تۆلستۆی وای گوت
حەمەسەعید حەسەن


هەر زانیارییەک سوودی نەبێت، ناکەوێتە خانەی زانستەوە، یان زانست، زانیارییەکە دەکەوێتە خزمەتی ئینسانەوە. دەشێت زانستیش وەک باوەڕ فریودەر بێت، ئەگەر سەر لە خەڵک بشێوێنێت.

 کۆمەڵناسی: ئەگەر خەڵک بۆ ئەوە هان نەدات، ژیانیان بەرەو باشتر بگۆڕن، دەبێتە زانستێکی فریودەر. ئەوە هەڵەی خەڵکەکە نییە کە هەژارن، ئەوە زادەی یاسای نائینسانی و فریودەرە کە دزینی بەری ڕەنجی زۆرینە بە ڕەوا لە قەڵەم دەدات.
زانستێک هەیە تایبەتە بە یاسادانان، کە دەشێت ڕێ بۆ دڕندانەترین سزا خۆش بکات. ئامانجی ئینسان لە ژیاندا چییە؟ زانست وەڵامی ئەو پرسیارە ناداتەوە.

پاسکاڵ دەڵێت: (ئەوەندە زانیاری شک نابەین تا بە هۆیەوە لە جەستەی ئینسان تێبگەین. جەستە حەوجەی بە ڕووبەر، وەخت، بزاڤ، گەرمایی، خۆراک، خواردنەوە و هەوا و شتی تریش هەیە. لە سروشتیشدا شتەکان پێوەندییەکی هێندە پتەویان پێکەوە هەیە، بە جۆرێک تا شارەزای ئەمیان نەبین لەویان تێناگەین، تا هەموو نەناسین، بە بەش ئاشنا نابین، لە جەستە تێناگەین، تا نەزانین پێویستی بە چییە، بۆ ئەوەی لە هەموو ئەوانە تێبگەین، پێویستمان بەوەیە شارەزای گەردوون بین، گەردوونیش چونکە بێسنوورە ناتوانین لە هەمووی تێبگەین، کەواتە زەحمەتە بە تەواوی لە جەستەی خۆیشمان تێبگەین.)

شۆپنهاوەر دەبێژێت: (ئەوانەی شارەزای بوارێکی زانستیین و هیچ لە فەلسەفە نازانن، کەسانێکن توانایەکی مامناوەندییان هەیە، تەواو وەک ئەو کرێکارەی پارچەیەکی سەعاتەکە دروست دەکات و هیچ لەبارەی پارچەکانی دیکەیەوە نازانێت.)
 لە هەموو بوارێکدا، بە تایبەتی لە بواری زانستدا، ئەوە مایەی شەرمەزارییە، شتێک نەزانیت و خۆت وەها پیشان بدەیت کە دەیزانیت. توانای عەقڵ بۆ وەرگرتنی زانیاری سنووردارە، بۆیە هیچ مەرج نییە، تا زۆرتر بزانین، باشتر بێت، ئاخر زانینی شتگەلی ناپێویست، دەبێتە کۆسپ لەبەردەم فێربوونی شتگەلی پێویستدا.

 جۆن ڕاسکین دەڵێت: (عەقڵ بەوە بەهێز دەبێت، کە بە فێربوونی ئەو شتانەوە خەریک بین، پێویستمان پێیانە و جێگەی بایەخی ئێمەن. عەقڵ بە زانینی شتی پووچ، لاواز دەبێت، وەک چۆن جەستە بە خۆراکی خراپ، زیانی پێ دەگات.) ئەوە کێشە نییە کە شت نەزانیت، ئەوە کێشەیە شتگەلێک بزانیت کە پێویستت پێیان نییە، ئەوە کێشەیە لە پێناوی ستایشی خەڵکدا، بە فێربوونەوە سەرقاڵ بیت. لایەنێکی خراپی زۆر زانین ئەوەیە، ڕێ بۆ سەرهەڵدانی هەستی خۆ بە زل زانین تەخت و خۆش دەکات. لاوتسۆ دەڵێت: (نە زیرەکەکان لە زانا دەچن، نە زاناکان لە زیرەک.)

