سڵاو و رێز بۆچی و بۆ کێ؟
هاوژین زیبا

وەک چۆن لە بەکار هێنانی باودا وشەی (پیاو) بۆ مرۆڤ بە گشتی بەکار دەهێندرێت، لەهەمان کاتتدا (ژن) بە تەنها نوێنەری لایەنی نەرێنی ژیانە، کە بە گوێرەی پێوەری سنوردارو نەریتیانەوە پێناسە دەكرێت.
لە میانەی باسێکی وەهادا ، گەر چاوێک لە پێوەرەکانی پیاوبوون و ژن بوون بکەین چی دەبینین؟


سەرەتا سڵاو کردن
لە كلتوری كوردەواری سیستەمی کۆمەڵایەتی ئێمەدا سڵاوكردن بۆ نیشاندانی خۆش ویستن و رێزگرتن لە کەسی بەرامبەرە، هەندێكجار لە نێوان دوو مرۆڤیشدا كاتێك ناخۆشی روودەدات هەردوولا یاخود یەكێكیان كە زیاتر پابەندی كلتور و بەها كۆمەڵایەتیەكانە داوا دەكات سڵاو لەنێوانیاندا هەر بەردەوام بێت و بمێنێت، دیارە ئەم نەریتەش لە پەروەردەی خێزان و ژینگەی دەوروبەرو خوێندنگاكانمانەوە فێر دەكرێین و سڵاو نەكردن بە عەیبە و بێ رێزی نواندن بە بەرامبەرمان لێكدانەوەی بۆ دەكرێت.


لە نێوان پیاواندا سڵاوكردن گرنگی تایبەتی هەیەو بە یەكێك لە خاڵە بنەرەتیەکانی دروستبوونی كەسایەتی (پیاو)بوون دادەندرێت، ئەم سڵاوکردنە لەنێوان پیاواندا گرێ دراوی ناسین و نە ناسینی بەرامبەرەكەی نییە بەجۆرێك پیاوێك گەر پیاوێكی دیكەش نەناسێ لە سەر رێگاكەی بێت، یان لە شوێنێكی گشتیدا بێت یاخود لە ناو ئۆتۆمۆبیلدا بێت، لە هەر جێیەك بێت لەگەڵ ناسیاوێكیدا بێت، یاخود هاورێیەكیدا سڵاو لەگەڵ یەكتری دەكەن وهەندێکجار تەوقەش دەكەن، بەڵام ئەم سڵاوە و رێزگرتن و خۆشەویستی نیشاندانە، ئەم نەریتە كۆمەڵایەتیە گرنگە کە خاڵی بەهێزەی دروستبوونی كەسایەتیە لە ناو كۆمەڵگای کلتوریدا، لە ناو رەگەزی ژناندا دیاردەیەکی لاوازە وهەندێكجار بەداخەوە هەربوونی نیە.. ژن ژنێك نەناسێ سڵاوی لێناكات، گەر ژنێك لەگەل پیاوێك دا بێت پیاوەكە لە بری ژنەكەش سڵاو دەكات، هەندێکجار چەند پیاوێك و ژنێك لە جێیەكی گشتیدا دانیشتبن ژنێك كە هاورێی یەكێك لە پیاوەكان بێت دێت و سڵاو لە هەمووان دەكات بێجگە لە ژنەكە.
لە لای خوێندەوارو نەخوێندەواردا لە ناو هۆشیارو نا هۆشیاردا ئەم دیاردەیە بوونی هەیە ناتوانین بڵێن هەمووان بەو شێوەیەن، بەڵام بەداخەوە زۆرینە بەم شێوەیەین.


ژن ژن نابینێ، بە شیاوی سڵاوێكی نازانێ، لەناو دانیشتنی خێزانیدا ژنان وەڵامی سڵاوی ژن وەك پێویست نادەنەوە، گەر دانیشتنێك هەمووان ژن بن بە هاتنی ژنێكی دیكە بۆ ناو دانیشتنەكە و سڵاو كردنی میوان زۆر بە كەمی ئەبیندرێ لەبەریەكتری هەڵسن، لەكاتێكا گەر بۆ هەمان دانیشتن كە سەرجەمیان ژنن پیاوێك بێت لەبەری هەڵدەستین و رێزی خۆیان نیشان دەدەین بەوەی لەلای سەرەوە دابنیشێت (پیاوەکە)، گەر ئەمە كارێكی پێویستە و رێز گرنێكی پێویستە بۆچی لەناو ژناندا نییە؟!


ئەگەر بێنین و هەمان نمونە بۆ پیاوان بهێنینەوە دانیشتنێك پیاوان بن و پیاوێكی تر بێتە لایان، هەركام لەوپیاوانەی دانیشتووە هەڵدەستێ لەبەری و بە جۆرێك رێزو پیاوبوونی خۆی دەنوێنێ بەرامبەر بە میوانی تازە هاتوو، بەڵام ئەم دانیشتنە ژنێك ببێت بۆ لایان پیاوان زەحمەت بە خۆیان نادەن لە جێی خۆیان بجوڵێن، نەك هەڵسان و بەخێرهاتنێكی شایستەی بكەن!


ئەمانە هەمووی لە بەر ئەوەیەکە کۆمەڵگای ئێمە هاوشێوەی شارستانانییەتە مێژوووییەکان پیاوسالارە، بە چاوخشانێک بە هێزی سەربازی، پیشەسازی، تەکنەلۆژیا، زانکۆکان، زانستەکان،سیاسەت و بازرگانی و بەگستی هەموو سەرچاوەکانی دەسەڵات لەکۆمەڵگادا لەژێردەسەڵاتی پیاواندایە.


بەها کۆمەڵایەتیەکان لەناوسیستەمی پیاوسالارنەی کوردیدا بەمشێوەیە بەردەوامی بە خۆیدەدات، نەوە بۆ نەوە لە رێگەی پەروەردەو دەزگا کۆمەڵایەتیەکانەوە بۆی دەگوازرێتەوە، بەڵام ئایا کێن ئەوانەی ئەم چوارچێوەیە بۆ رێزو کەسایەتی خۆیان بە بچوک دەبینن و لێی دەردەچن و مرۆڤانە ویەکسانانە و دۆستانە مامەڵەدەکەن؟
راستی ئێمەی مرۆڤ دەبێت چۆن بێت؟
گەر ژنان بپرسن ئێمەی ژن بۆچی یەکتری نابینین؟ ناسین و نەناسین بۆچی هۆكاربێت بۆ زەردەخەنەیەک بۆ رێزگرتنمان بۆ خۆمان گەر ئەمەی ژنان خۆمان پەروەردە بكەین بە رێزگرتن و متمانە بوون بەرامبەر بەیەكدی، ئایا پیاوانیش فێرنابن بەوشێوەیەی شایستەمانە رێزمان بگرن و مامەڵەمان لەگەڵدا بکەن؟




سایتی‌ ئاشتی‌ و ئازادی‌ 
AM:03:20:25/01/2020