خزمەتكارانی ئایدۆلۆژیای حیزب (كۆمپانیای ریكلام بۆ وێرانكردنی یادەوریی و هونەر)
نه‌به‌ز گۆران

ئاوێزانبوونێكی تەواو لەنێوان هونەر و یادەوەریدا هەیە، لەشوێنێك هونەر دەبێت بەیادەوەری، لەشوێنێك یادەوەریی خۆی بە هونەرەوە گرێدەدات. هیچ مرۆڤێك نییە یادەوەرییەكانی خاڵی بن لە كردەیەكی هونەریی. بەڵام لە ئێستادا كۆمەڵێك كۆمپانیای تازەپیاهەڵكەوتوو بۆ ریكلام پەیدابوون، سەرقاڵی وێرانكردنی، هەم هونەرەكەن، هەم یادەوەرییەكە. لەم بەشەی وتارەكەمان لەسەر (سەرمایەداری سێبەری حیزب و، خزمەتكارەكانیان) لەسەر ئەو كۆمپانیا ریكلایمانە دەوەستین، لە ئاستێكی زۆر لاوازەوە، دەست بۆ هونەر و یادەوەریی مرۆڤ دەبەن و، دەیكەنە كەرەستەیەكی بازرگانی و، پاشان لەگەڵ كاڵاكەدا هونەر و یادەوەرییەكەش وێران دەكەن. ( زۆر لەسەر كۆپیكردنی كارەكانیان ناوەستین، چونكە ئەوە پێویستی بەكاتكوشتنێكی زۆر هەیە و، بەشێكی كارەكانیان جگە لە كۆپیكردنێك بێمانا هیچی دیكە نییە.)
نمونەی یەكەم لە كوشتنی هونەر و یادەوری.

( دیمەنی فلیمێكی نوێی وەك تایتانك، دەهێنرێت بە دوو ئەكتەری ناكۆمیدی، بەقەبارەی ناسروشت، دەكرێتە كەرەستەیەك بۆ ریكلامكردنی كاڵایەك بەشێوازێكی زۆر نزمی هونەریی، چ لە دیمەنەكە، چ لە "دایەلۆگ_حیوار" ی ناو ریكلامەكە.)

ئەم دیمەنە پێش هەمووشتێك، لەرووی هونەرییەوە، یەكێكە لە دیمەنە جوانەكانی ئەم دوایانەی سینەما. دەرهێنەری فیلمی تایتانك، لەرێگەی ئەم دیمەنەوە ویستی بە بینەربڵێت: خۆشەویستی خەیاڵفراوانییە، تایپێكە لەفرین. ئەشێت مرۆڤ لەشوێنێكدا بێت، لێ‌ خۆشەویستی دەتوانێت ئەو شوێنە بكاتە رووبەرێك بۆ بیركردنەوە لەفرین. پێش ئەم دیمەنە هەزاران فیلم كەشتی تێدابوو، كەچی ئەم فیلمە كەشتی لەماناكەی خۆی گۆری و، كردی بەشوێنی خۆشەویستی و جۆرێك لەفرینی خەیاڵ، هەر ئەم فیلمەبوو جارێكی تر خۆشەویستی گەراندەوە بۆناو سینەما، ئەویش بوو، لە دیمەنێكی فریندا بەسەر كەشتی دەریاوە، واتایەكی دیكەی بەفرینی خەیاڵ لە كاتی خۆشەویستیدا بە بینەر بەخشی. هونەری دیمەنەكەش لە فریندایە لە شوێنەوە بۆ دونیای خەیاڵ و، ئەوەی دنەی فرینەكە دەدات خۆشەویستییە. 

