هه‌ڵمه‌تێك بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی جنێو
فه‌رمان حه‌سه‌ن
جنێو، به‌شی (كۆمێنت)ی ئه‌و تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی ته‌نیوه كه به‌كارهێنه‌ریان زۆره له هه‌رێمی كوردستان، تا دێت جنێوده‌ره‌كان زۆرتر و توڕه‌ترده‌بن، جنێوی خه‌ستتر تاقیده‌كه‌نه‌وه‌و هه‌وڵئه‌ده‌ن داهێنان له‌جنێو بكه‌ن، بۆ راكێشانی زۆرتری سه‌رنجی فانه‌كان په‌ی به‌شێوازی نوێ ئه‌به‌ن بۆ جنێو، كام جنێوه قورستر‌و نوێتر‌و خه‌ستترو برینداركه‌ر تربێت بازاڕی زیاتره‌و ریئاكشنی زیاتری له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، خاوه‌نه‌كه‌شی سوپاسی ئه‌وانه‌ده‌كات كه پێشوازی له جنێوه‌كه ده‌كه‌ن، جنێوی جیاوازتریش به‌وانه ده‌دات جنێوه‌كه‌ی په‌سه‌ندناكه‌ن، یاخود به جنێوێك وه‌ڵامی ئه‌ده‌نه‌وه.
بۆئه‌وه‌ی نزیكی لایه‌نگری نه‌كەوین و ره‌وایه‌تی بۆ هیچیان نه‌دوورین، ئه‌م نوسینه تایبه‌ت نییه، به باسكردن له ناسنامه‌ی جنێوده‌رو جنێوپێدراوه‌كان و هۆكاره‌كانی جنێو، نامه‌وێت هیچ كام له‌و دووانه به قوربانی یاخوود جه‌لاد بناسێنم، ئه‌وه‌نده مه‌به‌ستمه به‌قوربانی بوونی نه‌وه‌یه‌ك و دواتریش كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك بخه‌مه پێشچاو به‌هۆی جنێوه‌وه، ناشتوانم وه‌ك توێژه‌رێك ورد‌و درشتی جنێو شیبكه‌مه‌وه‌و بچمه بنجوبناوانی و پێشنیاری زانستی بخه‌مه‌ڕوو. به‌ڵام وه‌ك هه‌ر كه‌سێك تێده‌گه‌م له‌وه‌ی ژه‌هرێك له‌نێوماڵی هه‌موومانه، كه به‌ها باڵاكان، ئاكاری به‌رزو جوامێرانه‌ی نه‌وه‌كانمان ده‌كات به‌ژێره‌و ئۆكسجینی زیاتر بۆ نزمه‌خوود و پوچییه‌ت دابینده‌كات.
بیهێنه پێش چاوی خۆت، كێ له ئێمه ئاماده‌یه به‌نێو بازاڕدا رێبكات و به‌ده‌م رێوه جنێوبدات، له زانكۆ به‌ده‌م پیاسه‌كردنه‌وه جنێوبدات، یاخود له قوتابخانه یان شوێنێكی دیكه له‌ناو خه‌ڵك جنێو بدات؟ بێگومان له‌بارێكی ئاسایی‌دا كه‌سمان ئاماده‌ی كارێكی له‌وجۆره‌نین، پێمان وایه كه‌سایه‌تیمان له‌كه‌دار ده‌بێت. به‌ڵام جیاوازی چییه كه له‌باری ئاسایی‌دا له فه‌یسبووك و تۆڕه‌كانی دیكه شێوازی جۆراوجۆری جنێو تاقیده‌كه‌ینه‌وه‌و پیسترین جنێو وه‌ك مۆر بۆلای سه‌رمانه‌وه نوسراوه، كه جنێو به خوشك یاخود دایك یان باوك یاخود هه‌ركه‌سێكی كه ده‌ده‌یت، جنێوه‌كه‌ت له‌گه‌ڵ وێنه‌كه‌ی خۆت هه‌ڵواسراوه به دیواری په‌یجێكه‌وه كه هه‌زاران كه‌س بینیویه‌تی، وێنه‌ی پرۆفایله‌كه‌شمان زۆرجار دایكمان یاخود باوكمان یاخود یه‌كێك له‌و كه‌س و شتانه‌یه كه لامان پیرۆز‌و جوان و خۆشه‌ویسته.