سوکرات دەیگوت: گەوجایەتی ئەوە نییە کەم بزانیت، ئەوەیە خۆت نەناسیت. ڕەنگە زۆر بزانیت و بە چەندان زمان قسە بکەیت، بەڵام کەڵکیان نابێت ئەگەر خۆت نەناسیت، ئەگەر نەزانیت بۆچی دەژیت و دەبێت چی بکەیت. ئەوانەی پێیان وایە، زانیاری هەموو شتێکە، لەو پەپوولانە دەچن کە خۆیان بە تیشکی مۆمەکەدا دەدەن، هەم خۆیان دەکوژن و هەم مۆمەکەیش دەکوژێننەوە. وەهم تەمەنی هێندە درێژ نییە، زوو لەبەردەم خۆری حەقیقەتدا دەتوێتەوە، بەڵام گومڕایی دەشێت سەدان و تەنانەت هەزاران ساڵیش، وەکوو مار لە گەردنی میللەتان بئاڵێت، ئاخر لەشکرێک لە فریوخواردووان داکۆکی لێ دەکەن و خۆیانی لەسەر بە کوشت دەدەن. گومڕایی چونکە پشتی بە ئایین پتەوە، زەبری کوشندە لە گەلانی دواکەوتوو دەوەشێنێت.

حیکمەت فێرمان دەکات مەبەست لە ژیان چییە و چاکەی ئینسان لە چیدایە. من کێم؟ دەبێت چۆن بژیم؟ ئەوە مەعریفەت نییە کە خۆی لە ورووژاندنی ئەو دوو پرسیارە دەدزێتەوە. ئینسان تەنیا بە زانست ناژی، ئاخر پێویستی بە مەعریفەتێکیش هەیە، ڕۆحی دەوڵەمەند بکات. سەرەتا کتێبە چاکەکان بخوێنەوە، ئەگەرنا دواتر وەختت نابێت بۆیان.

 کتێب نەخوێنیتەوە باشترە لەوەی باوەڕ بە ناوەڕۆکی هەموو کتێبێک بکەیت. دەشێت بەبێ خوێندنەوەیش کەسێکی زیرەک بیت، بەڵام ئەگەر باوەڕت بە ناوەڕۆکی هەموو نووسراوێک کرد، لە گەوج بەولاوە هیچی تر نیت. ئەو کتێبانە بخوێنەوە کە لە هەموو زەمانێکدا و لای هەموو گەلانی دونیا ناوبانگێکی چاکیان هەیە، ئاخر کەسایەتیی تۆ، زادەی ئەو کتێبانەیە کە دەیانخوێنیتەوە. وەک چۆن ئەوە کتێبە، هۆشت ئیفلیج دەکات، ئەوەیش هەر کتێبە لێ ناگەڕێت، چرای عەقڵت بکوژێتەوە.

هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە، سوود لە هەموو ئەو سەرئەنجامانە وەربگرێت کە عەقڵی مرۆڤایەتی پێیان گەییشتووە، بەڵام دوای ئەوەی دەیانداتە بەر تیشکی ئاوەزی خۆی. بۆ فێربوونی شتێکی تازە، لە سفرەوە دەست پێ بکە، لەبەر تیشکی زانیارییە کۆنەکاندا هەڵسەنگاندنی بۆ مەکە.

 چێرنیشیڤسکی دەیگوت: (ئەوەی لە خوێندنگە فێری دەبین، گەوجایەتییەکی دێرێنی بەبەردبووە، دەتوانین لە کتێب و لە هەوڵی ئازاد و لە ئەزموونی ژیانەوە فێری زانیاری ببین، لەوساوە چاپەمەنی گەشەی کردووە، ئەوەی لە قوتابخانەدا دەخوێندرێت، شتی بۆگەنکردووە. ئەوەی لە قوتابخانەدا دەخوێندرێت، وەڕسمان دەکات، ئاخر دەیان ساڵ هەمان شت دەگوترێتەوە.) گرنگ ئەوە نییە زۆر بخوێنیتەوە، ئەوە گرنگە چی دەخوێنیتەوە. ئەو نووسەرانەی کەم و پوختیان خوێندووەتەوە، زۆرترین خوێنەریان هەبووە.

