تۆلستۆی وای گوت
حەمەسەعید حەسەن


دز دزی لە دەوڵەمەند دەکات، دەوڵەت بە کۆمەکی دەوڵەمەند، دزی لە هەژاران دەکات. دز بۆ دزیکردن لە دەوڵەمەند، ژیانی خۆی دەخاتە مەترسییەوە، بەڵام دەوڵەت بەبێ ئەوەی بەرەو ڕووی مەترسی ببێتەوە، دزی لە هەژاران دەکات. دزەکان بۆ ئەوەی دزێکی نوێ پێوەندییان پێوە بکات، زەبروزەنگ بەکار ناهێنن، بەڵام دەوڵەت لەڕێی بەکارهێنانی زەبروزەنگەوە، سەرباز کۆ دەکاتەوە و لەشکر بۆ بەرەی شەڕ دەنێرێت. دزەکان دەستکەوت بە شێوەیەکی یەکسان لەنێوان خۆیاندا دابەش دەکەن، بەڵام لای دەوڵەت، بەشی شێری دەستکەوت، بۆ ئەوانەیە زۆرترین کەسیان فریو دابێت. دز هیچ ڕۆڵێکی لە بە لاڕێدا بردنی خەڵکدا نییە، بەڵام دەوڵەت هۆشیارانە، نەوەکان بەلاڕێدا دەبات و بە ڕێنماییی ئایینی و نیشتمانیی ساختە گۆشیان دەکات. کام دز زۆر دڵڕەق و توندوتیژ بووە، بە بەراورد لەگەڵ (ئیڤانی ترسناک)ی قەیسەری ڕووسیادا، کەسێکی دلۆڤان بووە.

مۆنتیسکۆ: ئەوی خاوەنی تیۆریی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانە لە یەکتری، دەڵێت: (مایەی سەرسوڕمانە، وەک چۆن پاشا پێی وایە، هەموو شتێک موڵکی خۆیەتی، میللەتیش پێی وایە خاوەنی هیچ نییە.) دەوڵەت کە لەسەر بناغەی زەبروزەرنگ پێک دەهێنرێت، ناتوانێت کۆتایی بە ژیانی خەڵک بهێنێت، بەڵام پێی دەکرێت، تۆوی دووبەرەکی لەنێوانیاندا بچێنێت. دەوڵەت هەوڵ دەدات ئەو هێزەی هاووەڵاتییان شکی دەبەن، لەدژی یەکتری بەکاری بهێنن.

هەموو ڕژێمێکی فەرمانڕەوا، لەلایەن خەڵکانێکی چەکدارەوە داکۆکیی لێ دەکرێت. ئەو چەکدارانە بە زەبری هێز، ویستی ڕژێمی فەرمانڕەوا بەسەر میللەتدا دەسەپێنن و بۆ جێبەجێکردنی خواستی فەرمانڕەوا، سڵ لە کوشتنی هاووەڵاتییان ناکەنەوە. هێزە چەکدارەکان بێجگە لە چەند تاقمێکی ڕێکخراوی بکوژ، هیچی دیکە نین. ڕاهێنان و پەروەردەکردنی سەرباز، بریتییە لەوەی فێری کوشتوبڕ بکرێت. سوپا گرنگترین دەزگەی دەوڵەتە و هەمیشە دەسەڵات لای ئەوانەیە، سوپایان لە پشتە، ئەوە بۆیە سوپا ئەوەندە جێی بایەخی فەرمانڕەوایانە. ئەوە ڕاست نییە کە دەڵێن: لەشکر بۆ ئەوەیە نیشتمان لە پەلاماری دەرەکی بپارێزێت، ڕاستییەکەی ئەرکی یەکەمی لەشکر، پاراستنی دەسەڵاتدارانە لە هەورەبروسکەی غەزەبی میللەت.

هێشتا دانیشتووانی زەوی، ناچار دەکرێن پەلاماری یەکتری بدەن، هێشتا فەرمانڕەوایان ئەم گەل بە گژ ئەو گەلدا دەکەنەوە، هێشتا میللەتان وەک مێگەل بەرەو قەسابخانە بەڕێ دەکرێن، وەک ژیانی هەر ئینسانێک، موڵکی تایبەتیی خۆی نەبێت! بازرگانانی جەنگ، ئەوانەی لاورگەن بەسەر خوێنی گەلانەوە، ژیانیان بە کوشتوبڕەوە بەندە، کێشەکە ئەوەیە هێشتا ئەوانە خاوەنی بڕیارن. بەهۆی جەنگەوە، قەرزێکی زۆر لەسەر وەڵاتان کەڵەکە بووە، ئاخر سێیەکی داهاتی وەڵاتان، لەشکر و جەنگ دەیبەن. ئەگەر دەوڵەت نەبووایە، نە جەنگ هەڵدەگیرسا، نە داهاتی گەلان بەفیڕۆ دەچوو.