كەچی كۆمپانیایەكی ریكلامی دێت، یەكێك لەجوانترین دیمەنەكانی سینەما دەهێنێت دەیكاتە كەرەستەیەكی ریكلامی. جگەلەوەی تەواوی دیمەنەكە كۆپیكراوە (هەڵبەت كۆپییەك بەدیوە ناهونەرییەكەیدا) تەواوی دیمەنەكەش لەبەر چاوی بینەر وێران دەكات. نایەوێت ئەوەی لای بینەر بووە بەیادەوەری وەك خۆی لە ئاستە هونەرییەكەدا بمێنێتەوە، لەبری ئەوە دێت ئاستەكەی دادەبەزێنێت بۆ ئاستێكی ناهونەری، كۆپیكراو، پاشان خۆشەویستی نێوان دوومرۆڤەكە، لە خۆشویستنی یەكترییەوە، دەكات بۆ خۆشویستنی كاڵا و لەپێناو كاڵایەكدا خۆشەویستی دەكوژرێت و، دوو كارەكتەرەكەش یەكتری فریودەدەن و كاڵاكەیان بەلاوەگرنترە لە یەكتری!

ئەشێت لای بینەرێكی ئاسایی ئەمە دیمەنێكی ئاسایی بێت، بەڵام لەراستیدا هیچ ئاسایی نییە، نائاسایی بوونەكەی پەیوەندی بە سێ‌ كۆڵەكەوە هەیە:
یەكەم/ وێرانكردنی دیمەنێكی هونەری
دووهەم/ وێرانكردنی یادەوەری
سێهەم/ وێرانكردنی خۆشەویستی.

لە وێرانەی هونەریدا، ئەم جۆرە كۆمپانیا تازەپیاهەڵكەوتووانەی ریكلام، دەستێكی باڵایان هەیە بۆ بێماناكردن. باڵادەستییەكەیان گەیشتووتە شوێنێك، زۆر بێباكانە دەگەرێن بزانن چ دیمەنێك زۆر هونەرییە، دەیهێنن وێرانیدەكەن و دەیكەنە دیمەنێكی ئاست نزم بۆ ریكلامی كاڵایەك. خۆ دەكرا هەمان كۆمپانیا، مادام ئیشی كۆپیكردنە، دیمەنەكە لەئاستێكی هونەریدا كۆپی بكات. دەشكرا كەمێك شارەزایی خۆی لەكۆپیكردن پیشانبدات و، لەسەر وێرانكردنی هونەر خۆی نەژیێنێت.

لە وێرانەی یادەوەریدا، ئەو دیمەنەی دەبێتە یادەوەریی بینەر، تەنها ریكلامی كۆپی دەتوانێت هەمان دیمەن بیكوژێت. یانی : كاتێك هەردوو ئەكتەری ناو فیلمی (تایتانك) وەك دوو ئەكتەری جوان، لەناو یادەوەریتدا ماونەتەوە، لەسەر لوتكەی كەشتییەك خەریكی فرینن، ئەم مانەوەیە لە یادەوەریت كاتێك وێراندەبێت، دەبینی هەمان دیمەن بە دوو ئەكتەری ناكۆمیدی، نا سروشتی، دەبێتە ریكلامی كاڵایەك و، تەواوی یادەوەرییەكەت تارومار دەدات. بەجۆرێك یادەوەرییەكەت خاپوردەكات، هەرچەند دەتەوێت دیمەنە راستەقینەكە بێتەوە ناو یادەوەریت ناتوانیت، لەبری ئەوە دیمەنە كۆپیكراوە ئاست نزمەكەی ریكلام شوێنی ئەوی تر دەگرێتەوە. كوشتنی یادەوەریی لە كاری هونەریدا هەر ئەمەیە كە ئەم جۆرە كۆمپانیا تازە پیاهەلكەوتووانە دەیكەن.