ئینسان ئەگەر خۆنەویست بوو، تووشی گوناهـ نابێت، ئەگەر خاکەڕا بوو، بۆ سامان فریو ناخوات و ئەگەر شوێن حەقیقەت کەوتبوو، باوەڕ بە ئەفسانە ناکات. بۆ ئەوەی ئارەزووی جەستە جڵەو بکەین، بەسەر لووتبڵندیدا سەر بکەوین و ئەفسانە بدەینە بەر تیشکی عەقڵ، پێویستمان بە کۆششێکی زۆرە. تەنیا بەهۆی هۆشیارییەکی باڵاوە، لە گوناهـ و فریوخواردن و ئەفسانە قوتارمان دەبێت. هەرچەندە مەملکەتی خوا لێتەوە نزیکە، ئاخر لە ناخی خۆتدایە، بەڵام پێی ناگەیت، هەتا بەسەر گوناهـ و فریوخواردن و ئەفسانەدا زاڵ نەبیت.

هەرگیز ناتوانین پشوو بدەین، ئاخر ژیان زۆر لەو ئامانجەوە نزیکە کە هەمیشە هەوڵی بۆ دەدەین و ناتوانین پێی بگەین. هەموو مانای ژیان لەوەدا چڕ دەبێتەوە کە لە باشەوە بەرەو باشتر بڕۆین، ئەوەیش بەبێ کۆشش بەدی نایەت. وەک چۆن بەبێ کۆشش، هیچ دەستکەوتێکی ماددیمان نابێت، هەر وایش بەبێ کۆشش، هیچ دەستکەوتێکی ڕۆحیمان نابێت. توانا ئەوە نییە پارەیەکی زۆر خڕ بکەینەوە، یان بە لەشکرەوە پەلاماری ئەم یان ئەو وەڵات بدەین، توانا ئەوەیە، لە کەسێک خۆش ببین کە خراپەی لەگەڵدا کردووین، ئارەزوو جڵەو بکەین و هەمیشە ئەوەمان لە بیر بێت کە ڕۆحی خوا لە ناخماندا دەژی.

نە بڵێ: ئەو کارێکی دژوارە بە کەس ناکرێت، نە بڵێ: جا ئەوە چییە بە هەموو کەس دەکرێت. هەر کۆششێک بکەیت، ئەگەر ئامانجیش نەپێکیت، هەر کۆمەک بە بەهێزکردنی ڕۆحت دەکات. هیچ لەوە ئاسانتر نییە، خراپەکاری بکەیت، بەڵام هیچ کارێکی سوودبەخش، بەبێ کۆشش و ماندووبوون ناکرێت. ڕێی بەرەو چاکەکاری، ڕێیەکی سەختە، کەس نەیگوتووە، ڕێیەکی تەختی گوڵڕێژکراوە. ئەگەر خۆت بدەیت بە دەست ئارەزووی جەستەوە، ناتوانیت بۆ ڕۆح بژیت. ئینسان: کەسێکە لە سروشتی ئاژەڵئاسای خۆی قوتاری بووبێت و بۆ ڕۆحی بژی.

گۆڕانکاریی ڕاستەقینە ئەوە نییە، لە دەوروبەرت ڕوو دەدات، ئەوەیە لە ناختدا روو دەدات. ئەگەر ڕۆحت گۆڕانی بەسەردا بێت، ئیدی وەک ڕابردوو ناژیت، بە شێوازێکی نوێ دەژیت. سەرەکیترین ئیشی ئینسان ئەوەیە، ڕۆحی بە پاکژی ڕابگرێت. (کرمی ئاوریشم ئیش دەکات تا نەتوانێت بفڕێت، ئینسان ئەگەر ئیش بۆ ڕۆحی بکات، باڵی لێ دەڕوێت و توانای فڕین پەیدا دەکات.) لیسینگ دەڵێت: (حەقیقەت خۆی خۆشیبەخش نییە، ئەوەی خۆشیبەخشە، هەوڵدانە بۆ گەییشتن بە حەقیقەت.) یان دەکرێت بڵێین: هەوڵدان بۆ ئەوەی ببینە کەسێکی چاکەکار خۆشیبەخشە، نەک چاکەکاری، ئاخر کە بووینە کەسێکی چاکەکار، ئیدی چاکەکاری دەبێتە شێوازی ژیانی ڕۆژانەمان.