پاسکاڵ دەڵێت: (هیچ کێشەیەکم لەگەڵ تۆدا نییە، بۆیە ئەوە ئەوپەڕی گەوجایەتییە، تەنیا لەبەر ئەوەی خەڵکی ئەوبەری ڕووبارەکەم و دەوڵەتەکەم کێشەی لەگەڵ دەوڵەتەکەتدا هەیە، کوشتنی من بە مافی ڕەوای خۆت بزانیت.) زۆرن ئەوانەی دژی جەنگ و زەبروزەنگن، بەڵام خۆیان بەشداریی لە جەنگدا دەکەن و سڵ لە بەکارهێنانی زەبروزەنگیش ناکەنەوە! ئینسانێک ویژدانی زیندوو بێت، ئاکاریشی جوان دەبێت و بەشداریی لە کاری خراپدا ناکات؛ بەرلەوەی پارچە گۆشتێک بخوات، دەبێت بزانێت، ئەوە پارچەیەکە لە گۆشتی ئاژەڵێکی کوژراو. ئینسانێک کە چەک دروست دەکات، دەبێت بزانێت، بۆیە مووچە وەردەگرێت، چونکە ئامادەسازی بۆ جەنگ دەکات. دزێوترین تاوان ئەوە نییە کە ناوبەناو دەکرێت، ئەوەیە کە بەردەوام دەکرێت و بە تاوان لە قەڵەم نادرێت.

دەوڵەت پیرۆز نییە، شێوەیەکە لە شێوەکانی کۆمەڵی مرۆڤایەتی کە لە ڕابردوودا سەری هەڵداوە و هیچی تر. ڕەنگە لە ڕابردوودا دەوڵەت، بۆ کۆمەڵ پێویست بووبێت و بۆ هەندێک کۆمەڵ هێشتا هەر پێویست بێت، بەڵام نابێت مرۆڤایەتی لەوە بێ ئاگا بێت، دەوڵەت: سیستمێکی کۆمەڵایەتییە بە زەبروزەنگ بەڕێوە دەچێت و لێ ناگەڕێت، ئینسان بە ئاشتی بژی. ئەگەر ئینسان دەرکی بەو ڕاستییە کرد، سیستمێکی کۆمەڵایەتی پێک دەهێنێت، پشتی بە زەبروزەنگ قایم نەبێت. ئەو سیستمە کە حەوجەی بە زەبروزەنگ نابێت، وەختێک دێتە ئاراوە کە ئینسان وەک ناخ، ئەوەندە گەشەی کردبێت، بەشداریی لە هیچ کردەوەیەکی توندوتیژدا نەکات.

وەک چۆن ئینسان لە قۆناغێکی تەمەنەوە بۆ قۆناغێکی دیکە دەچێت، ژیانی مرۆڤایەتییش هەر بە هەمان شێوەیە. ئینسان کە قۆناغی منداڵی بەجێ دەهێڵێت و پێ دەنێتە قۆناغی هەرزەکارییەوە، ناتوانێت بە هەمان شێوەی قۆناغی منداڵی بژی، مرۆڤایەتییش وایە، لە قۆناغێکدا گیر ناخوات، بۆیە وەختی ئەوە هاتووە، مرۆڤایەتی وەک ئینسانگەلی پێگەییشتوو بژی. باکۆنین دەڵێت: (ئەو گۆڕانکارییەی کە خەریکە بەسەر مرۆڤایەتیدا دێت، گواستنەوەیە لە قۆناغی ئاژەڵییەوە بۆ قۆناغی ئینسانی، ئەو گۆڕانکارییە ڕوو نادات، ئیللا بە غیابی دەوڵەت نەبێت.) دەوڵەت دەزگەیەکی کاتەکییە لەناو دەچێت، وەک چۆن سەردەمی شمشێر بەسەرچوو. یاساکان ئینسان چاکتر ناکەن، خراپتری دەکەن. سەرەتا یاساگەلێک دادەهێنین کە تاوانکاران بەرهەم دەهێنن، دواتر یاساگەلێک دادەڕێژین کە سزا بۆ تاوان دیاری دەکەن.