نیگه‌رانی گه‌وره ئه‌وه‌یه، ئه‌و نه‌وه‌ی ئێستا پێده‌گات نه‌وه‌یه‌ك نییه له حوجره، یان قوتابخانه، یاخود كتێبخانه، یاخود له یانه‌یه‌كی رۆشنبیری و فكری یاخود له زانكۆ چاوبكاته‌وه‌و ئیلهام وه‌ربگرێت، به‌ڵكو له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه به كۆمه‌ڵگه ئاشناده‌بێت و له‌وێوه خه‌ڵك ده‌بینێت و چاو هه‌ڵدێنێت، كلیك له‌سه‌ر پۆستێك ده‌کات لیستێكی هه‌زار به‌هه‌زار جنێوی دێته به‌رچاو. سه‌رسامده‌بێت به‌و پاڵه‌وانانه‌ی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هه‌ن، رۆژانه ئه‌و لایڤانه‌ی به‌رچاوده‌كه‌وێت كه‌پیاوێك یاخود ژنێكی ٤٠ ساڵ دانیشتووه ئه‌نواع و ئه‌شكاڵ جنێو به‌م و به‌و ده‌دات و به خراپترین و ناشیاوترین شێوه ناوی كه‌سانی دیكه ده‌هێنێت. ئه‌گه‌ر ئه‌م نه‌وه‌یه له ژینگه‌یه‌كی ئاواوه پێبگات كه زۆربه‌یان كاتێكی زیاد له حه‌د له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانن، ده‌بێت له داهاتوو چه‌نده له‌خه‌می به‌ها باڵاكانی كۆمه‌ڵ و ئاكارو خوڕه‌وشتی جوان و چاكه‌كاری و رێزگرتن و خۆشویستن و پاكێتی بێت؟ به ده‌م و ده‌ستی خۆمان، بیركردنه‌وه‌یان خه‌وشدار ده‌كه‌ین و نموونه ناشیرینه‌كانیان ده‌رخوارد ده‌ده‌ین.
ئه‌گه‌ر تۆ باوكی یاخود دایك، نمونه‌ی باڵای منداڵه‌كه‌تی، چۆن رێگه‌ده‌ده‌ی نموونه‌یه‌كی له‌م جۆره‌بێت بۆی، ئه‌ویش جنێوه‌كه ده‌بینێت و ده‌یخوێنێته‌وه. ئه‌گه‌ر خاڵی، مامی، پوری ئه‌كته‌ری نموونه‌یی ژیانی برازا‌و خوشكه‌زاكانتی، ئه‌گه‌ر مامۆستایت، خوێندكاره‌كان خوو و ره‌وشتی تۆ به خاڵ و پیته‌وه وه‌رده‌گرن، ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌ی، پزیشكی، كاسبی، وه‌رزشكاری، عه‌وداڵی ئه‌وه‌ی ببیته نمونه‌یه‌كی جوان بۆ باسكردن و شانازیپێوه‌كردن. به‌ڵام جنێوه‌كانت له كۆنه‌ستی دۆست و ناسراوه‌كانت ده‌چه‌سپێت. خۆی ئه‌گه‌ر قه‌ده‌ریش ژیانت لێ بسێنێته‌وه كێ له ئێمه حه‌زده‌كات دوای خۆمان ریزێك جنێو جێبهێڵێت به‌ناوو ره‌سمی خۆمانه‌وه. به‌ڵام جنێوه‌كه‌ت جێ ده‌مێنێ و ده‌یان ساڵ ده‌مێنێته‌وه.