ئەگەر چاکەکاری وەک ڕۆتینێکی ژیانی ڕۆژانەمانی لێ هات، هێشتا دەبێت زیاتر هەوڵ بدەین، بۆ ئەوە نا، بگەینە ئەوپەڕی باڵایی، بۆ ئەوەی لێی نزیک ببینەوە. لەگەڵ هەموواندا چاکەکار و دلۆڤان بە، هەر لەگەڵ ئینساندا نا، لەگەڵ ئاژەڵیشدا، هەر کە خراپەیەکت لە دەست قەوما، دەستبەجێ بە توندی سەرزەنشتی خۆت بکە، بۆ ئەوەی بە تەواوی لەسەر چاکەکاری ڕابێیت، کە لەسەر چاکەکاری ڕاهاتیت، ئیدی پێویستت بەوە نامێنێت، لەدووی خۆشی بگەڕێیت.

هیچ شتێک هێندە ئینسان لاواز ناکات، وەک ئەوەی بخوازێت بەبێ هیچ ماندووبوونێک بگات بەوەی خەوی پێوە دەبینێت. وەک چۆن ئەگەر خواردنێکی خراپ ئامادە بکەیت، خوا ناچێت بیکات بە خواردنێکی چاک، هەر وایش تۆ ئەگەر کەسێکی خراپ بیت، بە هیوای ئەوە مەبە، خوا هەمان مامەڵەی کەسێکی چاکت لەگەڵدا بکات. ئەگەر بڵێیت: ناتوانم خۆم لە خراپەکاری بەدوور بگرم، وەک ئەوە وایە بڵێیت: من ئاژەڵم، ئینسان نیم. تۆ خۆت چارەنووسی خۆت دیاری دەکەیت، ئەگەر پۆخڵ بیت، کەس پاکت ناکاتەوە، ئەگەر پاکژ بیت، کەس ناتوانێت پیست بکات.

ئەگەر دەرکت بەوە کرد، سیستمی کۆمەڵایەتی پێویستی بە چاکسازییە، ئەرکی سەر شانی تۆ ئەوەیە خۆت چاک بکەیت. ڕاستە بە گوڵێک بەهار نایەت، بەڵام خونچەیەک کە وەختی کرانەوەی هات، دەکرێتەوە، خۆ چاوەڕێ ناکات، تا هەموو خونچەکانی دیکە دەکرێنەوە، ئەوسا بگەشێتەوە. وەک چۆن ئەگەر هیچ ئیشێک نەکەین، هەست بە خۆشیی پشوودان ناکەین، هەر وایش ئەگەر هەوڵ بۆ جوانترکردنی ژیان نەدەین، هەست بە جوانیی ژیان ناکەین. ئاژەڵ هەر چی پێویست بووە، سروشت پێی بەخشیوە، بەڵام ئینسان دەبێت خۆی پێویستییەکانی دابین بکات. ئینسان بە حیکمەتەوە لە دایک نابێت، دەبێت هەوڵێکی زۆری بۆ بدات.

لە سوکراتەوە تا مەسیح، لە مەسیحەوە تا ئێستا، خەڵکانێک هەن ژیانیان لە پێناوی حەقیقەتدا بەخت کردووە. ئەو گیانبەختکردووانە پێمان دەڵێن: ئێمەیش وەک ئێوە ژیانمان خۆش دەویست، بەڵام بۆ جێبەجیکردنی یاسای ژیان کە هەوڵدانە بۆ کۆتاییهێنان بە ستەم، دەبوو دەست لە ژیانی خۆمان هەڵبگرین. لە قابیلەوە تا بەدکارترین کەسی ئەم سەردەمە، هەموو ئەوانەی ڕێی خراپەکارییان هەڵبژاردووە، دەنگێک کە لە قوڵاییی ڕۆحیانەوە هەڵقوڵاوە و سەرکۆنەی کردوون، ئەو دەنگە بەردەوام پێی گوتوون: ئێوە کەسانێکی ئازاد بوون، دەتانتوانی ڕێی چاکەکاری بگرنە بەر.

- basnews


AM:04:10:30/05/2020