ئەو خەڵکە پێیان وایە، کەسێک دەتوانێت هەموویان بجووڵێنێت و کاروباریان ڕێک بخات، دواتر ئەو گوریسەی هەموویانی پێ بەستووەتەوە، بداتە دەست کەسێکی دیکە! خەڵکی وا بە هەڵە پێیان وایە، لە سایەی دەوڵەتدا بە ئازادی دەژین، ڕاستییەکەی وەکوو کۆیلە ژیان بەسەر دەبەن. لە هەر کوێ بژیت، کۆمەڵێک کەس کە لە تۆ باشتر نین، یاسات بۆ دادەڕێژن و لەبری تۆ بڕیار دەدەن، گوایە ژیانت ڕێک دەخەن. ئەو کۆمەڵە کەسە بڕیار دەدەن، تۆ چۆن دەژیت، چۆن خێزان پێک دەهێنێت و چیت بە میرات بۆ دەمێنێتەوە! ئەو کۆمەڵە کەسە دەست وەردەدەنە هەموو وردەکارییەکانی ژیانتەوە و لە هەموویشی خراپتر کە دەگەیتە تەمەنێکی دیاریکراو، دەتکەن بە سەرباز کە دژوارترین جۆری کۆیلایەتییە. ئەوەی قوڕەکەی زیاتر خەست کردووەتەوە، ئەو خەڵکە نەک هەر دەرک بەوە ناکەن کە کۆیلەن، بەڵکوو شانازیی پێوە دەکەن کە هاووەڵاتیی ئازادی فڵان دەوڵەتی مەزنن، وەک چۆن خزمەتکارێک شانازیی پێوە دەکات کە خزمەتی فڵان گەورەپیاو دەکات. بەر لەوەی هاووەڵاتی بین، پێویستە مرۆڤ بین، مرۆڤبوون مایەی شانازییە.

وەک چۆن مانگا و مەڕ و ئەسپ ناتوانن خزمەتی یەکتری بکەن، چونکە یەک سروشتیان هەیە، ئینسانگەلیش چونکە یەک سروشتیان هەیە، نابێت یەکێکیان چی بە دروست دەزانێت، ئەوانی دی ناچار بکات، ڕەچاوی بکەن. ئینسانگەل هەموویان کەسانی هۆشمەندی یەکسانن، تەنیا ئەوە دەتوانێت سەرکردایەتییان بکات کە لە ئینسان باڵاترە، هیچیش لە ئینسان باڵاتر نییە، ئەو ڕۆحە نەبێت کە لە ناخیدا دەژی و پێی دەڵێین: ویژدان، بۆیە ئینسان نابێت گوێڕایەڵی پاشا، پەرلەمان، ئەنجوومەنی پیران یان دادوەران بێت، پێویستە تەنیا گوێڕایەڵی ویژدانی بێت.

پروودۆن دەڵێت: (لە ماوەی سێ ساڵ و یەک مانگ و چوار ڕۆژدا، فەرەنسا ١١٦٠٠ یاسا و مەرسوومی دەکرد!) جیفەرسۆن کە یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ئەمریکا و سێیەمین سەرۆکیشی بووە، دەبێژێت: (هیندییە سوورەکان نە دەوڵەتیان هەبوو، نە یاسا، تەنیا گوێڕایەڵی نەریت و هاواری ویژدانی خۆیان دەبوون، ئەگەر یەکێکیان نەریت و ویژدانی پشتگوێ خستبا، دەریاندەکرد. ئەگەر تاوانێکی کوشتن ڕووی دابا، ئەوی زیانی پێگەییشتبوو، سزای بکوژەکەی دەدا، یان لێی خۆش دەبوو، بەڵام تاوان زۆر کەمتربوو لەوەی لەکن مە هەیە، هەرچەندە ئەو هەموو دەسەڵات و دادگە و زیندانەیشمان هەیە. پێم وایە تا یاسا زیاتر بێت، تاوان زۆرتر ڕوو دەدات. با لێ گەڕێین مێگەل خۆی بەڕێوە ببات، نەیدەینە دەست گورگ!) کۆمەڵگەی دروست عەقڵ بەڕێوەی دەبات و ئەندامانی ڕێساکان دادەڕێژن، بەڵام کۆمەڵگەی نادروست، دیلی دەستی یاساگەلێکن، کەس نازانێت، کێ دایڕشتوون.

ڕەنگە تۆ نە کەست ئەشکەنجە دابێت، نە کەست کوشتبێت، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە تۆ نە جەللادیت، نە پیاوکوژ، ئاخر بەشێک لە هاوڕێیەکانت هەم خەڵکیان ئەشکەنجە داوە و هەم خەڵکیان کوشتووە، ئاخر تۆ مووچە لەو دەوڵەتە وەردەگریت کە ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ ناگرێت، ئاخر تۆ مووچەیەک وەردەگریت کە سەرچاوەکەی پۆخڵە، یان هیچ نەبێت لە سەرچاوەکەی دڵنیا نیت، دەزانم لەبەردەم خەڵکدا لەسەر پاساو هێنانەوە پەکت ناکەوێت، بەڵام چی بە ویژدانت دەڵێیت؟ دەڵێن سیستمی دەوڵەت دادپەروەرە، چونکە بە زۆرینەی دەنگ دامەزراوە، بەڵام ئەوە ڕاست نییە، بە زۆرینەی دەنگ نا، بە زەبروزەنگ دامەزراوە، تەنانەت ئەگەر بە زۆرینەی دەنگیش دامەزرابێت، مانای ئەوە نییە دادپەروەرە. مەسەلەکە هەر ئەوە نییە، کەس مافی ئەوەی نییە، کاروباری ئەوانی دی ڕێک بخات، ئەوەیشە زۆرینەیش مافی ئەوەیان نییە، کاروباری تاك ڕێک بخەن.