گرفتی گه‌وره‌ی كه‌سی جنێوده‌ر ئه‌وه‌یه توانای نییه له‌دید و تێڕوانینی ئه‌وانی دیكه‌وه، بابه‌ته‌كه ببینێت، جنێوده‌ر ته‌نها له روئیا‌و بیركردنه‌وه‌ی خۆی و له‌سه‌ر كورسی و له‌په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌كه‌ی خۆیه‌وه بۆ دونیار ده‌ڕوانێت و وێنه بۆ چه‌مك و رووداوه‌كان ده‌كێشێت، خۆی ماندوو ناكات به‌قوڵبوونه‌وه‌و وردبوونه‌وه‌و له‌سه‌ر وه‌ستانی زیاتری بابه‌ته‌كان. بۆیه‌ش باكی نییه جنێوه‌كه‌ی چ لێكه‌وته‌یه‌كی ده‌بێت، كێ بریندارده‌كات و بیری كێ تێكده‌دات، خێزانێك بریندار ده‌كات، یاخود بنه‌ماڵه‌یه‌ك یاخود شوێنکەوتووانی دینێك یاخود شارێك نیگه‌ران ده‌كات، یاخود دڵی باوكێك دایكێكی به‌ته‌مه‌ن ده‌شكێنێت. بیركردنه‌وه له‌هه‌ریه‌ك له‌مانه ره‌نگه پاڵنه‌ره‌كانی جنێو سفربكاته‌وه. جنێوده‌ر خۆی به تێگه‌یشتن یاخود چاوه‌ڕوانی یه‌كلابوونه‌وه‌ی بابه‌ته‌كانه‌وه ماندووناكات، بۆیه‌ش زۆركات پێشه‌كی جنێوی خۆی ره‌وانه ده‌كات.
زۆرینه‌ی خێزانه‌كان كاتێك منداڵیان ده‌گاته ته‌مه‌نی چوونه كۆڵان، حه‌زه‌ر ده‌كه‌ن له‌وه‌ی فێری جنێوببێت و به ئه‌سه‌فه‌وه باس له‌وه‌ده‌كه‌ن كه فێری جنێوێك بووه. به‌ڵام ئێستا نه‌وه‌یه‌ك بێ هه‌ستیاری و خه‌م، نه‌ك ده‌خرێته كۆڵانێكه‌وه به‌ڵكو ده‌خرێته نێو وڵاتێك له سۆشیال میدیا، سه‌دان شێوازی جنێو‌و قسه‌ی ناشیرینی ده‌رخوارد ده‌درێت. به‌منداڵی زۆربه‌ی جار له كۆڵانێك یاخود گه‌ره‌كێك منداڵێك دوانی جنێوده‌ر هه‌بوو، كه ده‌ناسران و ته‌نانه‌ت منداڵه‌كانی هاورێشیان په‌سه‌ندیان نه‌ده‌كردن. به‌ڵام ئێستا ته‌نها ئه‌و یه‌ك دوو منداڵه‌ی كۆڵان نین. پیاوو ژنی گه‌وره، مامۆستایی ئاینی، چالاكوان، رۆژنامه‌نوس، پارێزه‌ر، ئه‌ندزایار...هتد به‌شداری كه‌مپینه‌كانی جنێون.