لە كوشتنی خۆشەویستیدا، ریكلامەكە ناشیرنترین جۆر پیشانی بینەر دەدات. ئەو (دایەلۆگ_حیوار)رانەی، لەنێوان دیمەنە هونەرییە راستەقینەكەدا هەن، (دایەلۆگ_حیوار)ی دوو كەسن یەكتریان خۆشدەوێت و، تەلاش دەكەن لەپێناو خۆشویستنی یەكتریدا، ژیانی خۆیان بۆیەكتر بكەنە قوربانی. وەك مرۆڤ دەیانەوێت لەرێگەی (دایەلۆگ_حیوار)ەوە خۆشەویستی بەیەكتری و بە بینەریش بگەیەنن. لێ‌، لە ریكلامەكەدا ئەم خۆشەویستییە بۆ مرۆڤ نامێنێت و، دەگوازرێتەوە بۆ كاڵایەكی بێكەڵك! 

سەیركەن... ئەم جۆرە ریكلامانە تەنها بێحورمەتی بە هونەر و یادەوەری ناكەن، بێحورمەتیش بە جوانترین شتی مرۆڤ دەكەن، كە خۆشەویستییە. لەپێناو دەستكەوتێكی بچوكدا، زۆر بێرەحمانە هەموو ئەو شتە جوانانە وێراندەكەن، كە بۆ مرۆڤ پێویستن. مەترسی ئەم جۆرە ریكلامانە، لەوەدایە كە دەبنە خزمەتكاری ئایدۆلۆژیا. ئایدۆلۆژیاییەك كەسەكان والێدەكات، لە پێناو بەدەست هێنانی كاڵایەك یاریی بە خۆشەویستی بكات و، خۆشەویستەكەی بخاتە ناو دەریایەك، بە مەرجێك كاڵاكەی دەست بكەوێت! كاتێكیش دەبینین مرۆڤ لەرێگەی ریكلامەوە گەیشتووەتە چ ئاستێكی وێرانبوون، پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بكەین. من لەوە تێدەگەم ئەم جۆرە كۆمپانیایانە ئاستی خوێندنەوەیان بۆ دیمەنی هونەری، یادەوەری، (دایەلۆگ_حیوار) زۆر لاوازە. بەڵام لەوە تێناگەم، بۆچی میدیا لەپێناو بەدەستهێنانی (پارە) رێگە بەخۆی دەدات ئەم ریكلامانە بڵاوبكرێنەوە و، سانسۆرێك ناخاتە سەر ئەم ئاستە نزمەی ریكلام.

كە بە خزمەتكارانی حیزب، سێبەری حیزب ناویان دەهێنین، مەبەستەكە ئەوەیە، خزمەتی هەمان ئایدۆلۆژیا دەكەن مانا بۆ شتە جوانەكان ناهێڵتەوە. خزمەتی هەمان سیستەم دەكەن، دەیەوێت مرۆڤ بكاتە كەرەستەیەكی ئاراستەكرا و، تەواوی ماهییەتی خاڵی بكاتەوە لە جوانی. نمونەی ریكلامی لەوجۆرەی باسمانكرد، یەكێكە لەو هەزاران نمونەیەی كە بەردەوام خەریكی وێرانەن. (مەولانا) وتەنی: (ئەوەی وێرانە دروستدەكات، دەبێت وێران بكرێت.) ئەمانەش چونكە وێرانە دروستدەكەن، پێویستە زۆر بێرەحمانە رەخنەیان لێبگیرێت تا وێران بكرێن و، دەست لەو بەدكارییە هەڵگرن لە پێناو (پارە) دەستیانداوەتێ‌. (من نازانم لەروی یاساییەوە مافی كۆپیكردن سزاكەی چەندە، بەڵام ئەزانم گەر یاسا هەبێت ئەم كۆپیكردنە لاوازە، باجی زۆری لەسەرە.)

نەبەز گۆران
- تێبینی: دەستیانداوەتە بێماناكردنی هونەرمەندە جوانەكانی دونیا. گەر قسە لەسەر ئەو بێماناكردنەش نەكرێت، دوورنییە بكەونە وێزەی ئەوانەی كوردیش.

AM:02:51:10/04/2017