کەی مەعقوولە ؟
لهنجه عهبدوڵڵا
کەی مەعقوولە تۆ لە سەدەی بیست و یەکدا بژیت و پێت وا بێت ھەموو ژنێکی چالاکوان بێ ئەخلاقە .
کەی مەعقوولە تۆ پلەو پۆستێکی سیاسی بەرزت ھەبێت بڵێیت بەخوا من ناتوانم پشتیوانی رێکخراو یان چالاکوانێکی ژن بکەم چونکە لەسەرم ئەکەوێت .
کەی مەعقوولە بۆ چالاکوانێکی VIP پارەی لە ٢٠ سەرچاوە بۆ دابین دەکەن و تەنانەت باڵەخانەی تایبەتی بۆ دروست ئەکەن و پەیوەندی دنیا ئەخەنە خزمەتی بەلام بۆ ئێمە مانان حکوومەت و حزبەکان باوەریان بە کەیسی ژن نەماوەو بێ ھیوا بوون .
کەی مەعقوولە تۆی رەخنەگر کاتێک رەخنە لە ئەدای رێکخراوەکانی ژنان دەگریت نەوێریت راشکاوانە ناوی چوار رێکخراوی گەندەڵ وەک خۆی بھێنیت ھاوکات بڵێیت ھەمووتان بازرگانن .
کەی مەعقوولە لەبەر ئەوەی گلەییت لە بەرپرسی کەناڵێک کردووە لەسەر ئەخلاقی مامەڵەکردنی لەگەل ستافەکەی، خۆت و چالاکیەکانت بایکۆت بکات لە کەناڵەکەی بۆ ھەتا ھەتایە .
کەی مەعقوولە لەبەر ئەوەی لە راپۆرتێکدا بە بەڵگە بڵاوت کردۆتەوە کە ژنان لە کەمپەکان گێچەڵی سێکسیان پێدەکرێت و کچانی ھەرزەکار بە پارە دەفرۆشرێن بە کەسانی بەتەمەن و خاوەن پارە لە بەرامبەردا ھەموو ھاوکاریەکانت لە UN بە ئەمری وەزیرێک راگرن و پێت بڵێن موعارەزەیە .
کەی مەعقوولە سەرۆکی ئەنجوومەنی خانمان بیت بۆ ٨ ساڵ کەچی تا ئێستا ئۆفیسیکی رێکخراوی ژنانت نەبینیبێت بزانیت کێشەکانیان چیە .
کەی مەعقوولە ئەوەی ئەبێت بە سەرۆکی حکوومەت نابێت چالاکوانی ژنان ببینێت و گوێیان لێبگرێت .
کەی مەعقوولە تۆ حکوومەت بیت و بەرنامەی چاکسازی دروشمی سەرەکیت بێت بەڵام ھیچ پلانێکت نەبێت بۆ باشکردنی رەوشی ژنان کە رۆژ نیە دە دوانزەیەکیان نەکوژرێن .
کەی مەعقوولە تۆ مووچەو پارەی تەلەفزیۆن بدەیت بە مەلایەک جوێن بە دارو بەردی ئەم وڵاتە بدات بەڵام سایتێکی ژنانت پێ زیاد بێت و بوودجەکەی ببریت .
کەی مەعقوولە دووەم نامەت بۆ ژنێکی چالاکوان کە نیوکاتژمێرە ناسیوتە ئەوە بێت ، ئەرێ کەی بچین بخۆینەوە ؟