زۆرینه‌ی جنێو په‌یوه‌ندی به رووداوه‌كانه‌وه هه‌یه كه كات ده‌یانكات به ژێره‌وه‌و له‌بیری كه‌سی جنێوده‌ر ده‌چنه‌وه، كه‌چی جنێوه‌كه باقی ده‌بێت، ئه‌گه‌ر دیلێتیش بكرێت له هزری ناسراوانی جنێوده‌ردا ده‌مێنێته‌وه. سه‌رنج له‌به‌شی كۆمێنتی زۆربه‌ی بابه‌ته‌كان بده‌یت، كه‌متر سه‌رنجێكی بابه‌تیی، ره‌خنه‌یه‌كی شیاو، یاخود گله‌ییه‌كی دۆستانه ده‌بینیت، كه‌متریش ده‌ستخۆشیی هه‌یه. له‌م رۆژانه‌ی دوایی سه‌رنجی دوو پۆستم دا كه له‌یه‌ك ماڵپه‌ڕو دانرابوون و نێوانیشیان زۆرنه‌بوون، دوو به‌رپرس دژ به‌یه‌ك قسه‌یان كردبوو سه‌باره‌ت به كه‌ركوك، هه‌ریه‌كه‌یان سه‌دان جنێوی بۆ هاتبوو، ئه‌وانه‌ی جنێویان به به‌رپرسی یه‌كه‌م دابوو ئاماده‌نه‌بووبوون ده‌ستخۆشی له به‌رپرسی دووه‌م بكه‌ن، كه به‌دڵی ئه‌وان قسه‌یكردبوو، ئه‌وانه‌شی جنێویان به به‌رپرسی دووه‌م دابوو ئاماده‌نه‌بوون به ده‌ستخۆشی پشتیوانی له‌به‌رپرسی یه‌كه‌م بكه‌ن. بۆچی هه‌مووان بۆ جنێو ئاماده‌بوون به‌ڵام بۆ ده‌ستخۆشی و ره‌خنه‌ی بابه‌تی نا؟
مرۆڤ به سروشتی خۆی مه‌یلی چوونی زیاتره به‌لای نزمه خودیدا، ئه‌م دۆخه بیانوو ده‌داته ده‌ست زۆرێك له كۆمه‌ڵگه زۆرتر نزمه‌خودی خۆیان به‌یان بكه‌ن و پشت له به‌رزه خود‌و به‌ها باڵاكانیان بكه‌ن. به‌و هه‌موو جنێوه‌ی رۆژانه دێته به‌رچاومان نموونه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ناشیرو پڕ له رقوكینه پیشان ئه‌ده‌ین، كۆمه‌ڵگه پڕئه‌كه‌ین له جنێو‌و رقلێبوونه‌وه‌و ده‌رونی خه‌ڵكیش به نموونه‌ی ناشیرین ده‌ئاخنین. له‌هه‌موو دۆخێك‌دا ره‌خنه‌و نیگه‌رانی و ئیدانه‌كردن و ره‌تكردنه‌وه‌و شه‌رمه‌زاركردن، به‌شێوازی بابه‌تی و دوور له جنێو و سوكایه‌تی ده‌گات وه‌ك له‌وه‌ی به جنێو. ئه‌گه‌ر توڕه‌ییمان بكه‌ینه بیانوو بۆ جنێو ئه‌وا له‌راستیدا وه‌ك ئه‌وه‌یه به مادده‌ی هۆشبه‌ر هه‌وڵی چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی و له‌بیركردنی ئازاربده‌ین. ئه‌گه‌رنا به جنێو ره‌وایی قه‌زێ ره‌واكه‌مان ون ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ریش هه‌ر بمانه‌وێت به جنێو به‌رگری له هه‌ر ئایدلۆژیایه‌كی تایبه‌ت بكه‌ین، ئه‌وا خۆمان له‌پیرۆزییه‌كانمان ده‌ده‌ین.
جنێو به‌م ساڵانه‌ی دوایی زۆر زیاتر بووه له‌ده‌ستپێكی گه‌یشتنی سۆشیال میدیا، هه‌ریه‌ك له‌ئێمه چۆن ئه‌گه‌ر بتڵێك ئاو له سه‌ر شه‌قام هه‌ڵبگرینه‌وه‌و بیخه‌ینه‌ی ته‌نه‌كه‌ی خۆڵ خزمه‌ت به ژینگه ده‌كه‌ین، ئاوه‌هاش به خۆدوورگرتن له جنێوده‌ر و دیواره‌كانی جنێو، له خۆبه‌دوورگرتن له‌ره‌وایه‌تیدان به‌جنێو و لایككردنی جنێو، ده‌توانین خزمه‌تێكی جوانی ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیمان و كورده‌واری و به‌ها باڵاكانمان بكه‌ین، هانده‌رو پاڵنه‌ریش بین بۆ خۆشویستن و رێزوچاكه‌كاری و خاڵیبوونه‌وه له‌رق و كینه.
په‌یسه‌ر پرێس