ساڵێک دوای سوێند خواردنی پەرلەمان
ئاشنا عەبدوڵڵا
ئەمڕۆ ساڵێک تێپەڕی بەسەر یەکەمین دانیشتنی خولی پێنجەمی پەڕلەمانی کوردستان و هەروەها پەرلەمان لە (۱٠ / ۷ / ۲٠۱۹)،بەپێی ئەو ڕێکەوتنە سیاسییەی لیستە براوەکانی هەڵبژاردنەکانی کوردستان لەسەری ڕێکەوتبوون، متمانەی بەخشییە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
وەک ئەندامێکی پەڕلەمانی کوردستان بەگرنگی دەزانم چەند خاڵێک لەسەر ئەدای پەرلەمان و حکومەت لەدوای دەستبەکاربونیان بخەمە ڕوو، بەتایبەت لەم هەلومەرجە سیاسییە دژوارەدا کە عێراقی پێداتێپەڕدەبێت.
پێویستە بە جدییەتەوە کار بکرێت بۆ چاکسازیکردن و جێبەجێکردنی بەڵێنەکان کەلەکارنامەی حکومەتدا هاتوون لەپێناو سەقامگیری و پاراستنی هەرێمی کوردستان و دەسکەوتەکانی.
ئەرکی پەرلەمانی کوردستان یاسادانان و چاودێری کردن و پەسەندکردنی بودجەیە.
۱.پەیوەست بە یاسادانان ئەگەر بەراوردی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بکەین بەخولی چوارەم کەمترین یاسا دەرچوە کە لە پێناو بەرژەوەندی گشتیدا بێت و یاسای چاکسازی هەتاوەکو ئێستا نەهاتۆتە پەرلەمانی کوردستان.
۲.پەیوەست بە چاودێری کردن کەمترین وەڵامی پرسیار و بەدواداچونەکانمان دەدرێتەوە چ لەسەر ئاستی لیژنە هەمیشەییەکان و چ لەسەر ئاستی ئەندامانی پەرلەمان.
۳.پەیوەست بە پەسەندکردنی بودجە بەپێی ماددەی ۹٨ بڕگەی یەکەمی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، دەبێت سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی هەمووساڵێک پڕۆژەی بودجە بێت بۆ گفتوگۆ و موناقەشە و نەهاتوە.
هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی کاری ئەم چەند مانگەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
۱.سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە دوای دەسبەکاربونیەوە نەهاتۆتە پەرلەمانی کوردستان.
۲.کەمترین وەزیر هاتۆتە پەرلەمانی کوردستان و سەردانی لیژنە تایبەتمەندەکانیان کردووە.
۳.وادەی یاسایی هەریەک لە دەستەی دەستپاکی و داواکاری گشتی و چاودێری دارایی و مافی مرۆڤ تەواو بوە.
ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە کە حکومەتی هەرێم بەرهەمی گفتوگۆو ڕێکەوتنی لایەنەکانەو پێویستە حکومەت ڕێکەوتنە سیاسییەکان، کە لەدوای چەندین گەڕی دانیشتن و گفتوگۆ لەچوارچێوەی یاساکانداھاتووەتە ئاراوە، جێبەجێ بکات. جێبەجێکردنی ئەم ڕێکەوتنانەش متمانە لەنێوان لایەنەکاندا پتەو دەکات و وادەکات کاروباری حکومەت لەسەر بنەما دروستەکە بڕوات بەڕێوە کە ئەمەش لەبەرژەوەندیی خەڵکی کوردستاندایە.