ئەوە دادپەروەری نییە، ستەمکارییە، ئەگەر لەنێوان سەد کەسدا، یەکێکیان سەروەری نەوەد و نۆیەکەی تریان بێت. ئەوە دادپەروەری نییە، دە کەس، نەوەد کەس بخەنە ژێر هەژموونی خۆیانەوە، ئەوەیش ستەمکارییە و حوکمی کەمینەی: ئۆلیگارکی، پێ دەڵێن. تەنانەت ئەگەر ٥١ یەک کەسیش، بڕیار لەسەر ژیانی ٤٩ کەس بدەن، هەر دادپەروەری نییە، هەرچەندە ئەوە بە بناغەی ئازادی و دیموکراتی لە قەڵەم دەدرێت، ئاخر هیچ نەبێت لەبەر ئەوەی، لە ٥١ کەسەکە، بڕیار لەکن سێ چوارێکیانە. شوپنهاوەر دەڵێت: (دەوڵەت دڕندەیەکی سامناکە، دەبێت بە جۆرێک جڵەو بکرێت، تەنیا توانای خواردنی گیای هەبێت.) دەڵێن: دەوڵەت هەر هەبووە و هەر دەمێنێت. ڕاستییەکەی دەوڵەت هەمیشە نەبووە، کە ئێستایش هەیە، ئەمە بەو مانایە نییە کە تا ئەبەد هەر دەمێنێت.

دەوڵەتیش وەک دین وایە، ئاخر هەردووکیان ئینسان لە ترساندا گوێڕایەڵیان دەبێت، بەڵام وەک چۆن هەق نییە، بەبێ بیرکردنەوە دین پەسەند بکەین، هەر وایش کەسێک ڕێز لە شکۆی خۆی بگریت، نابێت بە ئامێرێک لە کارگەی دەوڵەتدا. پیاوانی دەوڵەت و پیاوانی ئایین، لەپێناوی قازانجی خۆیاندا، هاووەڵاتییان دەدەنە بەر ڕێژنەی ڕێنمایی، بۆیە هەق نییە بە چاوی ڕێزەوە سەیر بکرێن. ئایینداری ڕاستەقینە، نە پێویستی بە دەوڵەتە، نە گوێڕاڵی فەرمانی دەوڵەت دەبێت و نە بیر لە بەرژەوەندیی خۆی دەکاتەوە.

ئەمڕۆ دەژیم، ڕەنگە سبەی بۆ ئەو شوێنە بگەڕێمەوە کە لێوەی هاتبووم، تا بژیم خەڵکم خۆش دەوێت، تا خەڵکم خۆش بوێت، هەست بە ئاسوودەیی دەکەم. لەناکاو کەسانێک دێن و پێم دەڵێن: وەرە با بچین پەلامار بدەین، بکوژین و بدزین! منیش پێیان دەڵێم: لێم گەڕێن و جارێکی دیکە ئەو باسەم لەگەڵدا مەکەنەوە! ئەوانەی دەخوازن بۆ بەرەی جەنگم بنێرن، هیچیان لە من زیاتر نییە، ئیتر بۆچی گوێڕایەڵیان ببم؟ دووەمین فرەدریکی (١٧١٢ – ١٧٨٦) پاشای پرووسیا دەیگوت: (ئەگەر سەربازەکانم فێری بیرکردنەوە ببن، تاقە یەکێکیان لە سوپادا نامێنێتەوە.) ئەنارشیستەکان باشی بۆ چووبوون کە دەیانگوت: دەوڵەت بە زەبروزەنگ بەڕێوە دەچێت، بەڵام لەوەدا هەڵە بوون کە پێیان وابوو، ئەنارشیزم لەڕێی شۆڕشەوە بەدی دێت، ئاخر ئەنارشیزم تەنیا ئەو کاتە دێتە دی، کە خەڵک پێیان شەرم بێت، پیاوی دەوڵەت بن. ئەنارشیزم دژی ژیانی دامەزراوەیی نییە، دژی بە زەبروزەنگ ناچارکردنی خەڵکە.


- basnews
AM:05:21:17/05/2020