکات و لە لقی دووەمیدا باس لە دادگای باڵای فیدڕاڵی دەکات، لە ماددەکانی (93 ، 94) باس لە دەسەڵات و تایبەتمەندییەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی دەکات بەمشێوەیەی لای خوارەوە:


ماددەی 93: 


دادگای فیدڕاڵیی باڵا تایبەتمەندە بەم بوارانە:


یەكەم: چاودێریكردنی راددەی دەستووریبوونی یاسا و پێڕەوە كارپێكراوەكان. 


دووەم: لێكدانەوەی دەقەكانی دەستوور.


سێیەم: یەكلاكردنەوەی ئەو كێشانەی لە ئەنجامی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی حكومەتی فیدڕاڵی دروست دەبن و ئەو بڕیار و پێڕەو و رێنمایی و رێوشوێنانەی لە دەسەڵاتی فیدڕاڵییەوە دەردەچن، یاساش ماف دەدات بە ئەنجوومەنی نوێنەران و كەسانی خاوەن پلە و ئەوانی دیکە كە راستەوخۆ لە دادگا رەخنە لەو بڕیارانە بگرن. 


چوارەم: یەكلاكردنەوەی ئەو ناکۆکییانەی كە لەنێوان حكومەتی فیدڕاڵی و ھەرێمەكان و پارێزگا و شارەوانی و ئیدارە ناوخۆییەكان دروست دەبن.


پێنجەم: یەكلاكردنەوەی ئەو ناکۆکییانەی لە نێوان ھەرێمەكان و پارێزگاكان روودەدەن.


شەشەم: یەكلاكردنەوەی ئەو تۆمەتانەی دەدرێنە پاڵ سەرۆككۆمار و سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیرەكان، ئەمەش بە یاسا رێكدەخرێت.


حەوتەم: پەسەندكردنی ئەنجامی كۆتایی ھەڵبژاردنەكان، بۆ ئەندامێتی ئەنجوومەنی نوێنەران.


ھەشتەم: 


ا- یەكلاكردنەوەی ناكۆكی لە نێوان بواری كاری دادگای فیدڕاڵی و دەستەی دادوەریی ھەرێم و پارێزگاكان كە ناكەونە سنووری پارێزگاكان. 


ب- یەكلاكردنەوەی ناكۆكی لە بواری كاری دەستەی دادوەریی ھەرێمەكان و پارێزگاكان كە ناكەونە سنووری ھەرێمەكان. 


ماددەی 94: بڕیاری دادگای فیدڕاڵی یەكلاكەرەوەیە و دەبێت سەرجەم دەسەڵاتەكان پێیەوە پابەندبن.


لە ماوەی پێشوودا ئەنجوومەنی نوێنەران لە هەوڵی دەرکردنی یاسایەکی نوێدا بوو بۆ دادگای باڵای فیدڕاڵی ، ئێستاش رەشنووسی ئەو پڕۆژەیاسایە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە و خوێندنەوەی دووەمی بۆکراوە، لێرەدا بە کورتی دەمانەوێت هەڵوێستەیەک لەسەر چەند خاڵێکی ناو پڕۆژەکە بکەین و مەترسییەکانیان بخەینەڕوو:


1. پڕۆژەکە کاتێک پێناسەی دادگای باڵای فیدراڵی دەکات، هیچ ئاماژەیەکی تێدا نییە بۆ سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری لە دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن.


2. سەرەڕای ئەوەی لە دەستووردا بەڕوونی ئاماژە بەوە دراوە کە ئەندامانی دادگای باڵای فیداڵی تەنیا لە دادوەرانن، بەڵام لە پڕۆژەکەدا ئاماژە بەوە دەکات کە (شارەزایانی یاسایی و فوقەها دینییەکان) ئەندامی دادگاکە بن، لەکاتێکدا بەڕوونی نیەتی یاسادانەری دەستووری دیارە کە فوقەها دینییەکان و شارەزا یاساییەکان لە چوارچێوەی پەیکەربەندی دادگاکەدا دەبن وەک راوێژکار، نەک ببن بە ئەندامی دادگای باڵای فیدراڵی کە بەڕوونی لە مادەی (92) دا دەستوور ئاماژەی پێداوە.


3. پڕۆژەکە رێگەدەدات بە بەشداریکردنی کەسانی تر جگە لە دادوەران (شارەزایان و فوقەهاکان) لە هەموو بابەتەکان نەک تەنیا لەو یاسایانەی کە پێچەوانەی بنەماکانی شەریعەتی ئیسلامی و دیموکراتین، بەڵکو لە هەموو بابەتەکانی تری وەک پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن و ئاراستەکردنی تۆمەت بۆ سەرۆک کۆمار و ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی ناوەند وهەرێمەکان و هەموو تایبەتمەندییەکانی تری دادگای باڵای فیدراڵی کە لە دەستوور و یاسا پەیوەندیدارەکاندا باس کراون.


4. زیادکردنی ئەندامانی دادگا لە (9) کەسەوە بۆ (13) کەس و دەرکردنی بڕیار بە سێ لەسەر چوار نەک بە کۆی دەنگ، کە ئەمەش وادەکات هەژموونی شارەزایان و فوقەهاکان زۆرتربێت لە دادوەران و هیچ بڕیارێک بەبێ ڕەزامەندی ئەوان تێنەپەڕێت.


5. پڕۆژەکە ئاماژە بە (هاوسەنگیی دەستووری) دەکات لە دانانی ئەندامانی دادگای باڵای فیدراڵی کە مەبەست لێی دانانی ئەندمانی دادگاکەیە بە هاوسەنگی لەنێوان پیکهاتەکانی عێراق کە ئەمەش پشتگوێخستنی بنەمای لێهاتوویی و شارەزاییە لە کاری دادوەریدا.


6. دادگای باڵای فیدراڵی لە رۆژی (14-4-2015) لە بڕیارێکیدا ئاماژە بەوە دەکات هەر یاسایەک دەربچێت لە ئەنجوومەنی نوێنەران و پەیوەندیداربێت بە رێکخستنی کاروباری دادگاکەوە، پێویستە رای دادگاکە وەربگیرێت، بەپێی دەستوور بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی بنەبڕە و شایەنی تانەلێدان نییە و پێویستە هەموو دەسەڵاتەکان پابەندبن پێوەی، بەڵام ئەنجوومەنی نوێنەران لەم پڕۆژەیەدا بەهیچ شێوەیەک نەگەڕاوەتەوە بۆ ڕای دادگای باڵای فیدڕاڵی و پڕۆژە یاساکەی لە کوتلەکانی ناو ئەنجوومەنی نوێنەران وەرگرتووە و خستوویەتییە بەرنامەی کاری دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە.




رووداو 
AM:07:23:31/08/2019